ئۆکرانیا تەرمی هەزار و ٢١٢ سەربازی لە ڕووسیا وەردەگرێت
ئۆکرانیا تەرمی هەزار و ٢١٢ سەربازەکەی لە ڕووسیا وەرگرت لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتی ئەستەنبوڵدا ئەنجامدرا.
ناوەندی هەماهەنگی ئۆکرانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری دیلەکانی جەنگ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەرمی هەزار و ٢١٢ سەربازی ئۆکرانیا لە ڕووسیا گەڕێنراونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سەربازانە لە تێکهەڵچوونەکانی شارەکانی خارکیڤ، لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا، خێرسۆن لە ئۆکرانیا و کورسک لە ڕووسیا کوژراون.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئۆکرانیا هاوکارییەکی زۆریان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو سەربازانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە زووترین کاتدا چالاکییەکان بۆ ناسینەوەی ئەو تەرمانە ئەنجام دەدرێن.
گوڵان: سەردار خەلیل
