ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کۆی (264) ڕاسپاردەی پانۆرامای خولیی گشتگیر (UPR) عێراق (183) ڕاسپاردەی بە تەواوی قبوڵ کرد و (69) ڕاسپاردەی رەت کردەوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کۆی (264) ڕاسپاردەی پانۆرامای خولیی گشتگیر  (UPR) عێراق (183) ڕاسپاردەی بە تەواوی قبوڵ کرد و (69) ڕاسپاردەی  رەت کردەوە

 

لە ڕۆژانی 20 تا 31 ی کانوونی دووەمی 2025 خولی (٤٨)ی پانۆرامای خولی گشتگیر ((UPR ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە عیراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق، لە گفتوگۆکاندا ژمارەیەک ڕاسپاردە ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کران.

لەم بارەوە دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لە دانیشتنەکان کە لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە جنێڤ بەڕێوەچوون ژمارەیەک وڵات ستایشی حکومەتی هەرێمیان لە پابەندبوون بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە بابەتەکانی هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان، پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەشداری کارای ئافرەت لە کایەکانی دەوڵەت و بڕیاردان و بە هەنگاوی ئەرێنییان زانی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند دوای پەسەندکردنی ڕاسپاردەکان ڕۆژی 2ی تەمموزی 2025 تیمی کاری تایبەت بە (UPR)ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی خۆی بەست بە ئامادەبوونی نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ و تێیدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد کە لە ويبسايتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڵاوکرایەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کراوە کە لە وتارەکەدا لە ڕۆژی 27ی کانوونی دووەم لەلایەن ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایە ڕوو لەوانە سەرکەوتنی دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ڕێژەی بەرچاوی ئافرەتانی هەڵبژێردراو، هەوڵەکانی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێم، میکانیزمی ئامادەکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی ئامادە کرا و ئەو پێشکەوتنانەی بەدیهاتوون لە میانەی جێبەجێکردنی پلانەکە بەتایبەتی چاکسازی لە هەرسێ دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری.

دیندار زێباری ئەوەشی خستە ڕوو کە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا تیمی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و بونیادنانی بەنداو، لە کەرتی پەروەردەشدا تیشک خراوەتە سەر درووستکردنی (80) قوتابخانە، نۆژەنکردنەوەی (1.300) قوتابخانە، بوونی (20) زانکۆ، گەڕاندنەوەی زیاتر لە (33.000) قوتابی بۆ بەر خوێندن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ئەو ڕاسپاردانەی کە حکومەتی عێراق پەسەند کردوون و وتی: لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو (264) ڕاسپاردەیە کرا کە ئاراستەی عێراق کرابوون و لەوانە (183) بە تەواوی قبوڵ کران و (12) بە شێوەیەکی بەشەکی قبوڵ کران و (69) قبووڵ نەکراون لەوانە (59) ڕەتکراونەتەوە و (١٠) بە (الاخذ بالعلم) وەڵام درانەوە.

سەبارەت بەو ڕاسپاردانەی کە پەسەند کراون وتی: گرنگترین ئەو راسپاردانەی لەلایەن کۆماری عێراق قبوڵ کران ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ کە تا ئێستا پەسەند نەکراون، پێداچوونەوە بە چوونە نێو ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی پاراستنی مافی کرێکارانی بیانی و خانەوادەکانیان، برەودان بە هەوڵەکانی بونیادنانی تواناکانی ئەو کەسانەی کە یاسا جێبەجێ دەکەن لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، گونجاندنی یاسا نیشتمانییەکان لەگەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و تەرخان کردنی سەرچاوەی دارایی زیاتر بۆ ڕایی کردنی کارەکانی و دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران.

دواتر ئاماژەی بەو ڕاسپاردانە کرد کە رەتکراونەتەوە وتی: گرنگترین ئەو ڕاسپاردانەی کە رەت کراونەتەوە بریتیبوون لە پەسەند کردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی لە بوارەکانی نەهێشتنی لەسێدارەدان، بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان، مافی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، دانانی سنوورێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی دەوڵەت لەلایەن میلیشیا چەکدارییەکانەوە، پەسەندکردنی (البروتوکول الاختیاری الثاني)ی پاشکۆی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان وەک رێگا خۆشکەرێک بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی تەنیا بۆ تاوانە گەورەکان، نەهێشتنی جیاکاری یاسایی دژی ئافرەتان لە یاسای باری کەسی عێراقی و هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموار کردنی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی 1959.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کۆی (264) ڕاسپاردەی پانۆرامای خولیی گشتگیر  (UPR) عێراق (183) ڕاسپاردەی بە تەواوی قبوڵ کرد و (69) ڕاسپاردەی  رەت کردەوە
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کۆی (264) ڕاسپاردەی پانۆرامای خولیی گشتگیر  (UPR) عێراق (183) ڕاسپاردەی بە تەواوی قبوڵ کرد و (69) ڕاسپاردەی  رەت کردەوە
Top