پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتووچۆ
ئەمڕۆ ١ی تەموزی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بازنەی گفتوگۆ سییەمین گفتوگۆی خۆی بە ناونیشانی "پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتووچۆ" بەڕێوە برد.
لەم گفتوگۆیەدا کە بەڕێزان: د. سالار عوسمان، د. ئاگرین عەبدوڵڵا، هێژا محەمەد، حەکیم تێلی، خەدیجە محەمەد، د. فارس نەجاڕ، دیلان عەبدوڵڵا، کانیوار جوبرائیل، د. گەنجینە مەدحەت، و هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ: شڤان حەمدی، د. جەلال ئەحمەد و فەرهاد محەمەد ئامادەی بوون، سەرەتا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە بۆ ئامادەبووان نمایش کرا کە بازنەی گفتوگۆ لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبوو و تێیدا ڕاوبۆچوونی ئەندازیاران و شۆفێران وەرگیرابوو.
لە دەستپێکی ئەم گفتوگۆیەدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجی بازنەی گفتوگۆ ئەوەیە توانا و بیروبۆچوونە جیاوازەکان پێکەوە کۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی پێشنیاز و ڕاسپاردەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بخاتە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لەم گفتوگۆیەدا ئامادەبووان زۆر بە وردی جەختیان لەسەر گرفتەکانی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی گرنگی بە پڕۆژەی ڕێگاوبانەکان داوە، بەڵام هێشتا ڕێگاوبانەکانمان لە ئاستی پێویستدا نین و وەک پێویست بایەخ بە نەخشە و هێڵکاریی ڕێگە سەرەکییەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ نەدراوە.
سەبارەت بە سستی و دواکەوتنی بەشێک لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان، بەتایبەتی ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، ئامادەبووان هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەکانیان بۆ ئەو گەمارۆ ئابوورییە گێڕایەوە کە حکومەتی بەغدا لەرێگەی بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، كە ئەمەش قەیرانێکی گەورەی ئابووریی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
لایەنێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیە، جەختکردنەوە بوو لەسەر شەقامە ناوخۆییەکانی شارەکان و دروستبوونی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لە شەقامەکاندا. ئامادەبووان بەشێوەیەکی گشتی جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نەبوونی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لە شارەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک ناچار بێت پەنا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆی بەرێت. بەمەش جگەلەوەی قەرەباڵغییەکی زۆر لە شەقامەکان دروست بووە و هەندێک جاریش دەگاتە ئەوەی ترافیک جام ببێت، لە هەمان کاتدا هۆکارێکی خراپیشە بۆ پیسبوونی ژینگەی کوردستان.
جێی ئاماژەپێکردنە، ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە "پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتووچۆ" لە ڕۆژی ٧ی تەموزی ٢٠٢٥ بە درێژی لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەکرێتەوە.
