“تائیفەگەری لەبری ئایدیۆلۆژیا، لە عێراقێکی شکستخواردوو”
وڵاتەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە ساڵی ١٩٢٠ سنوورەکەی لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە کێشرا و لە ساڵی ١٩٢١ دەسەڵاتی پادشایەتی دامەزرا و لە ساڵی ١٩٣٢ـیش سەربەخۆیی خۆی وەرگرت لە دەست شانشینی یەکگرتوو، لە ساڵی ١٩٥٨ بەهۆی شۆڕشی چواردەی تەمموزی ئەو ساڵەوە ڕژێمی پادشایەتی هەڵوەشایەوە و ڕژێمی کۆماری دامەزرا، لە ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعسی سۆسیالیستی دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٣، دوای ئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان بە بیانووی لەناوبردنی حیزبەکە هێرشیان کردە سەر عێراق و داگیریان کرد و چەند ساڵێک بە کوشتار و شەڕ و جەنگدا تێپەڕی. لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی نوێی عێراق دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١١ ئەمریکییەکان لە وڵاتەکە چوونە دەرەوە،
کەواتە وڵاتێک لە دەستی ئیمپراتۆرییەکانەوە، مێژووەکەی ڕێگرە لەبەردەمی تا بە دەوڵەتێکی تەواو یەکگرتوو و خاوەن سەروەر دابنرێ. بۆیە بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو دادەنرێت، بناغەکانی عێراق لەلایەن گەلی عێراقەوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوە بوو، ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ و ئیختیاری کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٠ ناوچەکەیان پارچە پارچە کرد بۆ سنوورێکی ناسروشتی، بە پشتگوێخستنی واقیعی نەتەوەیی و خێڵەکی و تائیفی. دەرئەنجامەکەی بێ ناسنامەیی بوو لە تێکەڵکردنی سوننە، شیعە، کورد، تورکمان، ئاشووری و ئەوانی دیکە، کە بە زۆر خراونەتە یەک دەوڵەتەوە بەبێ گەڕانەوەی نەتەوەیی هاوبەش.
لەدوای لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا هەوڵی بۆ پڕۆژەی دیموکراسی دا لە عێراق. بەڵام تەنها دامەزراوەکانی دامەزراند، هەڵبژاردن کرا، بەڵام متمانەکردن بە سیستەمەکە لاواز بوو. تائیفەگەری جێگەی ئایدیۆلۆژیای گرتەوە وەک بزوێنەری سەرەکی سیاسەت و گەندەڵی بەڵێنی چاکسازی. دەوڵەت بوو بە گۆڕەپانی شەڕی نێوان نوخبە تائیفییە کێبڕکێکارەکان، میلیشیاکان و بەرژەوەندییە دەرەکییەکان کە هیچیان نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراقیان نەدەکرد.
“دەوڵەتی شکستخواردوو”وەك چەمك، لە سەرەتای نەوەدەکان لە وتاری نوێنەری ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەروبەندی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ سۆماڵ سەری هەڵدا. یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو بوونی ململانێ و تەنگژەی قوڵە، هەروەها مەترسی ململانێی توندی نێوان لایەنە ناکۆکەکانە. ململانێیە ئیتنی و، نەژادی و، عەشیرەتگەری نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بنچینەی شەڕە ناوخۆییەکانن، ئەوەش خەسڵەتی سەرەکی دەوڵەتی شکستخواردووە، کەواتە عێراقیش دەوڵەتێکی شکست خواردووە، هیچ دەوڵەتێکی شکستخواردوو نیە کە حالەتی ململانێ، لە نێوان پێکهاتە جیاوازە
خۆجێیەکانی تیادا نەبێت، هەروەها دەوڵەتی شکستخواردوو ناتوانێت کۆنترۆڵی سنورەکانی بکات،
فەیلەسووفی ئەمریکی "نۆوام چۆمسکی"، لە پەرتووکی دەوڵەتی شکستخواردوودا، پێناسەیەکی قووڵی سروشتی دەوڵەتی شکستخواردوو دەکات و دەڵێت، ئەو دەوڵەتانەن کە ناتوانن، یان نایانەوێت هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان لە توندوتیژی و ماڵوێرانی بپارێزن و، هەموو کاتێک بەرپرسەکانی دەوڵەت وا مامەڵە دەکەن، وەک بڵێی لە سەروو یاساوە بن. هەروەها لە ڕێگەی دیموکراتییەتێکی شکلییەوە، کەس و گرووپی یەکەمی فەرمانڕەوای ناو سیستەمی سیاسی، سەرجەم دامودەزگه و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە؛ ئەوەی بۆ ئەو گرووپە دەسەڵاتدارە گرنگە، خۆشیی خۆی و سەروەت و سامانی وڵاتە، نەک خۆشگوزەرانیی گەل و وڵاتەکەی. نائۆم چامسکى پێی وایە “بە گوێرەی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەتی ئیستبدادی و یا تۆتالیتاری، شەڕانگێزیش بە دەوڵەتی شکستخواردوو دادەنرێت.
ئاماژەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو خۆی لە زیادبوونی توندو تیژی و تاوان دەبینێتەوە، لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی و، فەشەلی دەوڵەت وای لێ دێت یاسا تیایدا نیمچە وون بێت، ئەوەش وا دەکات تاوان لە شارەکان زیاد بێ و، بێ سەروبەری دەبێتە مۆرکی هەموو وڵات.
ئەوەی شایەنی ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە عێراق بە درێژاییی مێژوو، لە ڕێگەی ئەو ڕژێمە یەک لە دوای یەکانەی کە حوکمڕانیی عێراقیان کردووە، وەک دەوڵەتێکی شکستخوادوو دەرکەوتووە. چونکە تەنها لایەن گرووپ و لایەن و پێکهاتەی سیاسی، کۆنتڕۆڵی زۆربەی دەسەڵاتە دارایی و سیاسییەکانی عێراقیان کردووە..

خەدیجە ئەسکەندەر