ئـــەنفـــــال!

ئـــەنفـــــال!

ڕژێمی لەناوچووی بەعس؛ وەک ئایدۆلۆژیا و کەلتوور و سیستەم، (٤٢) سال بەر لە ئەمڕۆ هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێلە فاشیزم و نازیزم'ـەیدا بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی میللەتێک، وەک کۆپییەکی فاشیزمانەی عەڕەبی، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی میللەتی کورد لە ژێر ناوی (ئـــەنفـــــال) خۆی دەرخست.

ئەنفال تراژیدیایێکی سۆسیۆلۆژی و سیاسی بوو، بۆ لەناوبردنی دیاردەیەک بوو کە پێی دەگۆترا: (کوردبوون)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتایەکی تازە و جیاوازبوو بۆ دۆخی بەرگری، نەکەوتن و نەچەماندن لە دیدی شۆڕشگێرەكان و كوردپەروەران، بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر، چونکە بە هۆی شاڵاوی ئەنفالەوە نەتوانرا کۆمەڵگەیەکی بێ پڵوڕاڵیزم و فرە ئیتنیک بنیادبنرێت، بەڵکو شەپۆڵی جیاوازبوون و لە یەک نەچوونی کۆمەڵگەی گەورەترکرد. هاوکات، بە ئاشکرا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جیاوازی و ناکۆکییەکانی عێڕاق و کوردستان سەریان هەڵدەدا.

ئەنفال بۆ ئێمەی کورد, نەک هەر برینێکی ساڕێژنەکراو نییە، بەڵکو تاوانێکی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی، کە لەسەر بنەمایەکی دڕندانە و بە مەبەست، کە ئامانج لێی لەناو بردنی ناسنامەی نەتەوەی کورد بوو، وەک پرسی لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی کوردی.

ئەنفال کردنی (٨٠٠٠) بارزانی، لە لایەن دیکتاتۆرێکی فاشیزم، زامێکی لەبیرنەکراوی لە دڵی هەزاران دایک و ژنی خۆڕاگری بارزانی و تەواوی میللەتی کورد بەجێهێشت.

بەم بۆنە خەمناکەوە، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، دووپاتی دەکەینەوە؛ کە کوردبوون قوڕسە بەلام شانازی بە کوردبوونمان دەکەین، بە ڕابەرایەتی جەنابی (سەرۆک بارزانی)، و بە هەموو ڕەنگ و بیروڕا جیاوازەکانەوە، کار دەکەین بۆ پاراستن و پێشخستنی هەرێمی کوردستان، بۆ داهاتوویێکی پڕشنگدار.

د. بارزان سەباح

ئـــەنفـــــال!
Top