کۆششکاری و ڕاستکاری خەیاڵ دەکەنە ڕاستی

کۆششکاری و ڕاستکاری خەیاڵ دەکەنە ڕاستی

(ستیڤ هارڤی) ئەكتەری ئەمریكی دەڵێ"سەركەوتن لە ناكاو نایەت، بەڵكو دەرئەنجامی كاری سەخت و بەردەوامە ".
زۆرجاران مرۆڤ خەیاڵ دەكات و بیر دەكاتەوە كۆمەڵێ ئامانج و خەونی هەیە لەوانەیە ژیانی بگۆڕێت، لەگەڵ هاتنەدی خەون و ئامانجەكان. بەڵام لەگەڵ خۆی دادەنیشێ و بیر دەكاتەوە بە خۆی دەڵێ سبەی دەست پێ دەكەم، یانیش هەفتەیەك یان مانگێكی تر دەست دەكەم بە هەوڵدان بۆ هاتنە دی خەون و ئامانجەكان. بەڵام ئەو سبەی و هەفتە و مانگە نایەت، ناكرێ چاوەڕێی دەست پێكردن بین و هەر چاوەڕوانی كردنێك و خەیاڵ كردنێك تەڵەیەكە بۆ خۆت لێی دەرباز نابی.
پێویستە زۆری لە خۆت بكەی و خۆت ناچار بكەی دەست بە هەنگاوەكان بكەی و ڕووبەڕووی كارەكان ببیەوە تا ڕووبەڕووی كارەكان ببیەوە بەهێزتر دەبی و هیچ شتێ ناتوانێ‌ ڕاتبگڕێ هەموو دەستپێكردنێك بڕیاردانە و لە ئامانجەكانت نزیكت دەكاتەوە ، لە هەمان كاتدا سەركەوتن و زاڵ بوونە بە سەر تەوەزەڵی و دواخستن و پاشخستن كە هەمیشە دەبنە ڕێگر و كۆسپ و ئاستەنگ بۆ پێشكەوتنەكان. بۆیە گرنگە لە هەر كارێكدا دەبێ كۆششی بۆ بكرێ و بەڕاستی هەنگاوی بۆ بهاوێژرێ و هەرگیز دەستەوەستان نەبیت و خۆ بەدەستەوە نەدەیت، پەرۆشی و ئارەزوو و ڕاستكاری و كۆششكاری بەردەوام بنەما و بنچینەی سەركەوتنی هەموو كارێكن لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان، پێویستە پەرۆشی ڕاستەقینەییمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی كارەكان. كۆڵ نەدەین و دەستبەردار نەبین ئەوەش بە دڵنیایی هێز و سووربوون و زاڵ بوونمان پێدەبەخشێ و لە ئەنجامەكان نزیكمان دەكاتەوە.
كۆششكاری و ڕاستكاری ناوەستێتە سەر ئەوەی زۆرترین كات لە كار و دەوام بین هەر بەتەنها، بەڵكو پێویستی بە بەخشینی وزە و تەقەلای چڕ و هەوڵدانی بەردەوام و جێگیری و دەستبەرنەدان هەیە، پێویستی بە تێگەیشتنی ڕوون و پاڵپشت بە ئەمانەت پارێزی و ڕەوشت بەرزی داكوتاو و قایم هەیە. لەگەڵ تواناداری لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاستەنگ و بەربەستەكان و، لە هەمان كاتدا ئامادەیی بۆ بەخشینی هەر قوربانییەك ئەگەر پێویستی كرد، گرنگ پابەندی و ڕێككاری و وردی و ڕاستی و ڕاستگۆیی و ئەمانەت پارێزی لە كارەكان بە گشتی كە بنەمای سەرەكین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان.
هەر بۆ نموونە (ئەبراهام لنكۆلن) كە زیاتر لە (٣٠) سی ساڵ لە ژیانێكی پڕ لە شكست ژیا و شكست لە دوای شكست لەگەڵی بوو بە درێژایی ساڵ و مانگ و ڕۆژ تا لە شەوانیش هەر لە خەیاڵی شكستەكانیدا بوو لە ساڵی (١٨٣٢)دەرنەچوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی وەزیران. وە لە ساڵی (١٨٣٣)تووشی شكست بوو لە كارەكەی. لە ساڵی (١٨٤٣) ئەندامیەتی كۆنگرێسی لە دەستدا، وە لە ساڵی (١٨٥٦) پۆستی جێگری سەرۆكی لەدەستدا، بەڵام سەرەڕای ئەو هەمووە شكست و دۆڕان و كەوتن و سەختیانە، بەڵام نەوەستا و بەردەوام بوو توانی ئەوەی دەیەوێ بەدەستی بهێنێت، دوایی زنجیرەیەك لە بەڕەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە توانی هەڵبژێردرێ بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسالی (١٨٦٠) بوو بەیەکێک لەسەرۆکە سەرکەوتوو و گەورەکانی ئەمەریکا لە بیرمان نەچێت هەمیشە كۆششكاری و ڕاستكاری بەردەوام خەیال و خەون دەگۆڕێ بۆ واقیع و ئەنجام.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top