زەرورەتی هەبوونی سەكۆی ئازاد بۆ قوتابی

زەرورەتی هەبوونی سەكۆی ئازاد بۆ قوتابی

 

(ڕۆس بروت) گەورە بازرگانی ئەمریكی دەڵێ"كاتێك دەمەوێ تیمێك بنیات بنێم هەمیشە بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێم كەوا حەزیان بە سەركەوتنە، ئەگەر ئەو كەسانەم دەست نەكەوت، ئەوا بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێم كەوا ڕقیان لە دۆڕانە".
لەم وتەیەدا كە بڕوای زۆرم پێی هەیە هەموو ئەو كەسانەی كەوا حەز بە سەركەوتن دەكەن كەسانی پەڕۆش و ڕاستگۆ و بڕوایان بە خۆیان هەیە. لە هەمان كاتدا ڕق و قێز لە دۆڕان لەوانەیە ببێتە ئەلتەرناتیفی بەهێز بۆ ئەوەی پەرۆشییەك دروست ببێت بۆ بنیاتنانی ئەو تیمە سەركەوتوە.
بێگومان ئەوە دروستە بۆ بیناتنانی هەر تیمێك لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان، هەمیشە كەسانی كەوا باوەڕیان بە خۆیان هەیە و پاڵنەری بەهێز لە ناخیان بوونی هەیەو، ئامادەیی هەموو ئەرك و ماندوونێكن لە پێناو ئەوەی سەركەوتووبن و شەونخوونی دەكەن ، بەدڵنیایی پەرۆشی و هەوڵدانی بەردەوام دەبێتە مایەی گەیشتن بەرەو لوتكە بە بەردەوامی.
هەر ئەوەشمان بەدی كردو بە چاوی خۆمان بینیمان لە ڕۆژی دووەمی كۆڕبەندی پەروەردەیی لە (22/8/2025) كە پانێلێک بۆ (5)پێنج قوتابی ساز كرابوو كەوا چۆن گوزارشت لە دید و سەرنجی خۆیان بكەن بەرامبەر زیرەكی دەستكرد، ئەو پانێڵە یەكێك بوو لە سەركەوتووترین پانێڵەكانی كۆڕبەندی پەروەردەیی كوردستان كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژانی (21/22)ی 8ی 2025 لە هەولێری پایتەخت ئەنجامدرا. بێگومان بە شاهێدو گەواهی ئامادەبووانی كۆڕبەندەكە سەركەوتووترین و كاریگەرترین پانێڵ بوو تایبەت كەوا كۆمەڵێ قوتابی لە قوتابخانەی جیاواز لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان توانیان بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوون و متمانە و پەڕۆشیان بۆ بابەتەكە وا بە ڕاشكاوی و شەفافانە دید و سەرنجی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر ئامادەبووان قسە بكەن و وشەی پڕمانا و پەروەردەیی و بە روئیایەكی واقیعی و پەروەردەییانە بۆچوونی خۆیان دەربڕن كەوا بووە مایەی سەرسامی سەرجەم ئامادەبووانی هۆڵەكە هەمووی خامۆش و بێ دەنگ و گوێگربوون بەتاسەوە سەرنجیان لەسەر یەکە یەکەی قوتابیانی زیرەك و ئاست بەرز بوو، كەوا وەكو سەركردەی پەروەردەیی قسەیان دەكرد. بێگومان توانایی و ئاست بەرزی قوتابییەكان و كاریگەری ئاخاوتنیان و سەرسامی ئامادەبووان وایكرد بەڕێز وەزیری پەروەردە بچێتە سەر سەكۆ و سەرسامی خۆی بە توانایی و ئاستی قوتابییەكان دەرببڕێ و داوای لە ناوەندەكانی خوێندن و بەرێوەبەرەكان كرد كەوا پانێل لە قوتابخانەكان ساز بكەن، قوتابیان ڕەخنە بگرن پێشنیاریان چییە و گوێیان لێی بگرین و بەمە پێش دەكەوین ئاستی قوتابیان بەرز دەبێتەوە، پێویستە دەرفەت بڕەخسێنین تا قوتابیان قوتابخانە بە ماڵی خۆیان بزانن. دەرفەتیان بدرێتێ‌ بە بەرنامە و ڕێكخستن قسە بكەن و گفتوگۆ بكەن و ڕاوێژ بكەن تا بتوانین زیاتر و زیاتر ئاستی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بەرەو پێشەوە ببەین، سەركردەی باش و لێهاتوو لەو قوتابیانە و لەوانی تریش دروست بكەین. بێگومان ئەوەش ئەركی سەرەتایی و گرینگی قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندنە، چونكە لە بنیاتنانی تاك بنیاتنانی قوتابی قوتابخانە ڕۆڵی سەرەكی هەیە.
لە كۆتایی ئەم وتارەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كەوا لە ساڵی 2019كە بەرێوەبەری گشتیی چالاكی وەرزش و هونەر بووم لە وەزارەت پێشنیاری پڕۆژەیەكمان كرد وە بەنوسراو داوامان كرد سەكۆی قوتابی بنیات بنێن لە قۆناغی بنەڕەتی قوتابی لێ ڕابهێنین بەرامبەر هاوپۆلەكانی بۆ ماوەی چەند خولەكێك قسە بكات لە سەر بارودۆخی خۆی و پۆل و قوتابخانەكەی، ئەوەش سەرەتایەك دەبێت بۆ ڕاوەستان و قسە كردن بەرامبەر هاوپۆلەكانی و هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی و متمانە بەخۆبوون و شێوازی دەربڕینی قوتابیش باشتر دەبێت. پڕۆژەكە بە ناوی (سەكۆی قوتابی) بوو دواتریش وتارمان لەسەری نووسی.
ماوەتەوە بڵێم ئەوەی كاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر قوتابی جێ دەهێڵێ مامۆستا و قوتابخانەیە. گرینگە و پێویستە كەسی بەهێز و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەر و باوەڕ بە خۆبوو دروست بكەین و ئەو هەلە لە دەست نەدەین و ویژدانمان ئاسودە و حەساوە بكەین.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top