شەڕ کەی کۆتایی دێت..؟!
دوای بێ هیوابوونی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران لەسەر مێزی گفتووگۆ و ڕادەست نەکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەیی و موشەکە کیشوەربڕەکان(بالیستی) ـی بەشێوەیەکی کرداری ئیسرائیل بە ئاگاداری ئەمریکا و چاوپۆشیی وڵاتانی ڕۆژئاوا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ لێدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێکرد کە وێنەی نەبووە لەم جۆرە هێرشە چەندان بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کران بە ئامانج و لەنێوبران لەگەڵ لێدان لەچەندین ناوچەی هەستیار و ستراتیژی کە بڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون.
دوای لێدانێکی کوشندە و لاوازکردنی توانا سەربازی و ئابوریەکانی ئێران ، وەزیری دەرەوەی ئێران (عەباس عێراقچی) داوای دانووسان دەکات ، بەڵام بەئەزموونی چەند ساڵەی ئیسرائیل لە ناوچەکە و خوێندنەوەی بارودۆخەکە دەگەینە دەرئەنجامێک هێچ کاتێک ئیسرائیل دەستی بەپڕۆسەیەک نەکردووە ئەگەر تەواوی نەکردبێت و ئامانجەکەی بەدی نەهێنابێت ، بەتایبەت لە ئێستادا کە توانیویەتی ئێران ئیفلیج بکات و چەندان کەسی پلەباڵا و زانای ئەتۆمی لێ بکوژێت .
ئامانجی ئیسرائیل لاوازکردنی یەکجارەکی ئێرانە بەجۆرێک نەتوانێت هیچ کاتێک ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و دروست کردنی مەترسی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگای ئەکتەرە نادەوڵەتیەکانی لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و بەشێکی تری ناوچەکە ، هەروەها وازهێنانی ئێران لەزیاتر پیتاندنی یۆرانیۆم لەو ڕێژە یاسایەیی بۆی دیاری کراوە لە یاسای نێودەوڵەتی کە لە ٤٪ ڕێگەپێدراوە بۆ پێداویستی ناوخۆیی پێتاندنی زیاتر لەم ڕێژەیە ڕێگەپێدراو نیە .
بەشێوەیەکی گشتی دوو بژاردەی خراپ لەبەردەم ئیراندا بوونی هەیە بەڵام دەبێت ئێران دانەیەکی هەڵبژێرێت.
١.دۆڕان لە مەیدانی جەنگ
٢.دۆڕان لەسەر مێزی گفتوگۆ.
بەدەر لەم دوو ڕێگا چارەیە هیچ بابەتێکی تر بەدی ناکەم دەبێت ئێران دانەیەکی هەڵبژێرێت.

یوسف قاسم اسماعیل