عەبدولڕەحمان سلێمان باگێڕە جووتیاری نموونەیی لە پارێزگای دهۆك: داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە نرخی كارەبا لەسەر جووتیاران و كێڵگە كشتوكاڵییەكان زیاد نەكرێت
عەبدولڕەحمان سلێمان باگێڕە، یەكێكە لە جووتیارە نموونەییەكانی پارێزگای دهۆك و بە هۆی بەرهەمە ناوازەكانیانەوە و ئەو سركە و دۆشاوانەی لە بەرهەمەكانی دروستی دەكات، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش ناسراوە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنە گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، بەم جۆرە وەك جووتیارێكی ناو كێڵگە باسی لە ئاستەنگ و بەربەستەكانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ كرد و داواكارییەكانی خۆی خستە ڕوو.
زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە ئەم دەرفەتەی بۆ دروست كردین، تا هەموو پێكەوە كۆ ببینەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بكەین، كە كەرتێكی زۆر گرنگە و خۆراك و بژێوی هەموو كوردستانی پێوە بەندە.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بایەخی تەواو بە كەرتی كشتوكاڵ بدات لە هەموو بوارەكانی «ڕووەكی، پەلەوەر، ئاژەڵی، ماسی، پیشەسازیی خۆراك»، قەناعەتم وایە ئەم كەرتە دەبێتە سەرچاوەی داهاتی سەرەكی بۆ حكومەت و پێویستمان بە هیچ شتێكی دیكە نابێت.
مێژووی باب و پاپیرانی خۆمان ئەو ڕاستییەیان بۆ سەلماندووین كە كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەك بووە كە بەشی هەرە زۆری جووتیار بووە و پشتی بە كێڵانی زەوییەكەی و بەروبوومی كێڵگە و پەروەردەكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ بەستووە، هیچ كەسیان مووچەخۆری حكومەت نەبوون و هەمووشیان توانیویانە بژێوی خۆیان دابین بكەن، بۆیە ئێستا كە هۆیەكانی پێشخستنی كشتوكاڵ زۆر زۆر بووە، دەتوانین بە ڕاددەیەك ئەم كەرتە ببووژێنینەوە كە بتوانین پشتی پێ ببەستین.
پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی پێویستی بەوەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتگیری بكرێت و، هاوكاریی جووتیاران بكرێت، بۆ دابینكردنی ئەو كەرەستانەی بۆ پێشكەوتنی كشتوكاڵ پێویستن، وەك دابینكردنی «ئامێری كشتوكاڵی، بنەتۆوی تۆماركراو، دەرمان و ماددە كیماوییە قڕكەرەكان بە كوالێتیی بەرز و براندە جیهانییەكان». لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵ و پارێزگای دهۆكەوە، لە هەردوو دەڤەری «زاوێتە و مانگێش» 30-40 كەپری مێو (ترێ) بەسەر جووتیاری ئەو دەڤەرەدا دابەش كران، كە نرخی هەر یەك لەو كەپرانە بڕی نۆ ملیۆن دینار بووە، بە ڕاستی ئەم كەپرانە بۆ مێو دەبێتە هۆكاری ئەوەی بەرهەمی ترێیەكە زیاتر بێت و كوالێتییەكەشی باشتر بێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ئەو كاتەی د.زوهێر ئەلعاملی كە بە ناونیشانی «شارەزا» فەرمانبەر بوو لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەرتی كشتوكاڵی باخداری بەتایبەتی میوەی ترێ لە پارێزگای دهۆك پێشكەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینی و، بە سەدان ستوونی كۆنكرێتیی بەسەر جووتیاراندا دابەش كرد، ئەم كەسایەتییە كە ئێستا لە ئوردون نیشتەجێیە، هەتا ئێستا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی پێوە دەكەین و لای جووتیارەكان خۆشەویستە، لەبەر ئەوەی خەمی لە پێشكەوتنی كشتوكاڵ لە دەڤەری ئێمە دەخوارد.
ئەم گفتوگۆیە كاتێكی باشە كە وەك جووتیارێك داواكارییەكانی جووتیاران بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەیەنم:
1- لەم كاتەدا كە پڕۆژەی ڕووناكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری جێبەجێ دەكرێت، كە جێگەی دڵخۆشییە لە مولیدەكان ڕزگارمان دەبێت، بەڵام وەك جووتیاران داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە نرخی كارەبا لەسەر جووتیاران و كێڵگە كشتوكاڵییەكان زیاد نەكرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بۆ ئاودانیی كێڵگەكانمان بەردەوام پێویستمان بەوەیە بە كارەبا كار بە بیرە ئیرتیوازییەكانمان بكەین، ئەوانەش كارەبایەكی زۆر سەرف دەكەن و ئەگەر نرخی كارەبا زیاد بكرێت، بارگرانی لەسەر شانی جووتیاران دروست دەبێت.
2- داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بایەخ بە پیشەسازیی كشتوكاڵی لە دەڤەری دهۆك بدات و، چەندین كارگە بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان وەك كارگەكانی دروستكردنی «مرەبا، دۆشاو، قتووبەند، شەربەت» بكاتەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی كوالێتیی جۆری بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئەم دەڤەرە زۆر بەرزە، ئەگەر بە پیشەسازی بكرێن، هەموویان دەبنە براند بۆ هەرێمی كوردستان.
3- لەگەڵ ئەوەی وەك جووتیاران سوپاسی هەوڵەكانی بەڕێز كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە چەند ساڵێكە هەوڵ دەدات، بازاڕ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان پەیدا بكات، ئێمە وەك جووتیارانی كوردستان ئەم هەوڵەی بەڕێزیان بەرز دەنرخێنین، بەڵام هێشتا كێشەی نەبوونی بازاڕ وەك گەرەنتییەك بۆ ساغكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە كێشە گەورەكانی جووتیاران، بۆیە دوا لە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكەین، هەوڵەكانی بۆ پەیداكردنی بازاڕ چڕ بكاتەوە و جارێكی دیكە هاوكاریی جووتیاران زیاتر بكات.
