هەرێمی كوردستان و ستراتیژیی هاوسەنگی و هاوكاری و یەكسانی

هەرێمی كوردستان و ستراتیژیی هاوسەنگی و هاوكاری و یەكسانی

 

 

ئەو پەرەسەندنانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدەن، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، خێران و لە سایەی ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی كە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هاتووەتە ئاراوە، بێ دەرئەنجام نین، بەڵكو دەرەنجامی ئەو پەرەسەندنانە لەسەر گۆڕەپانی عێراق خەریكە لە ڕێگەی هاوسەنگییەكی نوێوە دەردەكەون.

ئەمە هاوكاتە لەگەڵ بانگەشەی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان بۆ بنیادنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، ئەگەرچی لەلایەكی دیكەوە ژمارەی بنكە سەربازییە بیانییەكان لە ناوچەكەدا، تا دێ هەڵدەكشێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستەوە خۆی لە سیاسەتی هاوپەیمانێتی و جەمسەرگیری دوور دەخاتەوە.

سەركردایەتیی سیاسی بە هەڵسەنگاندنێكی واقیعی و كارلێكە سیاسییە خێراكان لە ناوچەكەدا، بە شێوەیەكی ژیرانە هەوڵ دەدات پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتە چالاكەكانی جیهان دروست بكات، بە شێوەیەك بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم بە پارێزراوی بمێنێتەوە و گەلی كوردستان بەرەو ئارامی و سەقامگیری هەنگاو بنێت.

هەرێمی كوردستان كار لەسەر پڕۆژەكانی پەیوەست بە هاوكاریی ڕاستەقینە دەكات، چ لە ڕوانگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە بێت، یان بە برەودان بە سیاسەتی هاوسەنگی و هاوكاری و یەكسانی، ئەمە نە تەنیا لە عێراق، بەڵكو لە تەواوی ناوچەكە.

ئامانج لەو كارەی ڕزگاربوونە لە دەست كۆمپلێكسی فراوانخوازییەكان لەسەر حیسابی ئەوانی دیكە و پەیڕەوكردنی فەلسەفەی تەبایی و لێبوردەیی بۆ فەراهەمكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە نێوان گەلانی ناوچەكە و تەنانەت لە جیهانیش.

هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوەی سەلماند، كە دەروازەیەكی ئابووریی متمانەپێكراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، بەشداربوویەكی كارا بووە لە دروستكردنی هاوسەنگییەكی كاریگەری ئاسایشیی لە ناوخۆ و لە دەرەوە، هەروەها هەرێمی كوردستان توانیویەتی هاوسەنگییەكی ستراتیژیی سەقامگیر لەم ناوچەیەدا بنیاد بنێت.

بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بووە بە فاكتەرێكی سەرەكی لە پێوانەكردنی سەقامگیریی ناوچەكەدا، چونكە حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی و كابینەی نۆیەمی ئەم حكومەتە بەتایبەتی، دوور لە سیاسەتی كوتلەكاری و جەمسەرگیریی بێبەرهەم، سیاسەتی ڕێزگرتنی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەكات.

سەركردایەتیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە هۆشیارییەوە دەڕوانێتە هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان (كە دەكەوێتە لێواری دوو ئیمپراتۆریەتی مێژوویی لەناوچوو و لەسەر چەقی شارستانیەتی بەرزی مرۆڤایەتی) و دەزانێت ئەم هەڵكەوتە جوگرافییە كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر چارەنووسی دانیشتووانەكەی و ئایندەی سیاسیی هەرێم هەیە.

بەهای جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیكی هەرێم كە دەتوانێ كۆنتڕۆڵی دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، لەگەڵ ڕێڕەوەكانی و كلیلەكانی تێپەڕبوونیدا، كاریگەریی ئابووریی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕەفتاری و جیۆپۆلەتیكیی خۆیان هەیە.

گرنگە ئاماژە بەوەش بكەین، كە ناوچەیەك هەیە لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە پێگەیەكی سەرەكیی هەیە لە بەستنەوەی گرنگترین وڵاتانی ناوچەكە بەیەكەوە «ئێران – عێراق – توركیا»، ئەو هاوسەنگییە ناوچەییە كاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی نێودەوڵەتی هەیە، چونكە دەتوانێ پەیوەندیی نێوان هێزە سەرەكییەكان ڕێك بخات، كە كۆنتڕۆڵی سیاسەتی جیهان دەكەن.

توانای سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم لەوەدایە كە دەزانێ قەبارە و ڕۆڵی هەرێم چەندە و چۆن بەپێی بەرژەوەندییە باڵاكانی و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی لەگەڵ ژینگەی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، سوود لەم شوێنە جیۆستراتیژییە وەربگرێت.

بەم شێوەیە پرەنسیپێكی گرنگ و بنەڕەتی دەستەبەر دەبێت، كە بریتییە لە پاراستنی هاوسەنگی لە مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتە جیاجیاكانی جیهان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) دیدێكی ستراتیژیی هەیە، بۆ وەبەرهێنانی هەموو تواناكانی لەپێناو بنیادنانی هەرێمێكی مۆدێرن، كە بتوانێ ناوچەكە بەرەو پێشكەوتن و گەشەی شارستانییەت ببات.

لە كۆتاییدا ستراتیژیی هاوسەنگی و هاوپەیمانی و یەكسانی لە مامەڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا، گونجاوترین ستراتیژە بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیدا پەیڕەو بكرێت.

Top