شەپۆلی نوێی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و تەقینەوەکانی تاران و شارەکانی دیکە
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی کۆگاکان، هەڵدانی مووشەک لە ناوەڕاستی ئێران و تەقینەوەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ڕاگەیاند.
شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوە هەفتەی دووەمی خۆی و بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا باس لە تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیارێک دەدات کە ئایا وڵاتەکەی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەشداری هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران دەکات یان نا.
واشنتۆن پێی وایە ئێران لەم ماوەیەدا کاتی پێویستی بۆ بەکارهێنانی چارەسەری دیپلۆماسی هەبووە.
ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە لەوان پارێزگای گیلان بڵاوکراونەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانه له تاران و له نزیک شاری ڕەشت دەنگی تەقینەوه بیستراوه .
گوڵان: سەردار خەلیل
