مستەفا حەجی ڕابەری كشتوكاڵی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ : دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان جووتیار ئاراستە بكەن بەوەی چی دەچێنێت و چۆن خاكەكەی بەسەر ژمارەیەك لە بەروبووم دابەش دەكات

مستەفا حەجی  ڕابەری كشتوكاڵی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ :  دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان جووتیار ئاراستە بكەن بەوەی چی دەچێنێت و چۆن خاكەكەی بەسەر ژمارەیەك لە بەروبووم دابەش دەكات

 

كوردستان لە بنەڕەتدا هەرێمێكی كشتوكاڵییە، بەو خاكە پەیت و ئاوە سازگار و كەشوهەوا گونجاوە، چوار وەرزەی ساڵ دەتوانین جوانترین و باشترین بەرهەمی كشتوكاڵی بەرهەم بهێنین. لە هەرێمی كوردستان چوار وەرزی دروستمان هەیە، هەر وەرزێكیش لەوانە تایبەتمەندی و باشی و خراپی خۆی هەیە. ئەگەر بچیتە توركیا دەبینین هەشت مانگی زستانە، باقییەكەی ئەگەر بڵێین سێ مانگی كەوتووەتە وەرزەكانی تر، لە باشووری عێراقیش هەشت مانگی هاوینە و ئەوی دیكەی زستانە، بەڵام كوردستان چوار وەرزی دروستی هەیە و خاكی كوردستانیشمان زۆر دەوڵەمەندە، خاكەكەی توخم، یان كانزایەكی باشی هەیە، بەڵام ئێمە سوودی لێ نابینین. بەس تەنیا ئەگەر بڵێین هەندێك جار كەشوهەوا كاریگەریی خراپی دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر سەرما و سۆڵە لەسەر بەرهەم پەیدا ببێت، ئەو بەرهەمەی ئێمە بە دروستی پێناگات. لەوانەیە یاساش نەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆژە هەن، بۆ نموونە پڕۆژەیەك لەلای ئێمە ئەنجام دراوە و شتێكی باشی لێ چێنراوە، بەڵام تا ئێستا وەكو پێویست نییە. پێویستە بۆ نموونە ئەگەر بڵێین زیاتر ڕێگا بۆ پڕۆژەی چاندن لە ناوچەكاندا بكرێتەوە، ئەو كات گەشەی كشتوكاڵی لەم ناوچەیە زۆر باشتر دەبێت.

 لە بواری كەموكورتییەكان، بەڕاستی هەندێك جار كەمتەرخەمیی جووتیارانە و هەندێك جار كەمتەرخەمیی حكومەتە. لە هەموو وڵاتانی دنیادا وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە، ئێمە وەزارەتی كشتوكاڵمان كاری لاوازە، ئەركی سەرشانی وەزارەتی كشتوكاڵە جووتیار ئاراستە بكات بۆ چاندنی ئەو بەرهەمەی كە زۆر پێویستە، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین لە زاخۆ ئەگەر هەزار یان دە هەزار دۆنم زەویمان هەبێت، ئێستا چی ببێت، جووتیارەكانمان هەموویان هەستن خەیار بچێنن، هەموویان باینجان بچێنن، هەموویان شووتی بچێنن، پێویستە دابەش كرابێت، ئەوەندە دۆنم بۆ خەیارە، ئەوەندە بۆ شووتییە، تا ئەو جووتیارە كە دەیچێنێت لە بەرهەمەكەی خۆی زیان نەكات. ئەگەر هەر هەزار دۆنمەكە خەیار بن، سادە سادە ئەگەر چەند بڕیار و یاساش هەبن و گرێبەستیش بكرێن، هەر زەرەر دەكات، چونكە توانای ساغكردنەوەی لەسەر خەڵك زیاد دەبێت. هەر شتێك زۆر بوو، كەم نرخ دەبێت. بەڵام ئەگەر دابەش كرابێت، بۆ نموونە هەزار دۆنم بن ٢٥٠، ٢٥٠ هەر یەكێكیان شتێك بێت، یەكێكیان خەیار دەچێنێت، ئەوی دی شووتی و ئەوی دیكە برۆكلی، ئەوا بەرهەمەكەش نرخی نایەتە خوارەوە . بەس تەنیا لێرەدا هەڵەی حكومەتە، ئەگەر بڵێین لایەنی پەیوەندیدار وەك ئەوەی بڵێین لایەنی كشتوكاڵ، ئاراستەكردن یان ڕێنماییكردنی جووتیاران كە وەرە جووتیار تۆ لە ناوچەی زاخۆ لە فڵان شوێن نابێت خەیار بچێنیت، نابێت باینجان بچێنیت، شووتی بچێنیت، گندۆرە بچێنیت، گەنم بچێنیت، دەبێت دابەش كرابێت تا بازاڕ تێك نەچێت. بازاڕ بۆچی تێك دەچێت؟ چونكە زۆریی تێدێت، بۆیە كاتێك پێویستە، ئەگەر بۆ نموونە 2500 دۆنم پیاز بچێنرێت، ئەوا گومان لەوەدە نییە 20 كیلۆ پیاز بە 5 هەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە دابەش كرا، باشتر دەبێت و نرخەكەی نایەتە خوارەوە. دەبێت جووتیار ڕەچاوی ئەوە بكات هەر شتێك زۆر چێنرا، نرخەكەی وای لێ دێت كە جووتیار سوودی لێ وەرناگرێت.

 

Top