دووبارە داڕشتنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە میانەی وزە و ئاسایشەوە
Redefining and Strengthening the U.S.-Iraq Relationship Through Energy and Security
(*)
لەگەڵ ئەوەی عێراق سەقامگیرترە لە چەندین ساڵ لەمەوەبەر، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئەمنی و وزەییە بەرچاوەکان دەبێتەوە، لەوانە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ململانێی ئێران و ئیسرائیل، پشت بەستن بە گازی ئێرانی کە جێگای باوەر نییە، سەرەڕای دەرفەتە گازە ناوخۆییە بەکارنەهێنراوەکان، و هەڕەشەی بێوچانی دەوڵەتی ئیسلامی.
رووبەرووبوونەوەی بەرچاوی ئەمنی و ئابووری عێراق لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە هەوڵدەدات لە هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش جیابێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا ڕێکبخاتەوە. هاوبەشکردن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دەستپێشخەرییەکانی وزە و ئەمنی نەک هەر دەتوانێت ئامانجەکانی عێراق بەرەوپێش ببات بەڵکو خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکانی سەرۆک ترەمپ دەکات و بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی ئێران و چینی لە عێراق دەدات و دەرفەتی ئابووری زیاتر دروست بکات و هەوڵی بەرفراوانتر بۆ سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسان بکات.
پێشکەوتنی "لەسەرەخۆ بەڵام جێگیر" لە کەرتی غازدا.
پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن لە کەرتی وزە، لەوانەش غازی سروشتی، یەکێکە لەو هاوبەشییە گرنگانەی کە حکومەتی عێراق هەوڵی بەهێزکردنی دەدات. ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری غازە لە جیهاندا و هەناردەکردنی بەرفراوانی غازی سروشتی شل (LNG) یارمەتی ئەوروپای دا کە لە کاتی شەڕی ئۆکرانیادا جێگەی پێداویستییەکانی ڕووسیا بگرێتەوە. یەدەگی گازی عێراق کە لە پلەی دوازدەهەمی جیهاندایە بەرچاوە، بەڵام وەک بەرهەمێکی لاوەکی دەرهێنانی نەوتی خاو بەرهەمدەهێنرێن، بەتایبەتی لە باشوور، بڕێکی زۆر لەم گازە بەردەوامە لە سووتاندنی بەفیڕۆدان نەک سوود وەگرتن وبەکارهێنانی. عێراق لە ڕیزبەندی پێنج خراپترین وڵاتی جیهاندایە لە ڕووی ڕێژەی سووتانی غازەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕۆژانە نزیکەی ١٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا ستانداردی سووتاندووە، لە کاتێکدا نزیکەی ١٠٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. لەو ساڵەدا تۆڕی کارەبای عێراق 5 هەزار مێگاوات لەدەستداوە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبای ئێران، کە لە بنەڕەتدا جێی متمانە نییە. دەکرێت ئەمساڵ هەمان کێشە دووبارە بێتەوە. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ئەم هاوردەکردنانە بەهۆی ململانێی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل مەترسی پچڕانیان لەسەرە بۆ ماوەیەکی نادیار.
لەکاتێکدا بەغدا هیواخوازە تا ساڵی 2028 بتوانێت سفر سووتانی غاز بەدەستبهێنێت، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە چۆن هاوسەنگی ئەم ئامانجە لەگەڵ ئاواتەخوازەکەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کۆتایی ئەم دەیەدا (عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکە). لە ساڵانی ڕابردوودا وڵاتەکە پێشکەوتنی جێگیر، هەرچەندە خاویشی بەدەستهێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی لە کەرتی گازدا، دیارترینیان سووتانی غاز بوو، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵدەدات کۆمپانیانی زیاتر لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە بۆ وەبەرهێنان لەو کەرتەدا ڕابکێشێت. بەڵام بەربەستی تەکنیکی و سیاسی ماون، لەوانە دەستوەردانی سیاسی، گەندەڵی و بیرۆکراسی، کە چەندین پڕۆژەی دواخستووە.
هەندێک لە پڕۆژەکانی گرتنی غاز وردە وردە بەرەو پێشەوە دەچن، لەوانە پڕۆژەی گەورەی گەشەی یەکگرتووی غاز (GGIP) پڕۆژەی یەکگرتووی گەشەی غاز، کە لەلایەن کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز لە فەرەنسا سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەم پڕۆژە چوار قۆڵییە بریتییە لە پەرەپێدانی وێستگەی گازی ئارتاوی، کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد (ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە ڕۆژێکدا (mmscfd) غازی پەیوەندیدار لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی باشووری عێراق بەرهەم بهێنیت. لە مانگی یەکدا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی و هاوبەشەکانی، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و قەتەر ئینێرجی، دەستیان بە دروستکردنی یەکەم دامەزراوەی پرۆسێسکردنی غازی پەیوەندیدار لە کێڵگەی ئارتاوی لە پارێزگای بەسرە کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بەشێکە لە GGIP، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 50 پێ سێجا گازی پێشتر سووتاوە پرۆسێس بکات، کە دواتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت.
کۆمپانیا چینییەکان هەندێک گرێبەستیان بۆ دروستکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی غازی یەکگرتوو بەدەستهێناوە، هەروەها پەکین بەشدارە لە پڕۆژە گەورەکانی دیکەی غاز لە عێراق، لەوانە وێستگەی پرۆسێسکردنی غازی حەلفایا کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەستی بە کارەکانی کردووە بەرهەمی کێڵگەکانی ڕومەیلە و قورنەی ڕۆژئاوا ١ و زوبەیر کە سێ لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی باشوورن.
لەگەڵ ئەوەشدا کەرتی وزەی عێراق بە بێ هێزی ماوەتەوە. لە مانگی ئایاردا بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی گازی ئێران و هەروەها کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونەکانی واشنتۆن لە هاوردەکردنی کارەبای ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 4 هەزار مێگاوات لەدەستدا. هەموو ئەم تەحەددایانە دەبێت بەغدا هان بدەن بۆ یەکەمایەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی گاز و کارەبا.
هاوبەشی ئاسایش
بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی وزەی ئەمریکا و عێراق نەک تەنها پێویستی بە کەشوهەوای لەباری وەبەرهێنان هەیە بەڵکو پێویستی بە ئاسایش و بەردەوامیی هەیە. بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران پێویستە عێراق سەقامگیری و ئاسایشی خۆی نیشان بدات بە چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی دەستوەردانی دەرەکی و ململانێ ناوخۆییەکان. بۆ واشنتن ئەمە بەو مانایەیە کە بەغدا دەبێت یەکەمجار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و دووەم لەسەر کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەردەوام بێت، کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕەنگە فراوانتر بێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی بەغدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش لە عێراق جێگیر بوون. دوابەدوای شکستی داعش لە عێراق لە ساڵی 2017، واشنتۆن سەرنجی خستە سەر ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی بەغدا بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی ئەو گروپە لە ڕێگەی هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری و پارەدان. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان سەرکەوتنی زیاتر لە دژی داعش و فشارەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئەمریکا، عێراق دەستیکرد بە پچڕاندنی ئەرکی هاوپەیمانی و هەوڵیدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لەسەر بنەمای دوولایەنەتر دابنێت.
لەو کاتەوە بارودۆخی ناوچەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، بارودۆخی نوێ و نادیار لە سوریای دراوسێ هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام هێشتا دەتوانرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هاوبەش بێت.
بۆ عێراق، ئەرکی دژە داعش هێشتا گرینگە و پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا وەردەگرێت. هەرچەندە ئەم گرووپە بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و ئیدیعای تەنیا پێنج هێرشی کردووە لە عێراق تا ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بەڵام هێشتا هەوڵی ئیستغلالکردنی دووبەرەکییەکانی نێو وڵاتەکە دەدات. جگە لەوەش عێراق قەرەباڵغییەکی زۆری هەیە لە زیندانیانی ئەلقاعیدە وداعش، پابەند بووە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەکانی سەر بە داعش لە سوریاوە تا ساڵی 2026. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بودجەی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندنەوە و سەقامگیریکردن دەبڕدرێت. بەبێ وەبەرهێنان لەم بەرنامانەدا، توانای عێراق بۆ سەرکەوتوانە یەکخستنەوەی ئەو کەسانەی کە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان و ئازادکراون لە زیندان، بە توندی تێکدەچێت.، جگە لەوەش دەستێوەردانەکانی ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری و ئاسایشی عێراق داناوە. بۆ نموونە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڕەشەی تێکدانی حکومەت و لاوازکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن و ڕاستەوخۆ هێز و بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج. لە میانەی ململانێی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم میلیشیایانە دیسانەوە هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان لە شەڕەکەدا بکات، هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لە کاتێکدا بەغدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی ئەرێنی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ واشنتۆن دابمەزرێنێت، دەبێت کار بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی ئەو ئەکتەرانە بکات.
رێنمیەکان
لێدانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆی ئێران، پێویستی بەپەلەی عێراق بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی وزە لەگەڵ ئەمریکا و ئیستغلالکردنی دەرفەتە ئابوورییە بەکارنەهێنراوەکان لە کەرتی گازدا نیشان دەدات. بەشێک لەو هەوڵە دوو قۆڵییانە پێویستە لەسەر کەمکردنەوەی هەڵگیرسانی گاز و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان بێت، وەک کێڵگەی ئەکاس کە گەورەترین کێڵگەی غازی ناپەیوەندیدارە لە عێراق، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ئێستا کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکی SLP تێیدا بەشدارە. هەوڵەکانی دیکە دەتوانن هەمان ئەم پرسانە چارەسەر بکەن و لە هەمان کاتدا ئابووری عێراق هەمەچەشن بکەن. بۆ نموونە:
· بەغدا دەتوانێت سوود لە سەرکەوتنەکانی سعودیە لە چارەسەرکردنی کێشەی سووتاندنی گازەکەی وەربگرێت. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕیاز بڕیاریدا دەست بکات بە گرتنی گازی پەیوەندیدار لە ڕێگەی سیستەمی ماستەر گازەوە، کە تۆڕێکە لە بۆرییەکان کە شوێنەکانی گاز لە سەرانسەری وڵاتدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم هەوڵە یارمەتیدەر بوو بۆ سووتەمەنی پیشەسازی لەناو شانشینیدا. ئەمڕۆش سیستەمی فراوانکراو کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە کارکردن کردووە، هێشتا تەکنەلۆژیای کۆمپانیا پێشەنگەکان کە بنکەکانیان لە ئەمریکا و کۆمپانیاکانی دیکە بەکاردەهێنێت.
· ڕاپۆرتێکی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بە ئەگەری تێوەگلانی کۆمپانیای KBRی ئەمریکی لە پرۆژەی پترۆکیمیایی نەبراس لە باشوور کردووە، کە لە مێژە دواکەوتووە. شایانی باسە کە گازی پەیوەندیدار لە عێراق دەوڵەمەندە بە ئیتان، کە شلەیەکی غازی سروشتییە بۆ بەرهەمهێنانی ئیتیلێن بەکاردێت، کە دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە هەر پیشەسازییەکی پترۆکیمیایی داهاتوودا. ئەمە بوارێکە کە بەغدا دەتوانێت بە جددی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لێی بکۆڵێتەوە.
· لە ماوەیەکی نزیکدا، هاریکاری عێراق لەگەڵ کەرتی تایبەتی ئەمەریکا دەتوانێت بەکرێدانی یەکەکانی عەمبارکردنی و دووبارە گازکردن لەخۆبگرێت بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی شل (LNG)، بۆ ئەمەش عێراق لە ئێستادا بە خێرایی ژێرخانی پێویست لە باشووردا بنیات دەنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکا پێشەنگی جیهانییە لە بواری LNG، ئەمە دەتوانێت دەرفەتێکی دیکە بێت بۆ هاوکاری.
· سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندێکی باڵای بازرگانی ئەمریکا بۆ بەغدا دەریخست کە فراوانکردنی هاوکارییە دوولایەنەکانی وزە ئەگەری هەیە. بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەمە، ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق زۆر گرنگە، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەترسییە جیۆپۆلیتیکییانەی کە ململانێی ئێران و ئیسرائیل دروستیان کردووە. بە تایبەتیتر.
· واشنتۆن و بەغدا دەبێت بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە فرەڕەوانەی داعش دروستی دەکات و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و دڵنیابن لەوەی هیچ ئەکتەرێکی دەوڵەت و نادەوڵەتی ناتوانێ دۆخی ئاسایشی ناوخۆ تێکبدات.
· پێویستە بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق بەردەوام بن لە پلاندانان و جێبەجێکردنی گواستنەوە بۆ قۆناغی دوای هاوپەیمانی. ئەمەش واژۆکردنی ڕێککەوتنی دۆخی هێزەکان یان لێکتێگەیشتنێکی دوولایەنەی دیکە دەگرێتەوە کە پێگەی یاسایی بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دیاری دەکات. جگە لەوەی ڕێگە بە واشنتۆن دەدات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بۆ ئێران و هاوبەشە میلیشیاکانی نیشان دەدات کە بەغدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن لە پێشینەی داناوە. هەروەها بۆ وەبەرهێنەرانی تایبەت نیشان دەدات کە هەردوو حکومەت ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن، بەمەش وڵاتەکە پێگەیشتووە بۆ وەبەرهێنان.
لە کاتێکدا بەغدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن پێناسە بکاتەوە، جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری لەسەر وزە و ئاسایش دەتوانێت ڕاستەوخۆ خزمەت بە ئامانجەکانی ئەمریکا بکات کە بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێران و چین، ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری نوێ، سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر و کەمکردنەوەی فەزای بێ ئیدارەیی کە زۆرجار لەلایەن ئەکتەرە دوژمنکارەکانەوە دەقۆزرێتەوە.
(*) نووسینی: نعوم ريدا - ديفورا مارغولين

شێرکۆ حەبیب