باوەر عوسمان ئیسماعیل ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   هاتنی شاندی دەم پارتی و پەیامی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوە دەگەیەنێت كە ئۆجەلان دڵنیایە بە ڕۆڵ و كاریگەریی بارزانی پڕۆسەی ئاشتی سەردەكەوێت

باوەر عوسمان ئیسماعیل  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     هاتنی شاندی دەم پارتی و پەیامی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوە دەگەیەنێت كە ئۆجەلان دڵنیایە بە ڕۆڵ و كاریگەریی بارزانی پڕۆسەی ئاشتی سەردەكەوێت

 

 

هاتنی شاندی دەم پارتی و هێنانی پەیامەكەی ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵییەوە لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن دەخوێندرێتەوە؟ ئایا پەكەكە بە كرداری قبووڵیانە چەك دابنێن؟ دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش تا چەند كاریگەرییان لەسەر سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و چەند تەورەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ باوەر عوسمان ئیسماعیل ئەندامی پێشووی پەكەكە ساز دا.

 

 

* شاندی دەم پارتی پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنابوو، جەنابیان پشتگیریی ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەر ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا، چ خوێندنەوەیەكت بۆ سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی هەیە؟

- ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە هەر پارچە و شوێنێكی كوردستان، ڕۆڵێكی سەرەكییە و ئەوە هیچ گفتوگۆیەك هەڵناگرێت، چونكە كار و هەوڵ و شۆڕشگێڕیی جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە تا ئێستا دیارە، كە لە پێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەی كورددا بووە، بۆیە هاتنی شاندی دەم پارتی و هێنانی پەیامی ئۆجەلان بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ لە ئیمیڕاڵییەوە ئەوە دەگەیەنێت كە ئۆجەلان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە كە خەمخۆری و دڵسۆزیی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی گەلی كورد لە باكووری كوردستان گومان هەڵناگرێت و تەنیا بە جەنابیان هەڵدەسووڕێت و سەركەوتوو دەبێت، چونكە سیاسەت و دیپلۆماسیەت و ڕۆڵی كاریگەر و قورسایی جەنابی بارزانی یەكجار دیار و بەهێزە لە توركیا، هەر جەنابی سەرۆك بارزانی بوو كە لە ساڵانی پێشتریش یەكلایەنە و بەبێ ئۆجەلانیش دەستپێشخەریی كرد، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە كێشەی پەكەكە و باكووری كوردستان لەگەڵ حكومەتی توركیا چارەسەر بكات. هاوكات ئۆجەلان هاتووەتە سەر بارودۆخە ڕاستەقینەكە و ئیعتراف دەكات، دیارە بە ناردنی پەیامەكەی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی كە جەنابیان مەرجەع و سەركردەی ڕاستەقینە و خەمخۆری گەلی كوردن لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا، لەلایەكی دیكەوە ئەزموونی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو دنیا و بۆ ئۆجەلانیشی سەلماندووە كە لە سایەی حیكمەت و سیاسەت و میانڕۆیی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە كە ماوەی زیاتر لە (34) ساڵە بەو هەموو زوڵم و ستەمەی لە لایەن شۆڤینیەتی عێراقی لە هەرێمی كوردستان و میللەتەكەی دەكات، لە ڕێگەی سەبر و ئارامی و گفتوگۆ و دانوساندنەوە توانراوە بگەینە ئەو بارودۆخە و ئەو سەقامگیری و ئاوەدانییە ڕابگرێت، ئەمە سەرەڕای بڕینی مووچە و بوودجە و ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە. هەر بۆیەش پێویستە گەلی كورد و هەموو سەركردەكانی لە هەر پارچە و شوێنك بن، ئیعتراف بكەن كە سەرۆك بارزانی پێشەوا و مەرجەعی گەلی كوردستانە و جەنابیان هەموو كات باوەڕی زیاتریان بە گفتوگۆ و دانوساندنی ئاشتییانە هەیە بۆ چارەسەری كێشەی كورد، ئەو ڕاستییەش بۆ ئۆجەلان دەركەوتووە و دەزانێت كە تەنیا بە جەنابی سەرۆك بارزانی و كاریگەریی ئەو دەتوانرێت كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكرێت. لە لایەكی دیكەوە هێنانی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو دژایەتی و دوژمنایەتییەی پەكەكە و ئۆجەلان دەرهەق بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیانكرد، هەڵەیەكی زەق و بێ مانا بووە. 

* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت، سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكە بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە، ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟

- وەكو ئەوەی كە ئێمە تەمەنێك لە ناو پەكەكەدا بووین، ئەوە دەزانین هیچ كەس و سەركردەیەك لە ناو پەكەكەدا ناتوانێ قسە و پەیامی ئۆجەلان ڕەت بكاتەوە و لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە تا ئێستا كە ئۆجەلان زیاتر لە (25) ساڵە لە زیندانە، هەر فەرمان و بڕیارێكی دابێت، قەندیل و هەموو گرووپ و لایەنەكانی سەر بە پەكەكە پابەندی بوون. من وای دەبینم كە قەندیل چۆن بە زارەكی بە پەیامەكە ڕازین، ئاواش بە كرداری قبووڵی دەكەن و چەك دادەنێن، بەڵام چەكدانانەكە وردەكاری و مەرجی تێدایە كە لە پەیامەكەی ئۆجەلانیشدا ئەمە ڕوون كراوەتەوە، كە دەبێت پەكەكە كۆنگرە ببەستێت و لەوێ بە چاودێریی نێودەوڵەتی دڵنیا بكرێنەوە كە حكومەت و دەوڵەتی تورك نیازی پاك و تەواویان هەیە لە پڕۆسەی ئاشتیدا، ئەو كات پەكەكە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەكیش دادەنێت، بەڵام ئەمەش ماوە و كاتێكی پێویستە، بەتایبەتی بۆ دەستەبەری متمانە لەگەڵ توركیا و حەوانەوەیان و جێگربوونیان بۆ ژیان و بارودۆخێكی پارێزراو لە شوێن و وڵاتێك لە دوای چەكدانانەكەیان. هاوكات پەكەكە و ئۆجەلان گەیشتوونەتە ئەو ئاست و باوڕەی كە هەموو كێشە و گرفتێك لە ئێستادا لە دونیادا تەنیا بە دیالۆگ و گفتوگۆ و ئاشتیی دوور لە شەڕ چارەسەر دەبێت، دەبێت توركیاش بگاتە ئەو قەناعەتەی كە چەند شەڕ بكرێت و خەڵك بكوژرێت، كێشەكە نەك چارەسەر نابێت، بەڵكو كێشە و گرفتەكان قووڵتر دەبن و میللەتی كورد و توركیاش ماندووتر و بریندارتر دەبن و ناسەقامگیریی زیاتر وڵاتەكەیان دەخاتە بارودۆخی خراپ و پشێوییەوە.

* با بێینە سەر كاریگەریی دەم پارتی لە ناو كوردی توركیادا، ئایا كوردی توركیا دەم پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن؟ دیارە بێجگە لە دەم پارتی و ڕێكخراو و كۆمەڵەی دیكەی كوردیش لە توركیا هەن و پشتگیریی هەڵوێستەكەی دەم پارتی دەكەن بۆ ئاشتی، ئایا ڕۆڵ و كاریگەریی دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- لە باكووری كوردستان زۆر كۆمەڵە و لایەن و پارتی جۆراوجۆر جگە لە دەم پارتی هەن و هەر یەكێك لەو لایەنانەش بەپێی بەرنامە و كار و سیاسەتی خۆیان، كاریگەرییان لەسەر كورد و باكووری كوردستان هەیە، بەڵام دەم پارتی وەكو دەبینین خاوەن ژمارەیەك كورسیی پەرلەمانییە لە توركیا و نوێنەرایەتیی گەلی كوردی و باكووری كوردستان دەكات، جەماوەری دەم پارتی ڕێژەكەی زۆرە، بۆیە بوونەتە خاوەن ئەو ژمارە كورسییە پەرلەمانییە، بەڵام پێویستە دەم پارتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی باكووری كوردستان ڕێككەوتن بكات، ئەو كات زیاتر دەتوانێت سەركەوتوو بێت و زیاتر دەنگی باكووری كوردستان بۆخۆی مسۆگەر بكات، بەپێی ئەو پەیوەندییەی كە لەگەڵ پەكەكەش هەیانە، بە ئاشكراش نەبێت بە نهێنی ئەوە ڕۆڵ و كاریگەرییان دەبێت لە سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتیدا، هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش وەكو كەسایەتییەكی دیار و نیشتمانپەروەری گەلی كوردستان بە تەئكید كاریگەریی و ڕۆڵی هەیە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی، بۆیە پێویستە پێشەكی توركیا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان ئازاد بكات، ئەو كات نیازپاكیی توركیا و متمانەش بۆ میللەتی باكووری كوردستان و پەكەكەش دێتەدی. 

* ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە توركیا پێویستی بە دەنگی كوردە بۆ دووبارە بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار، بۆ ئەمەش دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییەكی گەورەی ئابووری و بازرگانی هەیە، ئەمە بێجگە لە شكۆی سەرۆك بارزانی كە لە هەر چوارپارچەی كوردستان لە ئێستادا وەك مەرجەعی هەموو كورد سەیر دەكرێت. ئایا مەرجەعیەتی سەرۆك بارزانی تا چەند دەبێتە زامنی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كورد لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان؟

- بێگومان ڕەجەب تەیب ئۆردوگان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بەدەست بهێنێت، پێویستە دەنگی گەل و میللەتی باكووری كوردستان بۆ خۆی ڕابكێشێت، ئەمەش ئەو كاتە دەبێت كە گەلی باكووری كوردستان كە ئێستا لە لایەن توركیاوە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیان لێ زەوت كراوە و هیچ مافێكی وەك زمانی دایكی و یەكسانی لە یاسا نییە و مومارەسەی دابونەریت و كەلتووریشی لێ قەدەغەیە، بۆیان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش تەنیا بە قسە ناكرێت، بەڵكو دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكرێتەوە و ماف و داواكاری و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی باكووری كوردستانی تێدا بنووسرێت و بچەسپێندرێت و جێبەجێ بكرێن، ئەو كات بۆی هەیە ئۆردوگان دەنگی كورد وەربگرێت، بەڵام بە بۆچوونی خۆم توركیا دەستوور بەو شێوەیە هەموار ناكاتەوە كە هەموو مافەكانی گەلی باكووری كوردستانی تێدا پارێزراو بێت، هەر بۆیە پڕۆسەی ئاشی كۆسپ و لەنگەری زۆری لەبەردەمە، كە ئەمەش زیاتر دەوڵەت و حكومەتی توركیا دروستی دەكەن. توركیا پڕۆسەی ئاشتی لەوەوە دەبینێت كە پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە و گەلی كورد دەستەوەستان ڕاوەستن، هەر بۆیە باوەڕ ناكەم پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارەش سەركەوتوو بێت.

* ئەگەر چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارە كوردییەكانی توركیا دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر؟

- ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا سەركەوتوو بێت، ئەوا سنووری نێوان باكوور و باشور و ڕۆژئاوا زۆر كاڵ دەبێتەوە، چونكە بە قووڵایی چەندین كیلۆمەتر لە نێوان سنووری پارچەكانی كوردستاندا یەك عەشیرەت و یەك هۆز و خزمایەتی و لێكنزیكی لە نێوان خەڵكەكەدا هەیە، هەر بۆیە ڕۆژانە هاتووچۆكردن زۆر ئاسانتر و ئاسایی و زۆرتر دەبێت، كە ئەمەش یەكێك لە خەون و ئاواتەكانی میللەتی كورد و كوردستانە لە هەموو پارچەكانیدا.

Top