بەهۆی تەقینەوەیەك لە دامەزراوە کیمیاوییەکانی هیندستان دەیان كەس گیانیان لەدەستدا
ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی لە ویلایەتی تێلانگانا لە هیندستان بۆ ٤٠ کەس بەرزبووەوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیەکی زۆریش هێشتا بێسەروشوێنن.
تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا خەریکی گەڕانن بەنێو داروپەردووی باڵەخانەکەدا. دەوترێت زۆربەی قوربانییەکان کرێکاری کۆچبەرن.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، كە ئەگەری هەیە ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە، هەروەها دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لەم ڕووداوە بەردەوامە.
شارەزایان هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێننەوە بۆ خراپی پلاندانان و کەمتەرخەمی لە یاساکانی سەلامەتی.
ئەو وێنانەی لە تەلەفزیۆنی هیندستانەوە پەخشکرابوون، ستوونی دوکەڵی ڕەش بۆ ئاسمان بەرزدەبووەوە. وەزیری کار لە ویلایەتەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە بریندارەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
