بەهۆی لافاوێکی کوشندە لە ویلایەتی تەکساس ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا
ڕۆژی دووشەممە 7ی تەمموز، دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا ژمارەی کوژراوانی لافاوە کوشندەکەی هەینی ڕابردوو ڕوویدا، بە ٨٢ کەس و ژمارەی بێسەروشوێنەکانیش ٤١ کەسیان ڕاگەیاند.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانی ماڵ و کەمپەکانی گەنجان لە ویلایەتەکەدا.
بە گوتەی پارێزگاری ویلایەتی تەکساس، بەرپرسانی ویلایەتی تەکساس بە درێژایی کاتژمێر کاردەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی لافاوەکە و لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوەکە لە هەندێک ناوچە، گەڕان بەدوای ونبووەکاندا چڕتر بووەتەوە.
پارێزگاری ویلایەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو بێسەروشوێنەکان دەدۆزرێنەوە.
سەرەڕای هۆشداریی دەسەڵاتداران بۆ جێهێشتنی ناوچە گرینگەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆبەخشەکان، هەروەها بەشێک لە ئەندامانی خێزانی بێسەروشوێنەکان، لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سەختدا مانەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە گەڕان بەدوای ئازیزانیاندا.
گوڵان: سەردار خەلیل
