میدیای ئەمریکی: پێگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان زیانێکی بەرچاویان بەرنەکەوتووە
بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان زیانێکی بەرچاویان پێنەگەیشتووە.
بەپێی هەواڵی تۆڕی هەواڵی ئەمریکی ئێن بی سی نیوز، لە هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نەتەنز و ئیسفەهان زیانێکی بەرچاویان پێنەگەیشتووە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنیا پێگەی ئەتۆمی فۆردۆ لە بۆردومانەکانی ئەمریکادا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و ئێران دەتوانێت تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە شوێنەکانی نەتەنز و ئیسفەهان بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەم تۆڕە هەواڵییەیان ڕاگەیاندووە کە بۆردومانکردنی فۆردۆ چالاکیی ئەتۆمیی ئێرانی لەو شوێنە دواخستووە کە لانیکەم بۆ ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان تاران و واشنتۆن نەگەیشت و ئێران هەوڵی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بدات، ئەگەری هێرشی ئاسمانی نوێ لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆ سەر شوێنەکانی نەتەنز و ئیسفەهان هەیە.
گوڵان: سەردار خەلیل
