یانەی دەربەندیخان هەم هاوكارمانە و هەم پاڵپشتیمانە
بێستان بێستون یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان
یانەی دەربەندیخان هەم هاوكارمانە و هەم پاڵپشتیمانە
یانەی دەربەندیخان یەكێك لەم یانانەی سنوری پارێزگای سلێمانییە كەوا گرنگی زۆر بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە تایبەت یارییەكانی بالە و باسكەی كچان، یانەكە بەردەوام گرینگی بە ئاستی كچان داوە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، و ئەنجامەكانیان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق دڵخۆشكەرە و بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشچوون دەدەن لە یارییە وەرزشە جۆراوجۆرەكان، یەكێك لە كچە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش بێستان بێستون-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007ی قەزای دەربەندیخانە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتووپێشووتریش لە پارێزگای هەڵەبجە وەرزشی بالەی ئەنجامداوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- لە ڕاستیدا كاتێك ئەم یارییەم هەڵبژارد حەز و ئارەزووی خۆم بوو بۆ ئەم یارییە وەرزشییە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
-نەخێر هەست ناكەم وەرزشێكی قورس بێ بۆمن، چونكە زۆر لەگەڵ وەرزش كردن ئاسودەم بە تایبەتی تۆپی بالە.
*بۆچی یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-لە پێشووتر ڕەنگە وەكو پێویست نەبووبێت، بەڵام لە ئێستادا زیاتر ئاستی تۆپی بالە پێشكەوتووتر بووە لە جاران.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-لە شارەكەی ئێمە لە دەربەندیخان گرینگی زۆری پێ دەدرێت لە چەند ڕۆژی ڕابردووبە گەرمی پێشوازیمان لێ كرا لە پاڵەوانێتی عێراقی لە شاری هەڵەبجەی شەهید، ڕەنگە لە شاری دیكە وەكو پێویست نەبووبێ.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- ئاستی یاری بالە لە كوردستان تا ڕادەیەك باشە و بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندوە لە چاو پێشووتر.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
- هەتا بتوانین پەرە بە یاری بالە بدەین و ئێمەش وەكو هەموو كەسێك پاڵپشت بین دەست لە ناو دەست بۆ ئەوەی بتوانین هەم پەرە بە یاری بالە بدەین و هەمیش كچانی تریش بهێنینە ناو ئەم یارییە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- من وەكو كچە یاریزانێك پلانم بۆ داهاتووی خۆم بەردەوامی بە یاری تۆپی بالە بدەم و لە داهاتوودا بتوانم ببم بە باشترین یاریزان و ئاستێكی زۆر باش پێشكەش بكەم.
*یانەی دەربەندیخان بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- یانەی دەربەندیخان هەم هاوكارمانە و هەم پاڵپشتیمانە، بەڕاستی پاڵپشتێكی زۆر باشن بۆ من هەتا بتوانم لە توانای ئەوانیش هەبێت كاری باش ئەنجام دەدەن و هاوكاری باشی ئێمە دەكەن.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- وەكو خۆم لە یانەكەم هیچ گرفتێكمان نییە، ڕەنگە لە یانەكانی تر گرفت هەبێت.
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-خەونی وەرزشی من ئەوەیە بتوانم ئەنجامی باش بەدەست بهێنم و لە یانەكانی دیكەوە بتوانم یاری ئەنجام بدەم و بگەمە ئاستێكی زۆر بەرز و بتوانم ناوی خۆم و تیپەكەم سەربخەم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-خانەوادەكەم زۆر هاوكار و پاڵپشتی من بوون لە ڕابردوو لە ئێستادا، هیچ ڕێگرییم نەبوون بۆ ئەنجامدانی وەرزشەكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خزمەتەی بە وەرزشی كوردستان دەكات.
