بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک شاری مارسیلیا لە فەرەنسا زیاتر لە 100 کەس بریندار بوون
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان کە بە خێرایی بەرەو شاری مارسیلیا لە باشووری فەرەنسا بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار بوون.
ئاگرەکە گەیشتووەتە نزیکی دووەم گەورە شاری فەرەنسا کە مارسیلیایە و بای بەهێز بڵێسەی ئاگرەکەی هەڵکردووە و بڵاوبوونەوەی خێراتر کردووە.
هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێم فەرمانی چۆڵکردنی سەدان کەسیان لە ناوچەی مەترسیدار دەرکردووە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، نزیکەی 800 تیمی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکەدان و بە درێژایی شەو کاریان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر خێرایی با وەک پێشبینییەکانی شەوی ڕابردوو کەمببێتەوە، ئەوە ڕێگەمان پێدەدات لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی فەرەنسا، لانیکەم 400 کەس کە 71 کەسیان دانیشتووی خانەی بەساڵاچووانن، لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان گواستراونەتەوە.
هەروەها دەسەڵاتداران داوایان لە خەڵک کرد کە پەنجەرەکان بە داخراوی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی دوکەڵی ژەهراوی نەچێتە ناو ماڵەکانیان.
گوڵان: سەردار خەلیل
