سەركردەكان و حوكمڕانی- نوخبە و سیاسەت
نووسین و لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكارەكانی وەستان و چەقینی گەشەسەندنی گشتیی هەرێمی كوردستان، هاوكات توێژینەوە لەو هۆكارانە كە بۆچی شۆڕشگێڕانی فەرمانڕەوا توانای تێگەیشتنی بنەماكانی گەشەی هەمەگیری كۆمەڵگەیان نەماوە، ناوەڕۆكی بنەڕەتیی كتێبێكی تازە چاپكراوی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەر و چاودێری سیاسی (سەرۆ قادر)ە، بەناونیشانی(سەركردەكان و حوكمڕانی- نوخبە و سیاسەت)، نووسەر بە تێروتەسەلی شیكردنەوەی بۆ شۆڕشگێڕانی نێو كۆمەڵگەی تەقلیدیی هەرێمی كوردستان كردووە، لە هەمان كاتدا ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی(كە جاران پێیان دەگوترا جیهانی سێیەم) لە هەمان بواردا هێناوەتە بەرچاو. بەڕێز سەرۆ قادر هەروەك لە تێكستێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە خۆی نەوەی شۆڕشگێڕە و لە بیست ساڵی یەکەمی مێژووی هەرێمی کوردستاندا شارەزایی هەیە و، لە میکانیزمی فەرمانڕەوایی شۆڕشگێرانی دوای ڕزگاری تێدەگات. بۆیە لە پێناوی دۆزینەوەی چارەسەری ملی دایە لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا، کە بە داخەوە کەم کاری تێدا ئەنجام دراوە. لەو کارەدا پشتی بە زانست و ئەزموونی مەیدانی بەستووە و، هەوڵی داوە لە داتاشینی ڕای دووربکەوێتەوە. هەرێمی کوردستان، سەرباری گەشەیەکی سەرەتایی و ڕووکەش، لە گشت بوارەکانی دیکەی حکومەتداريی باش بەرەو داب و باوەڕی تەقلیدی و سوننەتی دەگەڕێتەوە، سایەی ئەمەش بەسەر لێڵبوونی بنەماکانی ئازاد و گەشەی ئابووری و مافی یەکسانیی ژنان و پێکهاتەکان و توێژە کێشەدارەکانی کۆمەڵگە کشاوە و، وڵاتی بەرەو تەنگوچەڵەمەیەکی قووڵ بردووە. ئەم هەوڵەی نووسەر و توێژەر، بۆ دژایەتیی هیچ حزب و سەرکردەیەکی دیاریکراو نییە، هەربۆیەش کەمتر خۆی لە قەرەی ناوهێنان و فاکتەرگرتن لەسەر سەرکردەکان و هەڵوێستی حزبەکان داوە، لەبەر ئەوە نزیک بە دە ساڵی خایاند، تا ئەم چەند سیپارەیەی ئامادە کرد.
پێكهاتەی ئەم بەرهەمە بیست و حەوت بەش لەخۆ دەگرێت، جگە لە كۆئەنجام و سەرچاوەكان و نوایە. نووسەر بەشێكی بۆ چوونەنێو سیاسەت لە دەروازەیەكەوە تەرخان كردووە، ئەو پێی وایە و سەلماندوویەتی كە سیاسەت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا قۆناغێكی دوور و درێژی هەیە، سیاسەت پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زاناییەوە هەیە، هەر بۆیە لە مێژوودا ئەنجامی بیركردنەوە و دەربڕین و نووسینی بیرمەندە گەورەكانی ئەو كات بووە، توێژەر لە بواری سیاسەتدا لەسەر خاڵێكی دیكەدا دەوەستێت ئەویش ئەوەیە كە، سیاسەت كاتێك دەچێتە بواری كردەوەوە، باشی و خراپییەكەی لەو مۆدیلەدا دەردەكەوێت، كە پێشكەشی دەكات، ئەو مۆدیلە لەو حكومەت و دەوڵەت بەڕێوەبردنەدا دەردەكەوێت، كە سیاسەتمەدارەكان پێشكەشی دەكەن. دیارە سیاسەتی زانایانە و واقیعبینانەی باش، بریتییە لە بەڕێوەبردنی حکومەتی باش، حکومەتی باش حکومەتێکە لە هەموو بوارەکاندا پێویستیی پێشکەوتنی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوی بە یاسا ڕێکخراودا، بەوپێیە، سیاسەتی باش، بە دەوڵەت و حکومەتی باش دەپێورێت، هیچ کاتێک سیاسەتمەداری باش لە مێژوودا پەسند ناکرێت و شوێنی خۆی ناگرێت، ئەگەر بەپێی خواستەکانی کۆمەڵگە کاری نەکردبێت و، لەم بوارەدا زانایی و شارەزایی نیشان نەدابێت، ئەو کەسانەی سیاسەت دەکەن، دەبێت زانیاری و لێهاتووییان هەبێت، تیپی کەسایەتیشیان لە جۆرێک بێت، کە پیشەی سیاسەت بە شێوەیەکی باش بزانن.
كاتێك نووسەری ئەم كتێبە پێناسەی نوخبە یان دەستەبژێردەكات، نووسیویەتی: نوخبە یان دەستەبژێر بە زمانی کوردی، هەروەها نێلیت بە زمانەکانی لاتینی، بریتییە لە شارەزایانی تایبەتی بوارێکی دیاریکراوی چالاکی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، نوخبە یان دەستەبژێر کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراون و، هیچ نوخبەیەک زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگەیەک پێکناهێنیت، چونکە هیچ پیشەیەک لە پیشەکانی ناو کۆمەڵگە، کە پێویستی بە دامودەزگایەک هەبیت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات، کارکەرەکانی ناو ئەو دەزگا یان موئەسەسەیە لە ناو کۆمەڵگەدا هیچ کاتیک زۆرینەی هاووڵاتیانی وڵات ناگرێتەوە، ئەوە سروشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، نوخبە لەو کەسانە پێکدیت کە زانایی و شارەزایی تایبەتییان لە بوارێکی دیاریکراودا هەیە. کەسانێک دەچنە ناو نوخبەیەکی دیاریکراو، یان لە نوخبەی دیاریکراو حیساب دەکرین، کە لە ڕووی باری سایکۆلۆژیشەوە تیپی کەسایەتییان بە جۆرێکی ئەوتۆیە لەگەڵ سروشتی کارکردنی ئەو بوارە دەگونجێت، کە دەزگا دیاریکراوەکە و کۆمەڵگە دەیڕەخسێنیت.
نووسین لەسەر ئەم كتێبە پێویستی بە ڕووبەرێكی فراوان هەیە، بەڵام تەنیا بواری ئەوە هەیە كە ئاماژە بە هەندێ ناونیشانی بەشەكانی بدەین، (ئەو شۆڕشگێڕانەی وڵات ڕزگار دەكەن دەتوانن دەوڵەت بەڕێوەبەرن؟، نوخبەی سیاسی و دیاردەی پۆپۆلیزم، هاوكاریی نێوان حكومەت و حزبەكان، زیادبوونی گەندەڵی و ئایندەی حكومەتی تۆتالیتاری، هونەری دۆزینەوەی شارەزاكان لە سیاسەتی باشدا، ستراتیژە سیاسییە پێویستەكانی كوردستان، دواجار پەیوەندیی نێوان پێشكەوتنی ئابووری و دابینكردنی ئازادی و دادپەروەری). نووسەر بۆ ئامادەكردن و نووسینی ئەم كتێبە پشتی بە دەیان سەرچاوە بە زمانانی(كوردی، عەرەبی، فارسی) بەستووە، كە بوونەتە هۆكاری دەوڵەمەندكردن و پوختەكردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیەی، كە بۆ توێژەر و سیاسەتمەداران و مێژوونووسان سەرچاوەیەكی دانسقە و گرنگ و بەرچاوە.

سەرۆ قادر