ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە دیدی قونسوڵی نوێی ئەمریکا
وێندی گرین کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر لە یەکەمین دیدار و سەردانی دا بۆ لای سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی یەکشەممەی 10ی ئابی 2025 بە بۆنەی دەست بە کاربوونی وەک قونسوڵی تازەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، بە ئامادەبوونی ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی پێشسوی ئەمریکا لە هەولێر.ستایشی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ڕۆڵی بەرێزیانی بە "ئەفسانەیی" وەسفکرد . ئەم ستایش و وەسفکردنەی خاتوو وێندی گرین چەندی دەچێتە خانەی ڕووخۆشی وزمانشیرینی سیاسی میوان بۆ خانە خۆی، دووئەوەندە و زیاتریش حەقیقەت و راشکاوی و راستگۆی تیادایە ولە ڕوانگەی ئەو پێگە و ڕۆڵ وکاریگەرییەتییەی سەرۆک بارزانی هەیەتی سەرچاوەی گرتووە. ئەمریکییەکان لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991وکۆچڕەوی میلۆنی خەڵکی کوردستان، لە نزیکەوە لە واری پراکتیکی وواقیعی بەرێوەبردن ومەیدانی و کرداری سیاسیدا، زیاتر ئاشنای سەرۆک بارزانی دەبن وسەرسامی ئەوراستی وحەقیقەتانەی دەبن کە سایەتی سیاسی وکاریزمایی سەرۆک بارزانی بۆ گەل و نەتەوەکەی پێی ناسراوە. لەسەرووی هەموویانەوە (راشکاوی لەگەل میللەت ولەگەڵ بەرامبەردا ،جەسووری وبوێری لە بریاروکرداردا ،موکڕیی لە جێبەجێ کردندا ،خۆ نەچەماندن وملنەدان بۆ ستەم و زوڵم ، سازش نەکردن لەسەر پرس ودۆزی ڕەوای میللەت و نەتەوەکەی..تد) ئەوانە دەبن بە ناونیشانی سەرەکی ئەو سەرۆکەی کەژمارەیەکی سەنگینی نێو ژمارە سەنگینەکانی سیاسەت کردنە لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا . هەمدیس ئەمریکییەکان بەر لە کەسانی تر بەها و پێگەی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێن بۆ ڕۆڵی مێژوویان لە ڕاگرتنی شەری ناوخۆ، کوردی بێ پشت وپەنای لە قێزەونترین شەڕ، کە شەڕی براکان بووڕزگارکرد. ئەوشەڕە قێزە و نەگریسەی لە ساڵانی 1964 و 1966وە وەک ئاش ئایندەی کورد و بوونی کورد دەهاڕێ. سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوسایش قبوڵکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەک ئەندازیاری ئاشتی وپێکەوە ژیان بۆ"رێگری کردن و کۆتایی پێی هێنانی شەڕی ناوخۆبوو. بە هەموو جۆرێّ ، بە تەحریم کردن و بە گوناحی مەزن وتاوانی گەورە دانی شەڕی براکان" بارزانی لە دەرگایەکی فرەوانەوە چووە نێو ئەو مێژووەی پێی دەگوترێ کۆتایی پێهێنان بە شەڕی براکان و ئیدی شەڕی براکان بۆ ئاقڵمەندان و نیشتمانپەروەران بوو بە هێلی سوورو خیانەتی مەزن. سەرۆک بارزانی بەوە ناسراوە لە پرۆسەی سیاسی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی رووخاوی عێراقی دوای 2003 دا پێداگیربوو لەسەر مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان . هەربەرێزیشیان بووداهێنانی دەستەواژەی "کەمەنەتەوەییەکان" بوو و ئەم دەستەواژەیەی گۆڕی بە" پێکهاتەی نەتەوەیی" . چونکە بەرێزیان ڕازی نەبوو کەمی ژمارەی هەر پێکهاتەیەک ببێتە دیفاکتۆ تا لەو عێراق و ناوچەیەی بە هزری شۆفینی زۆرینە،حوکمداری نادادپەروەرانە پەیرەو دەکات ونەتەوەی بە ژمارەکەم ،لە بەرامبەر نەتەوەی بە ژمارە زۆر بە "کەم سەیر بکرێن و بەکەم وکەمترتەماشا بکرێن " لە میدیاکانیش دا هەروا گوزارشتیان لێ بکرێت. ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەتایبەتی ڕۆژئاواو باکور کوردانە وزۆر ئەڕێنیبووە.وا ئێستا وا کاریگەری ولێککەوتەکانی بەدیار دەکەون.هەموومان رێککەوتنی مێژووی دهۆکمان لەبیرە، کەوا لە 14 ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 سەرۆک مەسعود بارزانی سەرپەرشتی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بۆ دیالۆگی کوردی - کوردی لە نێوان تەڤگەری جڤاکێن دیموکرات - تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی – ئەنەکەسە دا کرد . لەوساوە لە 2014 وە وا ئێستا دوای یازدە ساڵ ، ڕێککەوتنی دهۆک بۆتە بنەمای سەرەکی بۆهەموو هاوپەیمانێتی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا. رێکەوتنی دهۆک دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر هات .لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا ئێستا لە ڕۆڵ ورێنمایی ونەخشە ڕێگای سەرۆک بارزانی باشتر تێدەگەن بەتایبەتی لە ئەرکەکانی سەرکردایەتی سیاسی و هەرسێ بەندی سەرەکی رێککەوتنەکە، کە خۆی لەم سێ بەندە دەبینێتەوە : یەکەم : دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی، بە بەشداری تەڤدەم و ئەنەکەسە، بەشێوەی 40% لە تەڤدەم و 40% لە ئەنەکەسە و 20% لە لایەنەکانی دیکە. دووەم :بەشداری پێکردنی لایەنە سیاسییەکان لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر . سێیەم : پارستن و بەرگی بە بەشداری پێکردنی یەکە سەربازییەکانی ئەنەکەسە و پێکهاتەکانی دیکە لە پاراستنی ڕۆژئاوا دا . لە بارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە بارامبەر پرسە چارەنووسازەکاندا ، ئەمریکییەکان بەر لە ووڵاتانی تر ئاگاداری ئەو ناوچەیەن کە ناوچەی هەڵایساوی جەنگ وشەڕو ململانێی خۆناوییە ، تەژییە لە قەیران و ئاڵنگاری بەشێوەیەک هەر رۆژەی هاوڵاتیانی ناوچەکە وبەتایبەتیش کوردستانیان لەگەڵ بوونی قەیرانی تازە لێڕاهاتوون و دەستوپەنجەیان گەرمکردووە. ڕاگرتنی باردۆخی کوردستان و دووڕخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەوهەموو شەڕوگرفت و تەنگژانەی ناوچەکە ورزگار کردنی لە کۆت و پێوەندی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسییانەی بەغدا کە بۆ مەرام و مەبەست هەرجارێ بە هەنجەتێ دەیخاتە سەرهەرێمی کوردستان و دوور لە بەندەکانی دەستوورو هاوبەشی سیاسی وپرنسیپەکانی پێکەوە بوون مامەلە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات . ڕۆڵی کارامەو لێزانی وخاتوو وێندی گرین گوتەنی ڕۆڵی ئەفسانەیی دەوێ ، لەکاتێکدا هەمووهەوڵەکانی بۆ ووشک کردنی سەرچاوە و داهاتی ئابووری ودااراییەکانی هەرێمی کوردستانە ،بە هێڕشی دڕۆنی بۆسەر بیرە نەوتییەکانیش ئەو راستییەمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە .
ئێستا خەڵکی کوردستان لە نێوئەوهەموو قەیرانی دارایی وگرفتە سیاسییانە دا چاویان لە حیکمەت وڕۆڵی ئەفسانەیی سەرۆک بارزانی یە وەک فریادرەسێ تا ئاڵنگاری وگرفتەکان بە دەرفەت بۆ رزگاربوون و سەرکەوتن بگۆڕێت . هەولێر 10-8-2025

د.محمد خدر مولود