حکومەتی نوێی بەریتانیا پلانی هەیە ڕێگە بە دیپۆرتکردنەوەی دەستبەجێی تاوانبارانی بیانی بدات
ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژی شەممە ٩ی ئاب بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی بەریتانیا پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی یاساکان دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بدات دەستبەجێ تاوانبارانی بیانی دیپۆرت بکرێنەوە.
بەگوێرەی ئەم پلانە، ئەو کەسانەی بە تاوانی جۆراوجۆر سزا دراون، دوای سزادان و زیندانیکردن، ڕاستەوخۆ دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بەشێک لە سزاکەیان لە زیندانەکانی وڵاتدا تێپەڕێنن.
وەزیری دادی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەم یاسایە تیرۆریستان و بکوژان و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و ئەو کەسانە هەر ناچار دەبن لە خاکی بەریتانیا سزاکەیان بەسەر بەرن.
هەروەها بەڕێوەبەرانی زیندانەکان دەسەڵاتیان دەبێت کە ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەی سزادراوان بکەن ئەگەر هەڕەشەیەکی ئەمنی دەستنیشان بکەن.
وەزارەتی داد ئەم ڕێوشوێنەی بە وەڵامدانەوەیەک بۆ قەیرانی توانای زیندانەکان و زیادبوونی خێرایی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی تاوانبار زانیوە.
هەروەها بە گوتەی بەرپرسان، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پێنج هەزار تاوانباری بیانی لە بەریتانیا دیپۆرت کراونەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
