پاکستان بەردەوامە لە هێرشی زۆر لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای هیندستان

پاکستان بەردەوامە لە هێرشی زۆر لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای هیندستان

 

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە ئاسیا، سوپای هیندستان ڕایگەیاندووە، هێزەکانی پاکستان چەندین هێرشیان بەدرێژایی سنووری ڕۆژئاوای هیندستان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دیکە ئەنجامداوە.

بە گوتەی بەرپرسانی سوپای هیندستان، هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوەیەکی کاریگەر بەرپەرچ دراوەتەوە و پێشێلکارییەکانی ئاگربەست بە شێوەیەکی شایستە وەڵام دراوەتەوە.

سوپای هیندستان هەروەها ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی پاکستان چەندین جار ئاگربەستیان بەدرێژایی سنووری کشمیر پێشێل کردووە.

هیچ وردەکارییەکی دیکەی هێرشەکان، لەوانەش ڕادەی زیانەکان یان ئەگەری قوربانییەکان، هێشتا ڕانەگەیەنراوە و پاکستان تا ئێستا وەڵامی ئەو لێدوانانەی نەداوەتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو دوژمنە درێژخایەنە ڕۆژی چوارشەممە چڕتر بووەوە کاتێک سوپای هیندستان چەند شوێنێکی لە پاکستان کردە ئامانج کە بانگەشەی ئەوە دەکات کەمپەکانی تیرۆریستین.

ئەم هەنگاوەی هیندستان لە وەڵامی هێرشە کوشندەکەی مانگی ڕابردوودا بوو لە ناوچەی کشمیر، کە نیودەلهی ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن پاکستانەوە ئەنجامدراوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top