میللەت و تاک بەرهەمی مێژوویین
دۆرکهایمی کۆمەڵناس، کۆمەڵگە بە کۆی تاکەکان نازانێت و ئەم بۆچوونە بە بۆچوونێکی مێکانیکی دادەنێت. ئەو کۆمەڵگە بە بەرهەمی پڕۆسەیەکی مێژوویی دادەنێت کە لەوێدا کۆمەڵێک خەڵک بە کەڵەکەکردنی زۆر بابەتانەوە خۆیان دەکەنە کۆمەڵگە؛ کۆمەڵگەیەک کە دەرگە و دەروازەی هەیە؛ بەر و بانی هەیە و هێڵی سووری هەیە و شتی گونجاو و نەگونجاوی تێدا جێگیر بوونە.
تاک لەو کۆمەڵگەیەدا تاکێکی ناو جەنگەڵ نیە، بەڵکوو لە ناو چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی مێژووییدا پێناسە دەکرێت و کاری هەرە گرینگی ئەم چوارچێوەیە ئەوەیە کە بزاوتی کۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانج دەکاتە ئەگەرێکی کردەیی.
لە کۆمەڵگەی ناپێگەیشتوودا دەڵێن چەمکی کۆمەڵگە لە تاکەوە دەست پێدەکات، زۆربەی جار کەم و کۆڕییەکان بە لاوازبوونی ڕۆشنبیریی تاک گرێ دەدەن. ئەمەیان هەڵەیە، ڕووناکبیری و پەروەدەی باشی تاک کاتێک دەگاتە بەرهەم کە چوارچێوەکە جێگیر بووبێت.
لە مەیدانی ئابوورییدا ئەوەممان بۆ دەرکەوتووە کە گەشەی تاک لە ئابوورییەکی بێ سەروبەر و لاوازدا دەتوانێ بۆ خودی تاکەکە سوودێکی هەبێ، بەڵام بۆ کۆمەڵگە کارتێکەرییەکی بەرچاوی نابێت؛ تەنانەت ئەو تاکە گەشەکردووانەش خۆیان دەبنە بار لە سەر کۆمەڵگەدا.
لە ئێرانی ئەمڕۆدا ئەم چوارچێوەیە نییە. جیاوازییەکانیانی دیسکۆڕسی نێوان حاکم و ئۆپۆزیسیۆن بە زەحمەت دەستنیشان دەکرێ و لێک جیا دەکرێتەوە. ئەوان بۆ ئیدارەی وڵات بەرنامە و بۆچوونی جیاوازیان نییە. هەموو ئالتەرناتیڤەکان لە بنەمادا یەکن. دواجار میللەتێک لە دوای زیاتر لە سەد ساڵی دەستپێکی مۆدیرنیزاسیۆنی خۆیدا دەست بەتاڵە. ڕەوتی گشتیی وڵات لە بوارەکانی ژینگە، ئابووری و ریفاە و پێگەی ناوچەیی و... بێچار و دەستی خاڵییە. لەو دۆخەدا زۆرینە کاتەکان بیری خۆ ڕزگارکردن بە هەر شێوە و بە هەر نرخێک بۆ تاک دەبێتە بابەتێکی ستراتێژی. تاک بە مانای واقێعی لە جەنگەڵدایە. ئەم تاکە لە توانایدا نییە بزاوتی کۆیی (حەرەکەتی جەمعی) بکات، بۆیە هەرچەندی وڵات بەردەوام بەرەو لێژێ دەڕوات بێچارە ماوەتەوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ کەڵەکەکردنی ئەم نرخ و نیزام و نۆڕمانەدا گرینگە ئاماژە بەوەشەوە بکەین کە ئەگەر بەشدارانی بینانان خۆیان بۆ قەبووڵاندنی ئەوەی کە ئێمە هیچ نین، هەموومان درۆ دەکەین هەموو شتمان خەرابە، تەرخان بکەن، ئەو کات پڕۆسەیەکی پێچەوانەی بیناکردن بەڕێوە دەبێت. ئەم دیاردەیەش شیاوی کەڵەکەبوونە؛ تا ئەو ڕادەیە کە نە تاک و نە کۆ باوەڕیان بە خۆیان و به داهاتوویان نەبێ، ئەوە مەترسیدارە.
ئەم دیاردەیە لە کوردستاندا باوە، کەم خۆێندواران لەم مەیدانەدا نەک هەر چالاکن بەڵکوو سەردەستن. ناوچەیەکی فێدراڵی کە لە ڕووی پانتاییەوە ئەوەندە بچووکە مومکین نییە دەنگی و باسی بایی ئەوەندەی هەبێت کە بەشی چەندین تەلەفزیۆنی بیست و چوار سەعاتی بکات چۆن دەتوانێ خاوەن چەندین کاناڵی بیست و چوار ساعەتە بێت. دیارە بۆ پڕکردنەوەی هەموو کاتەکان پێویستە هەموو کەس لە سەر هەموو شت بدوێ. ئەوەیان کارێکی ڕووخێنەرانەیە.
ئەو کارانە نەزم و چوارچێوەی مێژوویی پێویست بەرهەم ناهێنن. ئێستا بۆ کورد زیاتر لە هەموو میللەتێک گرینگە کە بیر لە جێگیرکردنی چوارچێوە، نەزم و نۆڕمە سەرەکییەکان و نیزام بکات و خۆی بخاتە ناو پڕۆسەی کەڵەکەکردنی ئەو هەیکەلییەتە بۆ ئەوەی ئێستا و داهاتووی خۆی وەک کۆمەڵگە مسۆگەر بکات و وەک لیکەوتەش تاکی کورد ببێتە تاکێکی زیندوو و داهێنەر و ساغ .
7/7/2025
