غەفوور مەخموورى لە زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى TIU : پێویستە هەموو لایەکمان شانازى بەو پێکەوەژیانە بکەین کەوا لە کوردستان هەیە
میدیا - هەولێر :
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتى 22ی ئايارى 2025 ، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەسەر بانگهێشتی زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى و دەزگاى بنیاد و پێگەیاندنى نیشتمان بەشدارى پانێلى (لێبوردەیى و پێکەوەژیان)ى کرد، کە بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندەڤانان و میوانان، لە بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دیپلۆماسییەکانى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى بەڕێوەچوو، لە سمینارەکەدا؛ غەفوور مەخموورى بابەتێکى بەناونیشانى (لێبوردەیى و پێکەوەژیان بناخەیەکى پتەوە بۆ بیناکردنى کۆمەڵگەیەکى ئارام و سەقامگیر) پێشکەشکرد، مەخموورى بۆ بیناکردنى کۆمەڵگەیەکى لێبوردەو سەقامگیر جەختیکردەوە سەر زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان و پەرەپێدانى دیالۆگی نیشتمانی بۆ یەکڕیزی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى باشوورى کوردستان.
لەسەرەتاى پانێلەکەدا بەڕێز د. محەمەد ساڵح سەرۆکى بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتیى و دیپلۆماسییەکانى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى، بەناوى زانکۆى تیشک و دەزگاى بنیاد و پێگەیاندنى نیشتمان بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی بابەتی پانێلەکە كرد, ئنجا غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی رێکخەرانى پانێلەکەى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر هاتە سەر پێشكەشكردنی بابەتێک بەناونیشانى (لێبوردەیى و پێکەوەژیان بناخەیەکى پتەوە بۆ بیناکردنى کۆمەڵگەیەکى سەقامگیر) و تیشکى خستەسەر چەمکى پێکەوەژیانى ئاشتییانە و مێژووى سەرهەڵدانى بیردۆزو چەمکى پێکەوەژیانى بۆ ئامادەبووان باسکرد و، وتى: (چەمکى پێکەوەژیانى ئاشتییانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە واتاى ئەوە دێت کەوا کۆمەڵگە فرە ئایدۆلۆژیا و فرە ئاین و پێکهاتە ئیتنییە جیاوازەکان یەکتر قبوڵ بکەن وبۆ چارەسەرکردنى کێشەو ململانێکان پەنا ببەنە بەر دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن و رێگەى ئاشتییانە.)، هەروەها مەخموورى وتى: (پێکەوەژیان چەمکێکى گرنگە بۆ چەسپاندنى ئاشتى و سەقامگیرى و دوورکەوتنەوە لە شەڕو ململانێ، لەبەرئەوەى پێکەوەژیان واتە یەکتر قبوڵکردن بەجیاوازى باوەڕ و رەگەزو زمان و پێکەوەژیان لەگەڵ یەکتر بە ئاشتى و چارەسەرکردنى کیشەو گرفتەکان بە شێوازى ئاشتیانە.).
غەفوور مەخموورى لە پانێلەکەدا لە درێژەى بابەتەکەیدا باسى لە بەهاو رەهەندەکانى چەمکى پێکەوەژیان کرد و، وتى: (چەمکى پێکەوەژیان پشت بە چەند بەهایەک دەبەستێت کە بریتین لە لێبوردەیى و لەیەکترگەیشتن وهاوکارى و دادپەروەرى و، چەند رەهەندێکیشى هەیە کە بریتین لە رەهەندى تاکە کەسى و کۆمەڵگەیى و نێودەوڵەتى و جیهانى.)، دواتر مەخموورى بەدرێژى لە بەهاو رەهەندەکانى چەمکى پێکەوەژیان دواو روانینى خۆى خستەڕوو و، وتى: (لێبوردەیى و پێکەوەژیان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بناخەیەکى پتەوە بۆ چەسپاندنى ئاشتى و سەقامگیرى و بیناکردنى کۆمەڵگەیەکى پێکەوەگونجاوو هاوکار.)
دواتر غەفوور مەخموورى باسى لە پێکەوەژیانى ئاشتییانە لە کۆمەڵگەى عێراق و کۆمەڵگەى کوردستان کردو بەراوردێکى پێکەوەژیانى لە هەردوو کۆمەڵگەدا کرد و، وتى: (ئەگەر سەیربکەین لە رۆژى دامەزراندنى عێراقەوە تا ئێستا عێراق سەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کەوا دامەزراندنى عێراق لەسەر بنەمایەکى تەندروست نەبووە و لەسەر حیسابى نەتەوەکانى دیکە بووە، هەروەها گیانى یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانى کۆمەڵگەى عێراقدا بوونى نەبووە، بۆئەوەى عێراق ئاشتى سەقامگیرى بەخۆیەوە ببینێت پێویستە گیانى لێبوردەیى بایەخى پێبدرێت و هاوڵاتیانى عێراق هەست بە هاوڵاتیبوونى خۆیان بکەن و یەکتر قبوڵ بکەن، بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر ئاستى کۆمەڵگەو دەوڵەت کاربکرێت، لەم رێگەیەوە پێکهاتەکانى کۆمەڵگەى عێراق دەتوانن چەمکى پێکەوەژیان پەرەپێبدەن و بیچەسپێنن، ئەگەر بەم شێوازە کار نەکەن ئەوا عێراق بەردەوام لە کەشێکى ناسەقامگیر و ئاڵۆزدا دەمێنێتەوە.).
مەخموورى باسى لە پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەى کوردستان کرد و، وتى: (کۆمەڵگەى کوردستان، کۆمەڵگەیەکى فرە نەتەوەو فرە ئاین و ئاینزا و فرە کلتورە، نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانى کوردستان بە درێژایى مێژوو پێکەوەژیاون، ئەو پێکەوەژیانەى کوردستان بۆتە کلتورێک و سیمایەکى جوانى بە کوردستان بەخشیوە و پێگەى کوردستانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەهێز کردووە، ئەوەش وایکردووە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لەم حاڵەتەى کوردستان بڕوانێت، ئەو پێکەوەژیانەى لە کوردستان هەیە خۆڕسکە، تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردستان و سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان و تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان رۆڵیان هەبووە لە زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان و پێشخستنى چەمکى پێکەوەژیان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان شانازى بەو پێکەوەژیانە بکەین کەوا لە کوردستان هەیە، ئەو پێکەوەژیانەى لە کوردستان هەیە وایکردووە کوردستان ببێتە پەناگەیەکى ئارام و کۆمەڵگەیەکى سەقامگیر.).
شایانى باسە دواى پێشەشکردنى بابەتەکەى مەخموورى دەرگاى گفتۆگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و، روانینى خۆیان سەبارەت بە بابەتەکەى مەخموورى خستەڕوو.
