بجولێ و هەوڵبدە

بجولێ و هەوڵبدە

(جۆرج بردنادشۆ) نوسەری ناوداری ئیرلەندی دەڵێ"تۆ هەرگیز شكست ناهێنی تا ئەو كاتەی لە هەوڵدان دەوەستی".
بێگومان هەوڵدان هەردەم بریتییە لەوەی كە بە گرنگیەوە مرۆڤـ سور بێت لە سەر ئەنجامدانی كارەكەی و هەرگیز خۆی بەدەستەوە نەدات، بگرە لە كاتی شكستیش پێویستە مرۆڤــ بەردەوام بێت هەوڵ بدات و نەترسێ لە هیچ شتێك، تەنها لە هەوڵنەدان بترسێ. با گرفت و كێشەو تەنگ و چەلەمە و كۆسپ هەبن هەمووی دەبنە مایەی فێربوون، دەبێت مرۆڤــ كۆسپ و تەگەرە و گرفتەكان تێپەرێنێ و بەجێیان بهێڵێ ئەو كاتە دەبێتە سەركەوتن. نەك بەكز و مەلولی و بێ دەسەڵاتی لە ناو گرفت و كێشەكان خۆی گرمۆڵە بکات و بمێنێتەوە ئەوكات دەبێتە مایەی شكست. بەڵام بە هەوڵدان و سوربوون سەرجەمیان تێدەپەرێنێ، بۆیە بێ شك وەستان لە هەوڵدان و بەردەوامی دەبێتە شكست، وە سەركەوتنیش ئەو كاتە دێتە بوون كە دەستەوەستان نەوەستین و بەردەوام بین لە هەوڵەكان.
دەگێڕنەوە " ڕۆژێك مامۆستایەك دەچێتە پۆلەوە و بە قوتابیەكان دەڵێت ئەمڕۆ دەمەوێت پێكەوە هەندێك چالاكی ئەنجام بدەین، دواتر مامۆستاكە بازنەیەك بە گەورەیی لە سەر زەوییەكە دروست دەكات و پاشان ڕووی دەكاتە یەكێك لە قوتابیەكانی و پێ دەڵێت هەستە بڕۆ ناو ئەو بازنەیە و بوەستە، قوتابیەكەش بە قسەی مامۆستاكەی دەكات و دەچێتە ناو بازنەكەوە كات تێپەر دەبێت و قوتابییەكان بە بەردەوامی سەیری قوتابیەكە دەكەن، دواتر وانەكە تەواو دەبێت و قوتابیەكان پۆلەكە جێ دەهێڵن و دەچن بۆ نان خواردنی نیوەڕۆ، قوتابیەكەش بە تەنیا لە پۆلەكەدا دەمێنێتەوە سەیری دەرگای پۆلەكەی دەكات و دەیەوێت بڕوات، بەڵام چاوەڕێی قسەیەك بوو كە مامۆستاكەی پێی بڵێت بەمەش هەست بە بێزاری و ماندووبوونێكی زۆر دەكات، هەر بۆیە بە دەنگێكی بەرز بانگی مامۆستاكەی كرد و پێی گوت بۆ منت بە تەنیا لە پۆلەكەدا هێشتەوە هاوڕێكانم هەموویان ڕۆیشتوون سەرقاڵی نان خواردن و منیش لێرە گیربووم، مامۆستاكەش بە زەردەخەنەیەكەوە بە قوتابیەكەی گوت بۆچی هێشتا لێرە وەستاویت و ناڕۆیت، قوتابیەكەش بە سەرسورمانەوە بە مامۆستاكەی گوت: چونكە تۆ نەتگوت كەوانەكە تەواو بوو یان گوێت لە زەنگەكە بوو لە بازنەكە وەرە دەرەوە.مامۆستاكەش بە قوتابیەكەی گوت" من بازنەكەم كێشاوە و داوام لێ كردیت كە بچیتە ناو بازنەكەوە، بەڵام من نەمگوت كە نابێت لە بازنەكە بڕۆیتە دەرەوە كەواتە ئەوە تاوانی من نییە كە خۆت بازنەكەت جێ نەهێشتووە، چونكە خۆت باوەڕت وا بوو سنورەكانی دەوروبەرت ڕاستین و دەتوەستێنن ، ئەم بازنە كێشراوەی دەوری ئەم قوتابییەش ئەوەمان فێر دەكات هەندێك لەو بازنانەی بە دەورماندا كێشراون و ناتوانین لێیان هەڵبێین ڕاستی نین، بەڵكو خۆمان لە مێشكی خۆمانەوە بە ڕاستیمان داناون و جڵەویان كردوین و ناهێڵن بەرەو پێشەوە بچین، بۆیە هەروەكو (جیم رون)دەڵێ" ئەگەر شوێنەكەت بە دڵ نەبوو و بێزاربووی بجوڵێ و شوێنەكەت جێ بهێڵە و خۆ تۆ درەخت نیت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top