لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت

لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت

 

لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەزیرەكانی پەروەردە و تەندروستی و ژمارەیەك لە كەسایەتییە ئایینی و حكوومی و ناحكوومییەكان و كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاند.

 

لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆڕبەندێكدا كە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 29\5\2029 لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بە دروشمی "بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم"، بەڕێوەچوو، هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.

سەرەتا ڤیدیۆیەك سەبارەت بە كاریگەری و مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان و شێوازەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نمایش كرا، كە بە وتارێكی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی دەستی پێكرد، كە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی: "شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا. جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو. هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن، شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختتر و مەترسیدارترە". جەختیش لەوە دەكەنەوە: "ئەوەی تووشی ماددەی هۆشبەر بوو، چوو، بەڵام ئەوەی بازرگانی پێ دەکات، ئەمە تاوانبارە، ئەوانەی دیکە قوربانین. دەبێت ئەم بابەتە زۆر بە جددی وەربگیرێت و دەبێت زۆر بە توندییش موکافەحەی ئەم دیاردەیە مەترسیدارە بکرێت".

دوای وتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی، كۆمەڵێك داتا و ئاماژەی مەترسیدار لەو ڤیدیۆیە خرانەڕوو. ئەوەش ئاشكرا كرا، كە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2022 ژمارەی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەكان لە سەرتاسەری جیهان لە 300 ملیۆن كەس نزیك بووەتەوە. هەر لەو ڤیدیۆیە، لێدوانێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر؛ خرايە ڕوو كە باسی ئەوە دەكات، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پرسێکی زۆر گرنگە بە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان و هەمەلایەنانە کار لەسەر قەڵاچۆکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە دەکات کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان و زیانی هەمەلایەنەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنی و لە هەموو بوارەکانی ژیانمان دەدات."

دوای نمایشی ڤیدیۆكە، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان،(هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان) كە بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بە "ڕۆژێکی مێژوویی لە تێکۆشانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی" ناو برد. ئەوەشی خستەڕوو كە "بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی کوردستان و دەرەوە، نموونەیەکی جوان و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەڕێژن". ئاماژەی بەوەش کرد، لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر داناوە، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای(LDS)ـی ئەمریکی دروست دەکرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان یەك ساڵ دەخایەنێت.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەوە كردەوە كە "دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستپێشخەر بووە، لە زۆر بواردا و ئەمەش یەكێ لە بوارە هەرە گرنگ و هەستیارەكانە كە دەستیان بۆ بردووە، كە پشتڕاستین لەوەی سەركەوتوو دەبن، لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی ئەم دیاردە كوشەندەیە". گوتیشی:  "ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە."

ڕێبەر ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو كە لەم ساڵانەی دواییدا لە سەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و نەوجەوانان. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە."

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە ڕێخکراوی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن." گوتیشی: "بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە."

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، دووپاتی كردەوە كە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جددی لەسەر نەهێشتن و وشكکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە."

بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ (2025)، 388 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە 173 کەس بەکارهێنەر بوون، 143 بازرگانی ئاسایی  و 72 کەسیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون، هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی هەزار تۆمەتبار بەهەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.

دوای وتەكانی وەزیری ناوخۆ، سەرپەرشتی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان (د.ڕەوشت ڕەشید) لە وۆركشۆپێكدا بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی باسی داتا و ئامارەكانی مەترسیداری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانی كرد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیارەدە مەترسیدارەشی بە ئەركی سەرشانی هەموو ڕێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و كەسایەتی ئایینی و میدیاكاران هەژمار كرد. هەروەها جەختی لەوە كردەوە لە كۆتایی ساڵی یەكەمی ئەو هەڵمەتە كە بۆی هەیە درێژ بكرێتەوە، لە زانكۆیەكی متمانەپێكراو كۆنفڕاسێكی تایبەتی بۆ ساز دەكرێت.

دواتر لە پانێلەكاندا كە كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەی برد، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوە كرد، قوتابخانە وەکوو دامەزراوەیەکی فەرمیی کۆمەڵایەتیی ڕۆڵی گرنگی هەیە، لە پەروەردەکردن، ئەوەی لە قوتابخانەشدا گرنگی هەیە، ڕۆڵی مامۆستا و ستافی کارگیڕی و پڕۆگرامەکانی خوێندنە، کە چۆن ئەمانە ئاوێتە بکرێن و پێکەوە کاریگەریی دروست بکەن. جەختی لەوەش كردەوە كە "پەروەردەی ئیسلامیی و ئایینەکانی دیکەش بە گوێرەی تایبەتمەندیی قوتابخانەکانی خۆیان، ڕۆڵیان هەیە لە هۆشیارکردنەوە". هەر لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە لە پەروەردەی ئیسلامی لە پۆلی 9 و 10 باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەرمان کردووە. هەروەها لە کتێبی عەرەبی پۆلی هەشت ئاماژەمان بەو بابەتە کردووە، کەواتە پرۆسەی هۆشیارکردنەوە لەو کتێبانەی باسمان کرد" خراوەتە بەردەستی قوتابیان، کە دەمانەوێت هەم لە ڕەهەندی ئایینییەوە، هەم لە ڕووی زانستییەوە ئەم پەیامە بگەیەنین.

وەزیری پەروەردە گوتیشی "ئێمە ڕێبەرێکمان بۆ مامۆستایان ئامادەکردووە، کە لە ساڵی 2022ـەوە، بەبەردەوامی سێ ڕۆژی دەستپێکی خوێندن لە قوتابخانەکان باسی پێنج تەوەر دەکەن، کە هەمووی لەسەر ماددەی هۆشبەرە، کە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژە باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر دەکرێت. هەروەها باسی کاریگەرییەکانی لەڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتیی و دەروونی و جەستەیی دەکرێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلەكەیدا باسی ئەوەی كرد، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمین جار یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 بە 10 بڕگەی جیاواز چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەرچوو، ڕەنگە لە بارودۆخی ئێستادا هەندێک لە بڕگەکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە بێت." گوتیشی: "ڕێنمایی ئاسایی جێبەجێکردنی ئەم یاساییە دەرچوو بە ژمارە 10 لە ساڵی 2023، هەروەها پەیڕەوی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دانرا و ئەوەش لە چوار تەوەر پێک هاتووە.

تەوەری یەکەم: لایەنە یاساییەکانە، بەشێکیشی لایەنی قەزاییە و دادگاکان ڕۆژانە کاری لەگەڵدا دەکەن. دووەمیان: چارەسەر و شیاندنەوەیە. سێیەمیان: ڕێگەگرتن و بەرەنگاربوونەوەیە و چوارەمیش هۆشیاریی گشتییە.

دواتر د. بەشیر خەلیل حەداد سەرۆكی بۆردی وتاربێژان لە پانێلەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەش، هاتووە خوای گەورە ڕێزی زۆری لە مرۆڤ گرتووە. هاوكات هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بە "هەڵمەت، شەڕ، شۆڕشێكی پیرۆز" ناوبرد. گوتیشی: "خوا و پێغەمبەر و ئایینەكان زۆریان پێخۆشە ئەم شەڕە بكرێت".

وەك نوێنەری وەزراەتی ئەوقافیش ئاماژەی بەوە كرد كە "زیاتر لە 3500 مزگەوت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان وتاری هەینی تێدا دەخوێندرێت. كە زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس گوێ لە وتاری مامۆستایان دەگرن"، هەر بۆیە گرنگیی وتاری ئایینی بەرز نرخاند و جەختی لەوەش كردەوە كە وتاربێژی مامۆستایانی ئایینی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە. نەك هەمواری ئایین، بەڵكو هەمواری شێوازی وتاربێژی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی زیاتر لە 50 خولی بۆ مامۆستایان كردووەتەوە. پێشنیاریشی كرد، وانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن بخوێندرێت.

 

دواتر د. جووتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە پانێلەكەیدا سەرەتا دەستپێشخەریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بەرز نرخاند و هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023 لێژنەیەكی باڵای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی پێكهێنا بە سەرپەرشتیی وەزیری تەندروستی، كە لێژەیەكی فەرعی لێ دروست بوو، بە ناوی لێژنەی هوشیاركردنەوە. پێشنیاریشی كرد، داتاكان بە خاوی بڵاو نەكرێنەوە و بە وردی و بابەتییانە كاریان لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی ئاریشە و ئالنگارییەكان چارەسەر بكرێت.

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، جەختی لەوە كردەوە كە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، دەتوانن لە هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە ڕۆڵی بەرچاو ببینن. باسی ئەوەشی كرد كە هەندێ لە كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، لە گەیاندنی پەیامەكانی هوشیاركردنەوەی هاوكار و هەماهەنگ نین.

دواتر د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە پانێلەكەیدا ئەوەی ئاشكرا كرد، كە  "لە 1\1\2024 تا 31\12\2024 ژمارەی ئەوانەی كە سزادراون 1568 كەسن، كە ژمارەی بازرگانانی سزادراو بەراورد بە پێنج ساڵی ڕابردوو چوار بەرانبەر بووە. لە سەر ئاستی ئاسایشی سلێمانی 1019 كەس  لە ساڵی 2024 سزا دراون.

 وەك ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی كرد، "كۆی گشتیی ماددەی هۆشبەر كە لە ساڵی 2024 دەستی بەسەردا گیراوە، نزیكەی 466 هەزار كیلۆگرام بووە، كە یەك تۆنی ماددەی كریستاڵ بووە. لە شەش ناوەندی چاكسازی شەشە سەنتەری تەندروستی و شیاندنەوە كراونەتەوە، نزیكەی 500 كەسیش شیاندنەوەیان بۆ كراوە. لە ئاسایشی گشتی تاقیگەیەكی كیمیایی هەیە كە ئێستا چالاكە و بە پشتگیریی جەنابی وەزیری ناوخۆ ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بووە".

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەشی خستەڕوو كە ژمارەی لێكۆلەران لە كەیسەكانی ماددەی هۆشبەر زیاد بووە، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەوڵێكی جددی دراوە، كە بازرگانان و قوربانیانی ماددەی هۆشبەر لە یەكتر جیا بكرێنەوە. گوتیشی: "پێویستە پەروەردەی خۆپارێزی بخرێتە ناو مەنهەجەكانی پەروەردە، بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزیری پەروەردە باسمان كردووە و تا ئاستێك جێبەجێ كراوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا. ئەم سەنتەرە؛ بۆ جاری یەکەم لە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووبەری 13000 مەتر دووجا، لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر بنیاد دەنرێت و زەوییەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.

بڕیار وایە کارەکانی باڵەخانەی پڕۆژەکە لە ماوەی 18 مانگدا تەواو بکرێن، ستافی سەنتەرەکە دەستنیشان كراون و لە لایەن پسپۆڕانی نێودەوڵەتییەوە ڕاهێنانی پێویستییان پێ دەکرێت.  لە هەمان کاتدا، پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە پەیوەست بە مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر کە بەشێکە لە ئەرکەکانی سەنتەرەکە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی LDS  دەستی بە کارەکانی كردووە.

سیستەمی چارەسەریی سەنتەرەکە، بە پشتبەستن بە پرەنسیپە پزیشکی و چارەسەرییە زانستییە جیهانییەکان دەبێت کە بریتییە لە هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوە، بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی کەسانی ئالوودەبوو بۆ نێو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە.

باڵەخانەی سەنتەرەکە ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێت:

- بەشی بەڕێوەبردن.

-  بەشی ئاسایش و سەلامەتی.

-  شوێنی چاوپێکەوتن.

-  نۆرینگە.

-  ناوەندی پاککردنەوەی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر.

- بەشی تاقیگە و پشکنینی پزیشکی.

- بەشی ڕێنمایی و تیمارکردنی دەروونی.

-  بەشی هۆشیاری و لێکۆڵینەوەی زانستی.

-  شوێنی مانەوەی نەخۆش.

-  بەشی چالاکیی وەرزشی و جەستەیی.

- بەشی حەواندنەوە و کات بەسەربردن.

- شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل.

- ڕووبەری سەوزایی 25%ی پڕۆژەکە پێک دێنێت.

 

لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت
لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت
لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت
لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت
Top