هۆكارەكانی وشكبوونی قوڕگ
وشكبوونی قوڕگ Dry throat لە ئەنجامی كەمبوونەوەی لیكی دەمەوە ڕوو دەدات و هاوكات دەبێت لەگەڵ سووتانەوەی قوڕگ، گرفت لە قووتدانی خۆراك، هەروەها گرفت لە قسەكردندا. هۆكارەكانی وشكبوونی قوڕگ: كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش لە ئەنجامی كەم خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی یان زیاد ئارەقەكردن یان سكچوون و ڕشانەوە، هەستەوەریی قوڕگ و بەشی سەرەوەی ڕێڕەوەكانی هەناسە بە تۆز و خۆڵ یان هەڵمژینی ماددەی كیمیایی، وشكبوونی هەوا و كەمبوونەوەی ڕێژەی شێداری، خراپی كوالیتیی هەوای ناوماڵ، جگەرەكێشان، خۆراكی تیژ، هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا كە دەبنە هۆی هەوكردن و وكشبوونی قوڕگ، گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ سوورێنچك و قوڕگ GERD، هەناسە وەرگرتن بە دەم، وەستانی كاتیی هەناسە لەكاتی خەودا Sleep apnea، هەوكردنی ئاڵووەكان، نەخۆشیی ئایدز، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان وەكو دەرمانی دژەهەستەوەری یان دەرمانی دژەخەمۆكی، هەروەها زیاد بەكارهێنانی دەنگ یان زیاد قسەكردن بە دەنگی بەرز.
