لە ئەنجامی لافاوێکی وێرانکەر کە بەهۆی بارانبارین دروست بووە، ژمارەی ونبووەکان بەرز دەبێتەوە

لە ئەنجامی لافاوێکی وێرانکەر کە بەهۆی بارانبارین دروست بووە، ژمارەی ونبووەکان بەرز دەبێتەوە

  

دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە ویلایەتی ئۆتاراکاند لە باکووری هیندستان ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ئاب ڕایگەیاند: کە زیاتر لە سەد کەس بێسەروشوێن بوون دوای لافاوێکی وێرانکەر کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ڕوویدا.

بەپێی زانیارییەکان، لافاوێکی گەورەی ئاوی شاخەکان ڕۆژی سێشەممە گوندێکی ئەو ویلایەتەی گرتووەتەوە و ڕێگا و باڵەخانەکانی ژێر ئاو کەوتووە.

لە قەزای ئوتارکاشی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن بەردەوامە. لە ڕۆژی سێشەممەوە بەشێک لە یەکەکانی سوپا ڕەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام هێزەکانی دیکەی بەرپەرچدانەوەی کارەساتەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی زیانگەیاندن بە ڕێگاوبانەکان و بارانبارینی بەخوڕ نەیانتوانیوە بگەنە ناوچەکە.

میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن تا ئێستا هیچ تەرمێک نەدۆزراوەتەوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بارانبارینی بەخوڕ لە ویلایەتی ئۆتاراکاند لە هیمالایا باریوە و بە تایبەتی قەزای ئۆتارکاشی کاریگەری لەسەر بووە و لە زۆر  شوێن لافاو و بارانی بەخوڕباریوە.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top