مەسرور بارزانی لە هەر كوێ بێت خۆر لەوێوە هەڵدێ

مەسرور بارزانی لە هەر كوێ بێت خۆر لەوێوە هەڵدێ

 

 

ئەمڕۆ بە حوكمی ئەوەی هەرێمی كوردستان لە دەریایەكی جیۆپۆلەتیكی بەرز و نزمی پڕ لە تەمتومان دەچێت، كە بەردەوام شەپۆلی بەرز و بەهێز و هەورە برووسكەی زۆرە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەبێ ئەم ئاڵۆزییە مەترسیدارە ناحەسێتەوە، بۆیە حوكمڕانیكردنی هەرێمێكی لەمجۆرە، لە ڕاستیدا تا بڵێی زۆر زەحمەت و تاقەتبەرە، بەڵام سەركردەیەكی كاریزمای وەك جەنابی كاك مەسرور بارزانی، كە ئەزموونێكی باشی هەیە و لەناو كوورەی تاقیكردنەوەكاندا هاتووە و بووە بە سەرۆكی حكومەت، زۆر هونەرییانە گرێ كوێرەكان بە ڕووی كوردستاندا خاودەكاتەوە و، ئومێد دەخاتەوە ناو دڵی تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

هەموو هەنگاوەكانی بە ئاراستەی چارەی خۆنووسین و خۆشگوزەرانی و جارێكی دیكە پێناسەكردنەوەی حوكمڕانیكردنە لە هەرێمی كوردستاندا و بە كرداریش ئەمەی بە وردی روون كردووەتەوە. ئەم پێناسەكردنەوەیە و ئەم ئایندە ڕوونییە، كە لە جەوهەردا ماناكەی سەربەخۆبوونە، تەنیا پاراستنی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو پاراستنی جیهانێكە لە كولتوور و زمان و خواستە لەمێژینەكەی كوردان. ئەو پاشخانە بەهێزەی لە بواری ئارامی و ئاسایشدا وەدەستی هێناوە، پێمان دەڵێت تەنیا ئارامی و سەقامگیری بۆ نەتەوەیەكی زوڵملێكراوی، خاك سووتاوی وەك گەلی كوردستان بەس نییە، بەڵكو پێویستە شان بە شانی گەلانی هەڵساوە، هاوتەریب هەموو پێشكەوتنە كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتوورییەكانمان مسۆگەر بكەین. ڕاستە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە پڕە لە ململانێ و دوژمنایەتی و كوشتارگە، بەڵام ئەو حوكمڕانییەی لە كوردستان هەیە، ڕووی لە ئاسۆیە و جارێكی دیكە بۆ دواوە ناگەڕێینەوە. ئەم دید و بۆچوونەش لەو سەفەرەی كاك مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی ئەمریكا، بە تەواوی ئەو بۆچوونەی سەلماند، كە ئێستا خاوەنی سەرۆكێكین، ناهێڵێت بۆ دواوە بگەڕێینەوە و تێگەیشتنێكی قووڵی لەگەڵ زەبەلاحترین وڵاتی دنیا كە ئەمریكایە، دروست كردووە.

ئەمە وای كردووە، نەیار و ناحەزان، هەموو ئەوانەی چاویان بە سیستەمكردنی حكومەتی هەرێم هەڵنایە، ڕاست و چەپ بكەونە دژایەتی و دوژمنایەتیكردنی ئەم حكومەتە، كە لە كۆتاییدا دژایەتیكردن و دوژمنایەتیكردنی هەموو گەلی كوردستانە، چونكە حكومەتی هەرێم، حكومەتی ئەم میللەتەیە. كەواتە ئالنگارییەكان، ڕووبەڕووبوونەوەكان، ئینجا ڕێكخستنەوە و پێداگری لەسەر چاكسازی و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و باوەڕبوون بەوەی كە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكان و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە چاكسازیی هەمەلایەنە و بەهێزكردنی دامەزراوەكان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمدایە، نەك تەنیا كاردانەوەی كاتیی بەرانبەر ئالنگارییەكان. ئەمە خاڵی جەوهەرییە كە ناحەز و نەیارەكان، كاك مەسروریان كردووەتە نیشانە. بەقەد ئەمەش ئەو خۆڕاگرییەی كاك مەسرور و بەردەوامبوونی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ و نیشاندانی ئیرادە بۆ دانوستان و چارەسەری كێشەكان بەبێ سازشكردن لەسەر بنەما سەرەكییەكان. هەموو ئەمانە، لە ژوورە تاریك و داخراوەكانی دوژمنانی كورد بە زەقی باس دەكرێن.

 سەرەڕای ئەم هەموو كۆسپ و بەرپێنەی حكومەتی ناوەندی هاوسەنگەرەكانی حكومەتی ناوەندی بە ناحەزەكانی ناوخۆییشەوە دەیخەنە بەر پێی حكومەتی هەرێم، كە ئامانجی سەرەكییان بە ئامانجگرتنی خودی سەرۆكی حكومەت جەنابی كاك «مەسرور بارزانی»یە. بەڵام كاك مەسرور بارزانی، زۆر بە هێمنی بەناو ئەم هەموو رێگایە پڕ لە كۆسپ و مین چێنراوانەدا دەڕوات و، كۆسپەكان ناهێڵێت و مینەكانیش هەڵدەگرێتەوە. سەلماندوویەتی یەكێك لە واقیعبینە سیاسییەكانی نەك تەنیا كوردستانە، بەڵكو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واقیعبینترین و ئارامترین و بەسەبرترین سەرۆكی حكومەتە. دەنا ئەوەی بەغدا لەگەڵ كورد دەیكات، هەر سەركردەیەكی دیكە بوایە، نەیدەتوانی بەو شێوە سەركەوتووەی ئێستای ئیدارەی كوردستان بدات. زۆر بە وردی و بە واقیعی هاوكێشە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەخوێنێتەوە و، میللەتی كوردیشی لەبەرچاوە كە ڕووبەڕووی كیمیاباران و ئەنفال و گۆڕی بەكۆمەڵ هاتووە. ئا لێرەدایە كە حوكمڕانی دەبێتە هونەرێك، كە نەك تەنیا پێویستی بە لێهاتوویی ستراتیژی هەیە، بەڵكو پابەندبوونێكی قووڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی گەورەتر و كاركردن لەو پێناوەدا، وەك ئەركی سەرەكی لە هەوڵە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە. لەناوخۆی كوردستانیش بەردەوامیی جەختكردنەوەی لەسەر چاكسازی و گەشەپێدان ئاماژەیە بۆ خواستێك نەك تەنیا بۆ پاراستنی ڕابردوو، بەڵكو بۆ داڕشتنێكی چالاكانەی داهاتوویەكی بەردەوام و خۆشگوزەران بۆ نەوەكانی داهاتوو مسۆگەر دەكات.

 بە كورتی و بە كوردی، ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە حوكمڕانیی كوردستاندا لە ئیدارەیەكی سیاسیی سادە تێدەپەڕێت. بەڵكو ئەركێكی مانا قووڵە، كە بەرپرسیارێتیی قووڵی بۆ داڕشتنی داهاتوویەك نیشان كردووە، كە شایستەی قوربانییەكانی ڕابردوو بێت. سەركردایەتییەكەی لە خاڵی یەكتربڕینی مێژوو و ئاواتدا كاردەكات، هەوڵ دەدات كەشتیی كوردی بەناو جیهانێكی پڕ لە زریانی گێژەندا ئاراستە بكات. سەركەوتنی ئەم هەوڵە لە كۆتاییدا بەپێی توانای گۆڕینی خەباتێكی مێژوویی بۆ واقیعێكی بەردەوام و گەشەسەندوو هەڵدەسەنگێنرێت. كە دڵنیاین ئایندەی كوردستان بە هۆی كاك «مەسرور بارزانی»یەوە، لەكوێ خۆر ئاوا بێت، لەوێ خۆر هەڵدێت.

 

مەسرور بارزانی لە هەر كوێ بێت خۆر لەوێوە هەڵدێ
Top