نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان لە غەززە تاوانی جەنگ پێکدەهێنن

نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان لە غەززە تاوانی جەنگ پێکدەهێنن

 

 

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ئایینی و کولتووری و پەروەردەییەکان لە غەززە و ناوچە داگیرکراوەکان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنن.

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا ڕایگەیاند: کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە پەروەردەیی و ئایینی و کولتوورییەکان لە غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئیسرائیل زیاتر لە نیوەی شوێنە ئایینی و کولتوورییەکانی کەرتی غەززەی وێران کردووە و سیستەمی پەروەردەی ناوچەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەم کارانە بەشێکن لە هێرشێکی بەربڵاو و دڕندانە بۆ سەر گەلی فەلەستین، زیاتر لە سەدا ٩٠ی قوتابخانە و زانکۆکانی غەززە کراونەتە ئامانج، هەروەها زیاتر لە ٦٥٨ هەزار منداڵی فەلەستینی لە ماوەی ٢٠ مانگ ڕابردوودا لە خوێندن بێبەش کراون”.

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هەموو ئەو شوێنە ئایینی و کولتوورییانەی هێرشیان کراوەتە سەر خەڵکی مەدەنی بوون، داوای لە ئیسرائیل کردووە دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت و بەکارهێنانی سەربازیی ئەو شوێنانە ڕابگرێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی داگیرکردنی نایاسایی ئیسرائیل بۆ سەر زەوییە فەلەستینییەکان و جێبەجێکردنی تەواوی ڕێوشوێنە کاتییەکان دەکاتەوە کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە دەرچووە.

نەڤی پیلای سەرۆکی کۆمسیۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە بەڵگەی پەرەسەندنی هەڵمەتێکی هاوئاهەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لەناوبردنی ژیانی فەلەستینییەکان، گوتی: هێرشکردنە سەر پەروەردە و کولتوور و ژیانی ئایینی فەلەستینییەکان زیان بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەگەیەنێت و مافی چارەی خۆنووسینیان تێکدەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوبردنی میراتی کولتووری و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە شوێنە پیرۆزەکانی کەناری ڕۆژئاوا و سڕینەوەی مێژووی هەمەچەشنی ئەو ناوچانە وایکردووە پەیوەندی مێژوویی فەلەستینییەکان بە خاکەکەیانەوە لاوازبێت و ناسنامەی بەکۆمەڵیان کردۆتە ئامانج.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top