شوێنی ڕاستەقینەی خۆت نرخ و بەهات دەزانێ
(ئەلبەرت ئەنیشتاین) زانای فیزیایی بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێ"هەوڵ مەدە بۆ سەركەوتن، بەڵكو خاوەن بەها بە".
خاوەن بەها بوون واتە ڕۆڵ و پێگە و كاریگەریت هەبێت، لە هەر شوێنێ بیت و كاربكەیت شوێن پەنجە و بەرهەم و گەواهیدەری ڕاستەقینەی بێ بەرژەوەندیت هەبێت و كاریگەری ڕاستی و ئەرێنی و چاكەت لە سەر هەموو ئەوانە هەبێت كە لەگەڵ تۆ كاردەكەن، و تۆ بەرپرسیاریەتیشت هەبێت بە سەریان بە شێوەی ئەرێنی، هەبوونی كاریگەری و ڕۆڵ و پێگەی ئەرێنی سوودبەخش ئەو كات دێتە بوون كەوا بەوپەڕی دڵسۆزی و لە خۆبوردەیی كاربكەیت و لە شوێنی ڕاست و ڕاستەقینەی خۆت بیت و نرخ و بەهات بزانن و هەمیشە بە دوای شوێنی ڕاستەقینەی خۆتدا بگەرێت، و بتوانی بوون و بەرهەم و سێبەرت هەبێت بۆ هەموو ئەوانە و ئەو دامەزراوانەی بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی تۆ دایە. ئەو كات هەم دەتوانی خزمەتی باش و چاك و ئەرێنی بكەی، هەمیش ئاسودە و پڕ بەرهەم دەبیت و لەلایەن ئەوانی تریش پەسندكراو دەبیت و هەست بە نرخ و بەهات دەكەن.
كەچی بە پێچەوانەوە زۆر جاران مرۆڤ دەچێتە شوێنێ یان لە شوێنی كار دەكات شوێنی ئەو نییە و نرخ و بەهای نازانن دەبێتە بارێكی قورس هەم بۆ خۆی، هەم بۆ ئەوانی تریش لەو دۆخانەدا، پێویستە دەستبەرداری ئەو شوێنانە بیت و بەجێیان بهێڵی، چونكە لە نرخ و بەهای ڕاستەقینەی تۆ نازانن. لێرەدا دەردەكەوێ مەرج نییە هەر شتێك لە هەموو شوێنێك نرخ و بەهای تایبەتی و گران بەهای خۆی هەبێت.
دەگێڕنەوە " باوكێك پێش مردنی بانگی كوڕەكەی كرد و پێی گوت ئەو كاتژمێرە هی باپیرە گەورەمانە باپیری باپیرم تەمەنی زیاتر لە (200)دوو سەد ساڵ بوو، بەڵام پێش ئەوەی كاتژمێرەكەت بدەمێ بۆ خۆت بڕۆ بپرسە لەو دوكانەی سەری كۆڵانەكە پێی بڵێ دەمەوێ بیفرۆشم بزانە تەماشای بكە و نرخی چەند دەكات. كوڕەكە ڕۆیشت و دواتر گەڕایەوە لای باوكی و گوتی باوكە دوكانی كاتژمێر فرۆشەكە گوتی تەنها (5)پێنج دۆلار دەكات، چونكە كۆنە. گوتی باشە بڕۆ ببە بۆ شوێنی كەلوپەلە كۆنەكان بزانە چەندی دەكات، كوڕەكە ڕۆیشت و گەڕایەوە لای باوكی گوتی باوكە(5000)پێنج هەزار دۆلاری دا بۆ كڕینی. باوكەكە ئەو جارە گوتی بڕۆ بیبە مۆزەخانە و نیشانی بدە بۆ فرۆشتن. ڕۆیشت و گەڕایەوە گوتی باوكە ئەوانە شارەزایەكیان بانگ كردو نرخ و بەهاكەیان دیاری كرد (1000000)یەك ملیۆن دۆلاریان پێم دا لە بەرامبەر فرۆشتنی هەمان كاتژمێرەكە.
باوكەكە گوتی كوڕم ویستم فێرت بكەم شوێنی ڕاستی و ڕاستەقینەی خۆت نرخ وبەهات دەزانی بە شێوەیەكی دروست و ڕاست. هەرگیزخۆت لە دەست مەدە و خۆت بە فیرۆ مەدە لە شوێنی هەلە و دواتریش توڕەببی و بڵێ نرخ و بەهایان بۆ دانەنام. ئەوەی نرخ و بەهات بزانێ ڕێز و پێزانینت بۆ دادەنێ. هەرگیز مەمێنەوە لە شوێنێك كە شایستە و گەنجاو بە تۆ نییە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن