رەهەندە جیاوازەکانی سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ ئەمەریکا

رەهەندە جیاوازەکانی سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ ئەمەریکا

ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەی دروست بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بکەین، پێویستە لە چەندین ئاستەوە شیکردنەوەی بۆ بکەین، کە هەندێکیان پەیوەستن بە گۆڕانکاریی ناوچەکە و پێگەی کەسیی سەرۆکوەزیران لە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا و تێڕوانینی ئەم ئیدارەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێگەی هێزە هەرێمییەکان و خوێندنەوەی دروستی هەرێم بۆ هاوکێشە نوێیەکانی هێز لە جیهان و ناوچەکەدا.

سەرەتا لە تەوقیتی سەردانەکەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە سەردانەکەی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران رێزدار (مەسروور بارزانی) لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دوو ئامانجی هەبوو، هاتنەوەی ئەمەریکا بە هێزەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کۆتاییهێنان بە میحوەری ئێرانی لە ناوچەکەدا، سەردانەکە و ئەجێنداکەی وەفدی هەرێمیش تەواو یەکدەگرنەوە لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، بە شێوەیەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خوازیاری وەبەرهێنانە لە ناوچەکە و هەمیشە لە رێگەی غازی کوردستانەوە دەوێت هەژموونی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیی پتەوی هەرێم لەگەڵ میحوەری سوننی بە سەرکردایەتیی ( سعودیە و قەتەر و ئیمارات) دەرفەتێکی تر دەدات بە هەرێم کە لە داهاتوودا ڕۆڵی میحوەریی لە ناوچەکەدا بگێڕێت.

دواتر ئەوەی زیاتر جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ هەرێم و سەرۆکوەزیرانیش، بەرەنجامی ئەو لۆبیەیە کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا هەرێم لە ئەمەریکا ئەنجامی داوە، بینینی ئەم هەموو سیناتۆر و کۆنگرێسمانە لە ماوەی چەند رۆژێک لەلایەک و دیدار لەگەڵ چەندین وەزیری ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کە هەمووان پاڵپشتیان دووپات کردووەتەوە بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران (مەسروور بارزانی) لە چاکسازی لە کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کوردستان لە ڕووی ژێرخانی وزە، ئەمەش پێمان دەڵێت مامەڵەی هەرێم و خودی سەرۆکوەزیران لە لۆبیکردن لە ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بووە، بە شێوەیەک کە زۆرینەی پێکهاتەی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا دۆستی کوردن، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کورد کە سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بە هۆکاری ئەوەی بوونی ئەم ئیدارە دۆستە کوردە لە ئەمەریکا، کە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی بتواندرێت بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بەکاری بهێنێت.

ئەوەی زۆر جێگەی دەستخۆشییە، پێکهاتەی وەفدەکەی هەرێمە کە جگە لە وەزیرێکی پارتی، وەزیری پێشمەرگە و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە خۆ دەگرێت کە لە پشکی یەکێتین، ئەمەش پێمان دەڵێت هەمیشە هێز لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە، کەوابێ ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەسجێکە بۆ واشنتۆن کە ئیدی لە کوردستان یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە بوونی هەیە، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت ئەمە بەڵێنی (سەرۆک بارزانی) بوو لە کاتی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژادن، کەوابێ ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیران (مەسروور بارزانی) لە واشنتۆن بە ئامادەکارییەوە بووە و مەبەست ئەوە بووە کە ئیدی لە کوردستان حکوومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز بوونی دەبێت و کوردستانیش بەرەو قۆناغێکی نوێ لە وەبەهێنان و پێشکەوتن هەنگاو دەنێ بە یەکڕیزیی نێوان هەردوو هێزە سیاسییەکە لە کوردستان و بە پاڵپشتیی ئەمەریکا و دۆستەکانی لەسەر ئاستی جیهان.

ئەگەر لەسەر ئاستی کاردانەوەکانەوە سەیری بەرەنجامی ئەم سەردانە بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆر سەرکەوتووانەیە، لەسەر ئاستی کوردستان هەموو دژەکانی ئەم ئەزموونە زۆر قەڵس بوون، بە شێوەیەک بە هەموو هێزیانەوە خەریکی کەمکردنەوەن لە دەرەنجامە باشەکانی بۆ داهاتووی کوردستان، لەسەر ئاستی عێراقیش ئەوا بێدەنگییەکی تەواو لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکان هەیە، بە شێوەیەک هیچ حیزبێکی ساسی لە عێراق جورئەتی ئەوەی نەکردووە کە رەخنە لە گرێبەست و مامەڵەی ڕاستەوخۆی واشنتۆن بگرێت لەگەڵ هەرێم، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی نەوعییە لە گۆڕانی باڵانسی هێز لە عێراق لە بەژەوەندیی هەرێم، ئەگەر لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراقیش بڕوانین تەنیا خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی دوو بەیاننامە کە هی دووەمیان تەواو نەرمینواندن بوو و شەرمنانە بوو، خۆ ئەگەر سەیری کاردانەوەکان بکەین لەسەر ئاستی ئەمەریکا ئەوا بە تەواوی پێمان دەڵێت کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن، کە وتەکانی (مارکۆ ڕۆبیۆ) وەزیری دەرەوە لە بەردەم سیناتۆرەکانی ئەمەریکا و وتارەکەی (مایک پۆمپیۆ) وەزیری پێشووتری ئەمەریکا لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، ئەو ڕاستییەی سەرەوە دووپات دەکەنەوە.

Top