ڕۆڵی پەروەردە و فێرکردن لەنەهێشتنی ڕق و قینە

ڕۆڵی پەروەردە و فێرکردن لەنەهێشتنی ڕق و قینە

(ئیجای كرسیتی) نوسەر و ڕۆماننوسی ئینگلیزی دەڵێ"مرۆڤی بێهێز ڕەنگە ببێتە گیاندارێكی كێوی و دڕندە ئەگەر هەڵی بۆ ڕەخسا و لە كاتێك هەست بە ڕق وقینە بكات بەرامبەر ژیان و كۆمەڵگە".
بێگومان ڕق وقینە لەو ڕەفتار و هەڵسوكەوتە ناپەسند و ناخۆشەویستانەیە كە متمانە و دڵنیایی لە ناو دەبات. ئەوەی من دەمەوێ لەم وتارە باسی بكەم ڕۆڵی پەروەردە و فێركردنە لە نەهێشتن و كەمكردنەوەی ڕق و قینە لە ناخی كەسەكان كە نەخۆشییەكی كوشندە و مەترسیدارە و مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئاسودەیی و بەختەوەری بژی پێویستە ڕق و قینە لە دڵی و ناخی دەربكات. چونكە ڕق وقینە پێش ئەوەی زیان بە كەسە نزیكەكانی بگەیەنێ و خاوەنەكەی دەكوژێ.
لێرەدا ڕۆڵی پەروەردە و فێركردن كە بەردی بناغەی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەرز و ڕۆشنبیر و لێبوردە و بە تاڵ لە ڕق و قینەیە دەتوانی كاریگەری زیندوو سەرەكی و گرنگی هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئەو جۆرە ڕەفتار و هەڵسوكەوتە نا بەجێیانە و دوور لە ڕەوشت و بەهاو مرۆڤایەتی، ئەویش لە ئەنجامی پتەوكردن و مكومكردنی زیاتری بەهاو بنەماكانی بەخشندەیی و لێبوردەیی و ڕێز و ستایش كردن و ....تا دوایی.
لێرەدا گرنگە پەروەردە و فێركردن لە رێگای پڕۆگرامەكانی خوێندن لە بابەتە پەیوەندیدارەكانی كۆمەڵایەتی و كارامەیی و بەهاكان و پەروەردە و ئاین دا، بنەماكانی خۆشەویستی و یەكتر قبوڵ كردن و لێبوردەیی و ڕێزگرتن و پێكەوژیانی ئاشتییانە لە ناخی نەوەكان و قوتابیاندا بڕوێنێ و نەشونما بكات تا بتوانرێ لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشت بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و بە یەكتربەستراو و لكاو و یەكگرتوو. كە ئەوەش بە پلەی یەكەم لە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی پێویستە جەختی لێ بكرێتەوە. بەهەمان شێوە ناكرێ ڕۆڵی پێشەنگانی زیندوو و كاریگەر لە بواری پەروەردە و فێركردن پەروەردەكاران و مامۆستایان لە یاد بكرێ كە هەمیشە نموونەی پێشەنگی هەرە زیندوو و باشن لە ئاراستەكردنی قوتابیانی خۆشەویست و ئامۆژگاری كردنی بەردەوامیان، بە وتار و كۆڕ و كۆبونەوە و چالاكییەكان هەمیشە جەخت لە سەر بنەماكانی پێكەوە ژیان و خۆشەویستی و لێبوردەیی بكەنەوە و ڕەفتارە پۆخڵ و قێزەوەنەكانی ڕق و قینە شەرمەزار و ڕیسوا بكەن و هانی قوتابیان بدەن لەم ڕەفتارە قێزەوەنانە دووربكەونەوە و یەكتریان خۆش بوێ و ڕێزی یەكتر بگرن و خاك و نیشتمانیان خۆش بوێ و هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان لەگەڵ یەكتر خۆشەویستانە ڕێزگرانە بێت. هەمیشە مامۆستاكان خۆیان نموونەی بەرز و زیندوو بن لە دادپەروەری و بە چاوێكی گشتگیر سەیری هەمو قوتابیان بكەن و جیاوازی لە نێوانیان نەكەن، هەموویان لە زیرەكی و نمرەدانان و بەشداری پێكردنیان لە چالاكیەكانی تری وەرزشی و هونەری و ژینگەیی و قوتابخانەیی بە هەموو جۆرەكانیەوە هەموویان بەشداربن، ژینگەیەكی لە بارو گونجاو و پارێزراویان بۆ فەراهەم و دەستەبەر بكەن. ئەوانەش دەبنە مایەی كەمبوونەوە و نەهێشتنی ڕق وقینە لە ناخی قوتابیان و بڵاوكردنەوەی لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشەویستی لە نێوانیان و پەرەپێدانی بەردەوامی كارامەییەكانی كۆمەڵایەتی لە نێوان قوتابیەكان كە ئەوەش ئەرك و داواكاری پەروەردە و فێركردنە

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top