د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: دواكەوتنی مووچە پەیوەندی بە كەمیی پارەی كاشی دینارەوە هەیە
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەوە ناسراوە كە بەدواداچوونی ورد دەكات لەسەر بابەتە دارایی و ئابوورییەكان و بەردەوام زانیاری نوێی لەسەر بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەیە. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەسەر پرسی مووچە و چەند تەوەرەێكی دیكەی پەیوەنداری لەگەڵیدا ساز دا، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئەگەرچی لە بوودجەی ساڵی 2025 بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێگیر كرا، كەچی ئەوەتا بۆ جارێكی دیكە ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دواكەوتەوە. وەكو ئەندامێكی لێژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێراق و كەسێكی ناسراو بۆ بەدواداچوونی پرسی مووچە، ئایا هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی مانگی چواری هەرێم هیچ پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە نییە. بەپێی لێكدانەوەمان لە عێراق هیچ كێشەیەكی دارایی و ئابووری بوونی نییە، هیچ گرفتێكیش لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا نییە و بگرە هیچ شتێكی نوێ و تێبینی لەسەر بابەتی خشتەكانی مووچە و لیستی مووچە باس نەكراوە، تەنانەت حكومەتی عێراقیش هیچ نییەتێكی لەو جۆرەی نییە، ئاستەنگ بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست بكات، بەتایبەتی لە ئەمساڵدا كە ساڵی هەڵبژاردنە و هیچ حكومەتێك موجازەفەی ئەوە ناكات، بە مەبەست بیەوێت ئاستەنگ لەبەردەم مووچەی توێژێك و ژمارەیەكی وا زۆری دانیشتووان دروست بكات، بەڵام گرفتەكە تەنیا پەیوەندی بە بابەتی كەمیی پارەی كاشی دیناری بەردەستی حكومەتی عێراقەوە هەیە، ئەوەتا دابەشكردنی مووچە لە بەشێكی دامودەزگاكانی عێراقیشدا دواكەوتووە، بگرە حكومەتی عێراق هەنگاویشی ناوە بۆ ئەوەی بە زووترین كات پارەی كاش دابین بكات و مووچەی پێ دابەش بكات. دەستەبەركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یەكلا بووەتەوە و بە پشتبەستن بە ماددەی 13ی لە یاسای بوودجەی سێ ساڵە جێگیر كرا، بەوەی حكومەتی فیدڕاڵی مولزەمە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە هەموو توێژەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتییەوە، تەنانەت هاوتاش بكرێت مووچەكانیان بە هاوشێوەی مووچەكانی عێراق مووچە وەربگرن.
* بۆ چارەسەركردنی كێشەكە مەبەستت ئەو هەنگاوە بوو كە حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی مووچەی مانگی نیسان پەنای بۆ ڕاكێشانی پارەی سپاردە برد؟ ئایا ئەمە تا چەند لە یاسای بوودجەدا ڕێپێدراوە و تا چەند چارەسەری كێشەكە دەكات؟
- عێراق مانگانە پێویستی بە 7،5 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوكاریی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، بەشێكی ئەم بڕە پارەیەشی لەبەردەستدا نییە، بۆیە حكومەتی فیدڕاڵی پارەی سپاردەی دارایی باجی كۆمپانیا و بازرگانەكانی بۆ مووچە ڕاكێشاوە، كە بەپێی یاسای باجەكان ئەم كارە ئاساییە، چونكە دواجار ئەو سپاردەی باجانە دەبێتەوە داهاتی حكومەت و حكومەت بۆی هەیە ئەو پارەیە ڕابكێشێت و بەكاریشی بهێنێتەوە، لەبەر ئەوەی پارەكە تاوەكو پێنج ساڵ وەكو بارمتە لەلای حكومەت دەمێنێتەوە و پارێزراوە و لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ ئەگەر خاوەنەكانیان نەچن بۆ پاكتاوكردن، دەبێتە داهاتی كۆتایی بۆ حكومەت، ئەو بڕە پارەی سپاردەیەش ( 3 تریلیۆن و 45 ملیار و 7 ملیۆن و 252 هەزار دینارە).
* باشە، كە قەیرانی دارایی و قەیرانی ئابووری نییە و نەوتیشی بەپێی گرێبەستی پێشوەختە بە نرخە كۆنەكانی فرۆشتووە و كێشەی كەمیی دۆلار نەبووە، ئەی كێشەكە لە چییەوە هاتووە و بۆچی پارەی كاشی دینار لە عێراقدا كەمی كردووە؟
- عێراق تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەوتی بەپێی گرێبەستە كۆنەكان فرۆشتووە و نرخی نەوتەكەی كەمی نەكردووە، چونكە گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوتی گرێبەستی پێشوەختەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی نەوتیان لێ كڕیوە. هەرچەندە لێرە بەدواوە بە نرخی تازە نەوتەكەی دەبێت بفرۆشێت واتا تا چوار مانگی ڕابردووش كێشەی كەمیی دۆلاری نەبووە، بەڵام وەكو ئاماژەم پێدا، كێشەی كاشی سیولەی دیناری هەیە. بەپێی هەموو لێكدانەوەكان و بەدواداچوونەكانمان كێشەكە لە گۆڕینەوەی دۆلاری فرۆشتنی نەوتەوە سەریهەڵداوە، ئەمە هۆكاری كورتهێنانی داهاتی گشتی و بوودجەیە، چونكە بوودجەی گشتیی عێراق لە 90%ی پشتی بە فرۆشتنی نەوتی خاو بەستووە، كە بە دۆلارە و قۆناغ بە قۆناغ لە بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا وەردەگیرێتەوە و لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بە دوو ڕێگای چاپكردنی پارە و فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان و هاوردەكاران و گەشتیاران دەكرێتەوە بە دینار. بە وردبینیی زیاتر و وردی بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی دۆلار و حەواڵەكردن پرۆسەكەی زۆر خاو كردووەتەوە، بەكورد و پوختی ئەم دۆلارەی عێراق كە لە نرخی پێشووی نەوت دەستی كەوتووە، بەئاسانی بۆی نابێتەوە بە دینار. ئەم پرۆسەیە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خەرجییەكانی ڕۆژانە و مانگانەی حكومەت كە بەدڵنیاییەوە ئەمەش هۆكارێكی دیكەی كورتهێنانی بوودجەكەی عێراقە.
* كەواتە بەپێی لێكدانەوە و بەدواداچوونەكانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێت، دابەزینی نرخی نەوت كێشە گەورەكە بۆ عێراق لە چەند مانگی داهاتوو دروست دەكات؟
- عێراق هێشتا بەو نرخە كەمە نەوتی نەفرۆشتووە، لە مانگی پێنج بەدواوە بە نرخی نوێ كە نزمترە لە پێشوو دەبێت نەوتەكەی بفرۆشێت. دەبێت لە ئێستاوە چارەسەری ئەم كێشەیە بكات و تەنانەت زۆر لەخەرجییە زۆرەكانی كەم بكاتەوە، چونكە تازە بە تازە و بەم پەلەپەلە عێراق ناتوانێت ئابووری و داراییەكەی ڕاست بكاتەوە، بەشی هەرە زۆری داهاتی نەوتییەكەی بۆ بوودجەی بەكارخستنی خەرجی دەڕوات، بێ ئەوەی لەكەرتی وەبەرهێنان و بەرهەمهێن بەكاری بهێنێت و ئابوورییەكەی لە ئابوورییەكی ڕەیعی تاكە سەرچاوەی داهاتەوە بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری ئاراستە بكات. ئەوەتا قەیرانی كەمیی كاشی دیناری بۆ دروست بووە و پارەی بەڵێندەرەكانی ناتوانێت بدات و كێشە بۆ پڕۆژە زۆرەكانی دروست بووە و دەستی بۆ پارەی سپاردەی باجەكان بردووە، باشە ئەگەر گریمان ئەم پارەیەی سپاردەی باجەكان بۆ مانگی چوار بەكاری بهێنێت ئەی بۆ مانگی پێنج چی دەكات؟ بۆیە دەبێت ڕێكاری چارەسەری بدۆزنەوە.
* لەگەڵ ئەوەی عێراق كێشەی كەمیی دراوی كاشی دیناری هەیە و ڕەنگە لە كۆتایی دووەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت بەو بەرزییەی پێشوو نەمێنێتەوە، بۆیە لەم سات و كاتەدا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە، ئەم بابەتە بە كوێ گەیشتووە؟
- هەرچەندە بابەتی نەوت لە پسپۆڕایەتیی لێژنەكەمان (لێژنەی دارایی پەرلەمان) نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانم ڕاوەستانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر لە ماوەی دوو ساڵ، زیانەكانی گەیشتووەتە نزیكەی 24 ملیار دۆلار، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەرێم و عێراق و گەنجینەی حكومەتی فیدڕاڵیدایە. وەكو دەزانن ئەم دۆسێیە لە مانگی دووی ئەمساڵ ئەوەی پەیوەندی بە یاسای بوودجەوە هەیە، ئەو دەقەی پەیوەندی بە تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانەوە هەیە، هەموار كراوە، ئەو دەمەی هاتە پەرلەمان بەو پێیەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ قسە كراوە و لەسەر ئەم دەقە ڕێككەوتوون، بۆیە ئێمەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان ڕێگامان نەدا لەناو پەرلەمان ئەم هەموارە دەستكاری بكرێت، هەموارەكە تێپەڕی و تێچوونی بەرمیلێك نەوت لە 16 دۆلار جێگیر كرا، ئەمەش تێچوویەكی كۆتایی نییە، پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت لەلایەن كۆمپانیایەكی پسپۆڕ كە بەپێی هەموارەكە دەبێت لەماوەی 60 ڕۆژدا هەرێم و بەغدا لەگەڵ ئەو كۆمپانیانە ڕێك بكەوتنایە، بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ تێچوونی بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بكات. ئێستا كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕبوونی نزیكەی ئەم دوو مانگە داوای ڕێكەوتن و گەرەنتی دەكەن، باشە پێشتر بۆچی قسەیان نەكرد و پێشتر بۆچی ئەم كۆمپانییانە هەڵوێستیان دەرنەبڕی، كە ماوەیەكی زۆریان لەبەردەستدا بوو؟ چۆن دوای هەمواری یاساكە داوای شتی دیكە دەكرێت؟ بۆیە من پێم وایە ئێستا كێشەكە لەنێوان كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم و حكومەتی عێراقدایە و ئەم بابەتەش تەنیا تەكنیكی و هونەرین و هێندەی ئەوەی بابەتێكی سیاسییە و دەبێت لەناو ئەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆ و بڕیاری لەسەر بدرێت.
* دوا پرسیارمان بەو پێیەی شارەزایی و پسپۆڕایەتیت لە دارایی و ئابووری هەیە، دەكرێت بزانین لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران و پەلكێشكردنی عێراق بۆ ناو ئەو ململانێیەی كە ئێستا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، تا چەند كاریگەری لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت؟
- دۆخی دارایی و ئابووری لە دنیای پڕ لە كێشمەكێش و ململانێی و تێهەڵچوونی سەربازی هەرگیز باش نابێت، بگرە لە دونیای بزنێس و بازرگانی نائارامی و ناسەقامگیری جێگای نابێتەوە. ئەوەتا بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی جیهان و سیاسەتە توندەكانی باج و گومرگی ترامپەوە كاریگەریی لەسەر بەهای نرخی جیهانیی نەوتیش كرد، لێرە بەدواوە كاریگەرییەكانی ئەم دابەزینە لەسەر داهاتی نەوت و داهاتی عێراق دروست دەبێت، بەڵام حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش خۆیان بەدوور كردووە لەو كێشمەكێشە سەربازی و سیاسییانە، چونكە دۆخی عێراق بەرگەی شەڕ و نەهامەتیی دیكە ناگرێت و لەمەدا خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە نەهامەتی و ماڵوێرانی شەڕەكانین و هیچ كەس و لایەنێك خوازیاری ئەمە نین، كە دواجار ئابووری و خۆشگوزەرانی لە ڕەوشێكی ئارام و سەقامگیردا گەشە دەكات.
