سەرۆکی شارەوانی سێ شاری سەرەکی باشووری تورکیا دەستگیرکران
هاوکات لەگەڵ 100 هەمین ڕۆژی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ سێ سەرۆک شارەوانی دیکەی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری تورکیا دەستگیرکران و ئەمەش شەپۆلێکی نوێی نیگەرانی لێکەوتەوە سەبارەت بە زیادکردنی گوشارەکان لەسەر نەیارانی حکومەتی ئەردۆغان.
بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 5ی تەمموز سەرۆکی شارەوانی ئادیامان و سەرۆکی شارەوانی ئەدەنە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دەستگیرکراون.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەشدا ئەوەش ڕاگەیەندراوە، کە شارەوانی ئەنتالیا محی الدین بۆجیک لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی جیادا لەلایەن داواکاری گشتیی ئەنتالیاوە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراون.
لە بەرامبەردا، حکومەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەستگیرکردنەکان تەنیا لە چوارچێوەی "شەڕی دژی گەندەڵی" ئەنجامدراوە و دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی سەربەخۆ لە حکومەت کار دەکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
