زیاد شووشتنی دەستەكان زیانبەخشە!
ئەمە ڕوونە كە شووشتنی دەستەكان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی، بەڵام زیاد شووشتنیان زیانی لابەلای لێ دەكەوێتەوە. زیاد شووشتنی دەستەكان بەتایبەتی بە بەكارهێنانی سابوونی بەهێز، دەبێتە هۆی ڕاماڵینی چەورییە سرووشتییەكانی پێست،ئەمەش هۆكارە بۆ وشكبوون و قڵیشانی پێست هاوكات لەگەڵ سووربوونەوە و سووتانەوە و پەیدابوونی پەڵەی خورشت هاوشێوەی ئەكزیمای پێست هاوكات لەگەڵ لاوازبوونی بەربەستی پێست دژی میكرۆب، واتە زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی پێست بە بەكتریا و كەڕووەكان، هەروەها هەوكردن یان هەستەوەریی بەركەوتن Contact dermatitis لە ئەنجامی پەیدابوونی هەستەوەری بەرانبەر بە پێكهاتەكانی سابوون و پاككەرەوەكانی دیكەی پێست. لە لایەكی دی زیاد شووشتنی دەستەكان هۆكارە بۆ گۆڕان لە ئاستی ترشێتی pH پێستدا، كە توانای بەرگریی بەربەستی پێست تێك دەدات و ئەگەری هەوكردنی میكرۆبی زیاد دەكات، هەروەها مانەوە یان قەتیسبوونی ئاسەواری سابوون لەژێر ئەكسسوارەكانی دەست وەكو ئەڵقە و ئەنگوستیلە، كە لەبەر مانەوەی شێداری هاندەر دەبێت بۆ هەوكردن بە كەڕوو.
