ئازاد دیبەگەیی ئەندازیار و ڕۆژنامەنووسی بواری كشتوكاڵ: لە ئێستادا چەندین كۆمپانیای كشتوكاڵی قڕكەری كیمیایی و پەینی كیماویی ئێكسپایەر بە جووتیاران دەفرۆشن كە خاك ژەهراوی دەكات
ئازاد دیبەگەیی، ئەندازیاری كشتوكاڵە و دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵ و دارستانی زانكۆی مووسڵە و، لە دوای ڕاپەرینشەوە یەكێكە لەو ئەندازیارانەی كە وەك ڕۆژنامەنووسێكی دەگمەنی بواری كشتوكاڵی ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە خزمەتی كەرتی كشتوكاڵی و هۆشیاركردنەوەی خەڵكی كردووە و گرنگیی تایبەتی بە كەرتی كشتوكاڵ داوە، هەروەها هەوڵیداوە هاندەری پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بێت، بە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی لە هەر سێ بواری میدیایی «بینراو، بیستراو و نووسراو»دا، لە چەند كەناڵی تەلەفزیۆنییش ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی كشتوكاڵی بووە، وەك میدیای نووسراویش لە ئێستادا سەرپەرشتیی لاپەڕەی كشتوكاڵ لە ڕۆژنامەی خەبات دەكات. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، لەسەر پاشخانی ئەزموونی كەڵەكەبووی وەك ئەندازیارێكی ڕابردوو لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، زۆر بە ڕاشكاوانە دەستنیشانی گرفت و ئاستەنگەكانی كەرتی كشتوكاڵی كرد و بەمجۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.
هەر لە دێرزەمانەوە پیشەی كشتوكاڵی پیشەیەكی پیرۆز و سەرچاوەیەكی گرینگی دابینكردنی بژێویی ژیانی ڕێژەیەكی زۆری دانیشتووانی كوردستان بووە. پڕۆسەی بەرهەمهێنانی خۆراك لە ڕێگای كشتوكاڵكردن قۆناغێكی زۆری بڕیوە، ئێستا بە شێوەیەكی زۆر باش توخمەكانی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە ئاو و خاك و سەرمایە و دەستی كار و شارەزایی سوودی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەرنامەڕێژی بكرێت و بەرهەمهێنان ڕێك بخرێتەوە و ئامانجەكان فراوان و ڕوونتر بن.
بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەیەكی داهات شانبەشانی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار، ڕۆڵ ببینێت لە قەبارەی داهاتی بەردەستی هەرێمی كوردستان، دەبێت لایەنی بەهێز و لاوازی ئەم كەرتە ئابوورییە گرینگە زۆر بە دڵسۆزی و پیشەگەرانە دەستنیشان بكرێت و، ئامانجە دوور و نزیكەكان دابڕێژرێن و پلانیان بۆ دابنرێت. دەبێت هەموو بزانین ئایا ئامانجمان دابینكردنی خۆراك و كەرەستە پیشەسازییە كشتوكاڵییە ناوخۆییەكانە، یان مەبەستمانە سەرچاوەی داهاتی بەرهەمهێنەرانی كشتوكاڵی گەورەتر و فراوانتر بكەین، بە زیادكردنی بەرهەم بۆ هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێمی كورستان.
ئایا بازاڕی بەرهەمی كشتوكاڵی تەنیا ناوخۆی هەرێمە، یان بەشەكانی دیكەی عێراق و دەرەوەی سنووری عێراقە؟ ئەو بازاڕانەی ئێمە بە ئامانجی دەگرین، تایبەتمەندییان چییە و قەبارەیان چەندە و چ كوالێتییەكی پێویستە؟
لێرەدا چەند خاڵێك دەخەمەڕوو كە بە بۆچوونی خۆم پێویستە بایەخیان پێبدرێت و بە هەند وەربگیرێن، بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی بەرهەمی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستاندا:
یەكەم: كۆكردنەوەی داتای دروست و واقیعییانە.
بوونی داتایەكی ڕاستەقینە كە بۆ ڕازیكردنی بەرپرسان و ڕاگەیاندكارەكان نەبێت، زۆر گرینگە بۆ داڕشتنی پلانی كورت و درێژمەودای پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، پێویستە بڕی بەرهەم لە هەر بەروبوومێك بزانرێت و بەراورد بكرێت لەگەڵ پێداویستیی ناوخۆیی بۆ ئەوەی پلانی پڕكردنەوەی جیاوازییەكان لە ڕێگەی هاوردەكردن دابنرێت، ئەگەر بەرهەم لە پێداویستیی ناوخۆ كەمتر بوو، یان بیر لە هەناردەكردن بكرێتەوە، ئەگەر بەرهەم لە پێداویستیی ناخۆ زیاتر بوو.
زانینی قەبارەی بەرهەمهێنان لە وەرزەكانی ساڵ خاڵی بەهێزی داڕشتنی پلانەكان دەبێت، چونكە كۆكردنەوەی داتاكان لە كۆتایی ساڵ ئەگەری هەیە، بە هۆی جیاوازیی بەرهەمهێنان لە هەندێك وەرزدا بەرچاوڕوونی دروستمان پێ نەدات.
دووەم: بەهێزكردنی بەشەكانی پاراستنی ڕووەك.
بەرهەمهێنانی بەروبوومێكی كشتوكاڵیی تەندروست پێویستە بایەخی زۆری پێ بدرێت و لە ئەولەوییاتی كاری حكوومەت بێت، لە ڕێگای لایەنی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنان كە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوە.
مەترسییەكی گەورە هەیە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە هۆی بەكارهێنانی بڕێكی زۆری قڕكەر و پەینی كیمیایی و هۆڕمۆنی گەشە و تۆوی دەستكاریكراوی بۆهێڵی.
ئێستا لە كوردستان بە دەیان كۆمپانیای گەورەی كشتوكاڵی هەن، كە لە ڕێگای نووسینگە كشتوكاڵییەكان و بریكارەكانیان، یان ڕاستەوخۆ لە ڕێگای مەندووبە گەڕۆكەكانیان قڕكەری كیمیایی و پەینی كیمیایی و كەرەستەی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی دەفرۆشنە جووتیاران و بەرهەمهێنەران، بە بێئاگایی جووتیاران و كشتیاران چەندین قڕكەر لە زەوییەكانیان تاقی دەكرێتەوە، كە ئاسەواری ئەم قڕكەرانە بەشێكی بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ماوەی دڵنیابوون (فترە امان) لەسەر بەربوومە بەرهەمهاتووەكە دەمێنێتەوە و بەشێكی دیكەی لەسەر خاك دەنیشێتەوە و خاك ژەهراوی دەكات، كە ئاسەوارەكەی چەند ساڵێكی پێویستە تا دەردەكەوێت، تەنانەت بۆ هاناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵیی هەرێمیش پێویستمان بە بەروبوومێكی تەندروستە كە لەگەڵ ستانداردی وڵاتانی هاوردەكراو بگونجێت، بەتایبەتی سەبارەت بە نەبوونی ڕێژەی قڕكەری نیشتووی ناو بەرهەمەكە كە ئەوەش لەگەڵ كوالێتیی بەرهەمەكە سەنگی مەحكە بۆ دۆزینەوی بازاڕ و بەردەوامبوونی.
بۆیە پێویستە دەزگایەكی بەهێزی پاراستنی ڕووەكمان هەبێت، كە پێكهاتبێت لە كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون و پشتبەستوو بە پشكنینی تاقیگەیی كە پێویستە لە سەرجەم هۆبە و لق و بەڕێوبەرایەتییەكانی كشتوكاڵی بكرێتەوە و ئامێری پێشكەوتووی پشكنینیان هەبێت و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆ سەردانی كێڵگەی جووتیاران و سەردانی دەورییان هەبێت بۆ دەربازكردنی جووتیاران لە كۆنتڕۆڵ و ڕكێفی كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان كە بەردەوام ئەندازیار و مەندووبەكانیان لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنان ئامادەن بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان.
سێیەم: بەرزكردنەوەی توانای دامەزراوەی ڕێنمایی كشتوكاڵی.
ڕینمایی كشتوكاڵی پڕۆسەیەكی فێركردنی بێ بەرانبەر و لە دەرەوەی قوتابخانەیە، ئەم خزمەتگوزارییە بەردی بناغەی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵە، كە بە خۆڕایی لە لایەن حكومەتەوە پێشكەشی بەرهەمهێنەران دەكرێت، بۆ زیادكردنی بەرهەم و ڕێكخستنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دروستكردنی پردی پەیوەندی و متمانە لە نێوان دەزگاكانی توێژینەوەی كشتوكاڵی و بەرهەمهێنەراندا. هەموو كات دەزگایەكی ڕێنمایی بەهێز بەرانبەرە بە بەرهەمێكی ویستراو لە لایەن چەندایەتی و چۆنایەتییەوە و بەرهەمهێنەران دەپارێزیت لە هەر ئەگەرێكی كتوپڕ و دەتوانێت ڕێنوێنیی بەرهەمهێنەران بكات و بە زووترین كات زانیاریی سەردەمییانەی بەرهەمهێنانیان پێ بگەیێنێت.
پێویستە حكومەت ئەم دەزگایە بەهێز بكات لە ڕێگای كردنەوەی خول و دابینكردنی هۆڵ و كەرەستەی پەیوەندی و گەیاندن و هەر هۆبەیەكی كشتوكاڵی پێویستە كەسانی شارەزای لە بواری سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن هەبێت، بۆ گەیاندنی بە بەرهەمهێنەران و گەیاندنی زانیاریی خێرا و پێویست بە زووترین كات.
چوارەم: هاندان و پاڵپشتیكردن بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای هەناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەی نۆیەم و خستنەڕووی كارنامەی كابینەكە، كە یەكێ لە خاڵەكانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بوو، لە ماوەی كاركردنی ئەم كابینەیە ئامانجە گەورە و پیرۆزەكە بە ڕوونی بۆ بەرهەمهێنەران دەركەوتووە، كە حكومەت لە خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاراندایە و هەموو هەوڵێكی خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و هاندانی بەرهەمهێنەران بۆ ناردنی بەرهەمەكانیان بۆ دەرەوەی هەرێم. لێرەدا ئەركێك و پیشەیەكی تازە دێتە ئاراوە، ئەویش پیشەی هەناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵییە كە زۆر جار لە توانای جووتیار و بەرهەمهێنەراندا نییە، بە هۆی نەبوونی شارەزایی و سەرقاڵی بە كارە كشتوكاڵییەكانەوە. بۆیە زۆر گرینگ و پێویستە لەم قۆناغەدا هانی دروستكردنی كۆمپانیای هەناردەكاری بەرهەمی كشتوكاڵی بدرێت، لەسەر بنەمای دیاریكراو كە سوود بە بەرهەمهێنەران دەگەیێنێت و دەتوانێت شوناسێك بۆ بەرهەمی كوردستان لە دەرەوە دروست بكات و، لەسەر چەند بنەما و یاسا و ڕێسایەكی تایبەت كاربكات كە حكومەت بۆی دەستنیشان دەكات. خۆ دەكرێت سەرەتا كۆمپانیای هاوبەش لە نێوان حكومەت و سەرمایەداران دابمەزرێت، یان لە نێوان كۆمەڵەكانی بەرهەمهێن و حكومەت، یان چەند سەرمایەدارێك كارەكە بكەن، بە مەرجێك لە ڕێگای یاسا و ڕێنمایی حكومەت كارەكانیان ڕێك بخرێت، ئەوەش بەردەوامی بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان دەدات و دەبێتە پردی پەیوەندی لە نێوان بەرهەمهێنەران و بازاڕە جیهانییەكان، لە ئایندەدا هەر لە ڕیگای ئەم كۆمپانیا هەناردەكارانە و پەیوەندییان بە بازاڕە جیهانییەكانەوە دەتوانرێت جووتیاران و بەرهەمێنەران ئاراستە بكرێن بۆ بەرهەمهێنانی جۆری بازرگانی لە بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بەو كوالێتییەی كە داخوازی لەسەرە.
