ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا
ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ژمارەیەک لە دیلەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی پڕۆسەی دانوستانەکاندا ٨٤ سەربازی دیلکراوی ڕووسیا لە خاکی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا ڕادەست کران و لە بەرامبەریشدا ٨٤ دیل ئۆکراینی ڕادەست کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سەربازە ڕووسیانەی كەلە ئۆکرانیا ئازادکراون، ئێستا لە بیلاڕوسن و بۆ چارەسەرکردن و چاکسازی لە دامەزراوە پزیشکییەکانی وەزارەتی بەرگری دەگوازرێنەوە بۆ ڕووسیا.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند: کە لە نێو زیندانییە ئازادکراوەکاندا هەم سەرباز و هەم مەدەنی هەیە و هەموویان پێویستییان بە خزمەتگوزارییەکی بەرچاوی پزیشکی و چاکسازی هەیە.
هەروەها زێلێنسکی سوپاسی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد کە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
