بەردەوامی کوشتن لە قوتابخانەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە
هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچە چڕەکانی دانیشتووانی غەززە بەردەوامن و سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستینی ڕایانگەیاند: کە تەنیا دوێنێ لەم هێرشانەدا لانیکەم ٤٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، یەکێک لەو هێرشانە قوتابخانەیەکی شاری غەززەی کردە ئامانج کە پەنابەرانی تێدا نیشتەجێ بوون. لەو هێرشەدا ٣٠ کەس کوژراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە قوتابخانەکەی کردۆتە ئامانج و وەک هەمیشە بانگەشەی ئەوەی کرد کە بیناکە بۆ پلاندانان بۆ هێرشەکانی ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەکاردەهێنرێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، دەگوترێ لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ماڵێک لە جەبەلیە، لانیکەم ١٥ کەسی دیکە کوژراون کە ٩ کەسیان منداڵ بوون.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لە ناوبردنی توانای سەربازی و حکومیی حەماسە بە تەواوی و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە تا ئێستا زیاتر لە 53 هەزار کوژراوی لە غەززە بەجێهێشتووە و نزیکەی هەموو دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون. دۆخی مرۆیی ئەم هەرێمە مەترسیدارە، نیشانە بەربڵاوەکانی بەدخۆراکی توندی تێدایە.
گوڵان: سەردار خەلیل
