لە مێژووی كورددا زۆرترین مەلا و زانا و كەسایەتیی ئایینی لە دەوری شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی كۆبوونەتەوە

لە مێژووی كورددا زۆرترین مەلا و زانا و كەسایەتیی ئایینی  لە دەوری شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی كۆبوونەتەوە

 

مامۆستا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا هێمای نەتەوەپەروەری و بارزانیخوازی بوو لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور

 

 

لە تێكڕای شۆڕشەكانی كورددا، بەتایبەتی شۆڕشە هاوچەرخەكانی بەلایەنی كەمەوە سەدە ونیوێك‌ لەمەوبەر. مەلا و زانا و كەسایەتیی ئایینی ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە، چ لە سەركردایەتیكردنی شۆڕشەكاندا و چ وەك هەڵسووڕاو و دڵسۆز، بەڵام كاتێك بەدواداچوونی مێژوویی دەكەیت، دەبینیت شۆڕشی كورد بە ڕێبەرایەتيی (مەلا مستەفا بارزانی) زۆرترین مەلا و فەقێ‌ و كەسایەتیی ئایینی لە دەور كۆبووەتەوە. ڕاستە ئەمە هۆكارێكە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئایینیی سەدان ساڵەی بارزانەوە هەیە، بەڵام هۆكارە بەهێزەكە خودی (مەلا مستەفا بارزانی)یە، وەك كەسێكی شەیدای ئەو چینە و بێ‌ ئەندازە ڕێزگرتنی لێیان، ئەم خەسڵەتە بەرزەی ئەو لە ناو لاپەڕەكانی مێژوودا بەڵگەنەویستە و بە تۆماركراوی هەیە.

مامۆستا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا، یەكێكە لەو زانا بارزانی ویستانە كە تا ئێستاش ڕەمز وهێمای خۆشەویستیی مەلا مستەفا و شۆڕشەكەیەتی، لە دەڤەری هەورامان، هەڵەبجە، شارەزوور. مامۆستا مەلا ئەحمەد، ساڵی (1927 ز) لە گوندی (دەمەیەو) لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بنەماڵەیەكی ئایینیدا لەدایك بووە. ساڵی (1937) خراوەتە بەر خوێندنی حوجرە، ساڵی (1940) بە هاوڕێیەتیی فەقێی هاوتەمەنی ئەو كاتەی، و مەلاباشی دوایی (مامۆستا مەلا غەفووری كانی سپیكەیی و مامۆستا مەلا فایەقی ئاڵمانەیی) دەگەنە شاری سلێمانی و داخڵی حوجرەی مزگەوتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی (مزگەوتی خانەقا) دەبن. لەم دەمەدا زانای گەورە (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا چرۆستانی) وانەبێژی حوجرەی ناوبراو دەبێت، «مامۆستا نووری فارس حەمەخان» كە خۆیشی قوتابیی مامۆستای چرۆستانی بووە، گێڕایەوە و گوتی: «دوای ئەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1936ز لەسەر كوردایەتی لە زێدی خۆی دوور دەخرێتەوە بۆ سلێمانی، بیـر لەوە دەكاتەوە كە درێژە بە خوێندنی ئایینی خۆی بدات، بۆیە دەچێتە مزگەوتی خانەقا، كە لەو كاتەدا مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی مەلا و وانەبێژی دەبێت، لە خزمەتیدا دەست دەكات بە خوێندن و لە خزمەتیدا سەرجەمی پڕۆگرامی ئەو كاتەی حوجرە، بە تەفسیـریشەوە، تا پەڕتووكی «شەرح عەقائید» دەخوێنێت».

لێرەوە ژمارەیەكی زۆری فەقێكان - هەرچەندە زۆریان لە ڕووی تەمەنەوە گچكەتر بوون لە بارزانی- دەكەونە ژێر كاریگەریی بیری نەتەوەیی (مەلا مستەفا بارزانی)، تیایاندا (مامۆستا مەلا ئەحمەدی - ئەحمەدئاوا) بۆ هەمیشە وابەستەی ڕێبازی بارزانی دەبێت و تا كاتی ژیانئاوایی دەست لەو ڕێبازە بەرنادات، ئەو نزیكەی سێ‌ ساڵ لەم حوجرەیە دەمێنێتەوە، بەڵام ساڵی (1943) بارزانی سلێمانی بەرەو مەهاباد بەجێ دەهێڵێت.

دوای سێ‌ ساڵ لەم بەروارە (پێشەوا قازی محەمەد)، كۆماری كوردستان، كە شاری مەهاباد پایتەختی بوو، ڕادەگەیەنێت، لەم كاتەدا (مامۆستا مەلا ئەحمەدی - ئەحمەدئاوا) كە ئەوكات تەمەنی نەڕەسیدە بە بیست ساڵ بووە، حەوت هەشت ساڵێكیش بووە چووەتە بەر خوێندنی فەقێیەتی، ناوبانگی كۆمار دوای چەند مانگێ گەیشتووە بە زۆر شوێن، ئەویش بە هۆی كاریگەرییە فكرییەكانی پێشتری حوجرەی مەولاناوە، بەو نەوجەوانییە هەستی نەتەوەیی لە ئاستێكی باڵادا بووە، بۆیە خۆی و چەند هاوڕێیەكی فەقێی، هەڵوەدای كۆمار و پێشەوا هەڵیاندەپێچێ و بە ناوی فەقێیەتییەوە ڕوو دەكاتە سنە و پاشان مەهاباد، تا ئەوان دەگەنە ئەوێ چەند مانگ بووە كۆمار ڕاگەیەنراوە . لەم گەشتەیدا مامۆستا مەلا غەفووری كانی سپیكەیی هاوڕێی دەبێت، ئەمە مامۆستا نووری فارس (كە سوپاس بۆ خوا هێشتا لە ژیاندایە) بۆی گێڕامەوە و فەرمووی: «باوكت و مەلا غەفوور كانی سپیكەیی نزیكترین هاوڕێی تەمەنی یەكتری بوون و دەیان حوجرە لە ڕۆژهەڵات و باشوور پێكەوە گەڕابوون»، داخەكەم كاتێ من ئەمەم زانی مامۆستا مەلا غەفوور ژیانئاوایی كردبوو، بەم هۆیەوە قەدەر ڕێكی نەخست بچمە خزمەتی و دەیان گۆشەی شاراوەی تەمەنی (مامۆستا مەلا ئەحمەد) بزانم.

مامۆستا مەلا ئەحمەد، موخڵیسی بێ‌ ئەندازەی حەزرەتی شێخ محەمـمەد عوسمان سیـڕاجەددینی بیارە بووە، لە بواری نەتەوەیی و كوردایەتییشدا تەنیا متمانەی بە (مەلا مستەفای بارزانی) هەبووە، وەك لە هۆنراوەكانیدا دەردەكەوێت، هەر بەم هۆیەشەوە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا و دوای جیابوونەوەی ئەوانەی خۆیان بە باڵی (مەكتەبی سیاسی) ناو نابوو دەستگیـر كراوە، ماوەی چوار مانگ لە گوندی (ماوەت)ـی، سەركردایەتی لادەران لە زینداندا بووە، مامۆستا دواتریش لە لایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقیشەوە چەندین جار لە سەر بیـری كوردایەتی گیـراوە.

ماوەیەك پێش ڕاپەڕین، یەكێتیی زانایان لە كەرەج و مەرگەوڕ و ئورومیە و ڕاژان «بە فەرمانی سەرۆك مەسعود بارزانی» چەند كۆبوونەوەیەكی فراوانی بۆ زانایانی ئاوارە ساز دا، بڕیاریان دا كە سەرلە نوێ‌ یەكێتیی زانایان دروست بكەنەوە، هەر لەو كاتەیشەوە مامۆستا بووە بە ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی، كە ئەوكات جەنابی «مامۆستا مەلا مەحـموودی دێرشەوی- بادینان» بە سەرۆكی یەكێتیی زانایان دانرابوو. شایانی باسە مامۆستا مەلا ئەحـمەد و مامۆستای دێرشەوی دۆستی گیانیبەگیانیی یەكتـر بوون، دواتریش دوای ڕاپەڕین لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی دووەمی (یەكێتیی زانایانی ئایینيی ئیسلامیی كوردستان) بوو، كە لێـژنەكە لە دوانزە كەس پێك هاتبوو، پاشانیش تا هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ و دواتر وەفاتكردنی هەر لە یەكێتیی زانایان و لێژنەكانی فەتوای سەر بەم یەكێتییە مابوویەوە.

مامۆستا مەلا ئەحمەد ساڵی (1991) گەڕاوەتەوە كوردستانی عێراق و بە بڕیاری بەرەی كوردستانیی ئەو كات، كراوەتە قازیی شەرعی لە هەڵەبجەی شەهید تا ساڵی 1994.

مامۆستا دیوانی شیعری هەیە و چاپ كراوە، چەند بەرهەمی بە كوردی و عەرەبی و فارسی نووسیون، كە هەندێكیان چاپ كراون، بەرهەمێكی عەرەبیی ئەو وەك توێژینەوەی زانكۆی سلێمانی لە گۆڤاری ئەكادیمیدا بڵاو كراوەتەوە.

مامۆستا لە ئێوارەی ڕۆژی (9 – 12 - 1996) لە (ئەحمەد ئاوا) كۆچی دوایی كردووە، لە گۆڕستانی «عەبووشەمامان» هەر لە دامێنی ئەحمەدئاوا ئەسپەردە كراوە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ برووسكەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕادیۆی دەنگی كوردستان عێراق، بە بۆنەی ژیانئاوایی مامۆستاوە بڵاو كرایەوە.

 

Top