فێستیڤاڵی گوڵ و گوڵزار لە كوردستان
كوردستان بەهۆی ئەو پێگەی سرووشتی و جوگرافییە سەوزەی هەیەتی لە گوڵ و گوڵزار و دار و بار لە ناوچە شاخاوییەكاندا، گرنگی بە بواری كشتوكاڵی بە گشتی و سەوزایی بە تایبەتی دەدرێت، بۆیە ماوە ماوە فێستیڤاڵ و نمایشی گوڵ وگوڵزارەكان بەڕێوە دەچن، دوا جار فێستیڤاڵی گوڵ بۆ چوارەمین جار لە شاری هەولێر كرایەوە، فێستیڤاڵەكە بە بەشداریی 40 كۆمپانیا و نەمامگەی تایبەت بەڕێوە چوو، هەر یەكێك لەو نەمامگانە بە بەرهەمی گوڵ و گوڵزاری سرووشتی كە زۆربەی بەرهەمەكانیش لە ناوەوەی كوردستان ڕواون و لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش كرابوون. جێگەی باسە لە ماوەی (6) ساڵدا زیاتر لە (522) هەزار دار و دەوەن چێندراون و هەروەها زیاتر لە (370) گوڵ بەرهەم هاتوون، فێستیڤاڵەكە لەبەردەم پاركی شانەدەر بۆ ماوەی (3) ڕۆژ كرایەوە، وێڕای ئەوەی نمایشێكی گوڵ و گوڵزاربوو، هەروەها بۆنەیەكی گەشتیاری و سەرنجڕاكێش لە ڕەنگە جۆراوجۆرەكانی گوڵەكانی لە خۆگرتبوو.
