بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک 204 کەس گیانیان لەدەستدا و 41 کەسیش برینداربوون
پۆلیسی هیندستان دووپاتی کردەوە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر لە شاری ئەحمەدئاباد، 204 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسیش برینداربوون.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی هیندستان، فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر کە لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەحمەدئاباد لە ویلایەتی گوجاراتی بەرەو لەندەن دەڕۆیشت، دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵکشانی فڕۆکەکە کەوتووەتە خوارەوە.
لە کاتێکدا كە میدیاکانی ئەو وڵاتە ئامارێکی جیاوازیان لەبارەی ژمارەی سەرنشینانی فڕۆکەکە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام كەناڵی ANI Newsڕایگەیاند: کە فڕۆکەکە 245 سەرنشینی هەڵگرتبوو.
هێڵی ئاسمانی هیندستان ڕایگەیاند: كە 245 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی لەناو فڕۆکەی « ئایر هیندستان 171 » دابوون كە 169 كەسیان هیندی و 53 بەریتانی و یەکێکیان کەنەدی و حەوت هاووڵاتی پورتوگالی بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "ئیندستان تودەی"، جەی ئێس مەلیک ئەفسەری پۆلیسی ئەحمەدئاباد پشتڕاستی کردەوە کە لە ڕووداوەکەدا ٢٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤١ کەسیش برینداربوون.
تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەسەرئەوە نەدراوە کە ئایا کوژراو و بریندارەکان سەرنشینی فڕۆکەکە بوون یان دانیشتووی ناوچەکەن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی هیندستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکە کەوتووەکە ٢٤5 کەسی تێدابووە کە ٢٣3 کەسیان سەرنشین و ١٢ کەسیان ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی بوون.
گوڵان: سەردار خەلیل
