غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات

 غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات

 

 غەفوور مەخمووری : چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە

 - پێویستە راشکاوانە لەگەڵ رۆشنبیران و ناوەندە عەرەبییەکان بدوێین و پەیامى خۆمانیان پێبگەیەنین.

 

 تایبەت - هەولێر:

 ئێوارەى ڕۆژى ٤ / ٥ / ٢٠٢٥ ، لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن یەکێتى نووسەرانى کورد میوانداری كرا و, لە رێوڕەسمێکدا (٩) کتێبى چاپکراوى خۆى ناساندو پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.

 ئێوارەى ڕۆژى یەکشەممە لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن یەکێتى نووسەرانى کورد میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنى (٩) کتێب بۆ رێکخرا, لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا شاعیر و نووسەر بەڕێز مەسعوود پەرێشان بەناوى یەکێتى نووسەرانى کورد بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و، باسی لە گرنگی رۆڵى غەفوور مەخمووری لە بوارى نووسین و بزاڤى رۆشنبیرى کوردستان كرد, ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی یەکێتى نووسەرانى کوردى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەکان پێشکەشکرد و، وتى: (زۆر جار وتوومە نووسین زادەی هەست ‌و بیرە ؛ وەك چۆن كار زادەی بیرو بازووە، هەر نووسینێكیش گوزارشت لەسەردەمی خۆی دەكات ‌و بەرهەمی هەستكردن ‌و بیركردنەوەی نووسەرەكەیە لەسەردەمی خۆیدا، ئەو بەرهەمانەی بەردەستی ئێوەی بەڕێزیش هەوڵەكانی بەندەیە لە بواری نووسیندا هەر هەوڵێكیش زادەی سەردەمی خۆیەتی ‌و توانای خاوەنەكەی لەو سەردەمەدا دەخاتەڕوو، ئەو ٩ کتێبەى کە ئەمڕۆ پێشکەشى ئێوەى ئازیزو خۆشەویستى دەکەم لە سەردەمى جودا جودا نووسراون و ئامادەکراون و، رەنگدانەوەى واقیع و سەردەمى خۆیانن.).

 مەخموورى باسى لەوە کرد کەوا کتێبەکان بە زمانى کوردى و عەرەبین، کتێبە عەرەبییەکان زیاتر ئاراستەن بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى ئەدەب و رۆشنبیرى و پرسى گەلى کوردستان بن، غەفوور مەخموورى ئاماژەى بەوەدا کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە و پێویستە ئەو پەیامە راشکاوانە بگاتە رۆشنبیران و ناوەندە عەرەبییەکان، بۆ ئەوەى ناوەندە عەرەبییەکان لەو پەیامەى کورد بگەن، وتى: (بێگومان ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی تاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لەماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسيش لە بەهاری 2003 دا، كە عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانیان لە دژایەتی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، دوا سیاسەتیشیان سیاسەتى پەراوێزخستن و سنووردارکردنى دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستانە، بۆیە ئەو واقیعە تاڵەو ئەو مێژووە پێماندەڵێت کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە.).

 مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا؛ رەخنەى لە دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق گرت و، وتى: (دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبێت، تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدەدەات، ئێستا كە دەسەڵاتی تەواوی نیە ئەو تاوانانە ئەنجامدەدات، ئەی باشە كە بەهێز بوو و دەسەڵاتی هەبوو دەبێ‌ چی بكات؟! بێگومان كارەساتەكان و تاوانەكان دژ بە گەلی كوردستان دووبارە دەبنەوە، بەڵێ‌ ئەمە رەوشی كورد بووە و رەوشی كوردە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە و، ئەو زوڵم و دژایەتییانەش بەرامبەر گەلی كوردستان تا ئێستا بەردەوامن، ئەم زوڵمانە وایانكردووە كەوا گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوەو بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی جگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لەبەردەم گەلی كوردستاندا نەماوەتەوە.).

 مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختىکردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفکرد و، وتى: (تەنهاو تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لەدژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین.).

 غەفوور مەخمووری سەبارەت بە خستنەڕووى ناوەڕۆکى کتێبەکان، وتی : (ئەم كتێبانە ٩ کتێبن لە بوارى جیاجیا پێكهاتوون، سیاسەت و هزر و ئەدەب و رۆشنبیرى گشتى، بەشێکیان پێشووتر چاپى یەکەمیان بڵاوكراونەتەوە، بۆ دووەم جار چاپم کردوونەتەوە، بەشێکیشیان نوێن و لەو ماوەیەدا نووسراون، کتێبى -راپەڕینى ١٩٩١- کە بە هەردوو زمانى کوردى و عەرەبى چاپکراوە، کتێبکى نوێمە سەبارەت بە راپەڕینى گەلى کوردستان و خوێندنەوەیەکى نوێم بۆ راپەڕین ودەرفەتە لەدەستچووەکان کردووە و، کێشەو گرفتەکانى کوردستانمان دەستنیشان کردووەو چارەسەرى گرفتەکانیشمان خستۆتەڕوو، بێگومان ئەو رووداوانەى روودەدەن و گۆڕانکارى مەزن لەسەر ژیانى کۆمەڵگەو داهاتووى وڵات دروستدەکەن پێویستیان بە خوێندنەوەو لێوردبوونەوەو شیکردنەوەو هەڵسەنگاندن هەیە، راپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ى گەلى کوردستان ؛ یەکێکە لەو رووداوە مەزنانەى کە گەلى کوردستان دروستکارى بووە و، خاڵى وەرچەرخان بووە لە خەبات و دیرۆکى گەلى کوردستان و، گۆڕانکارییەکى مەزنى کردۆتە سەر ژیانى کۆمەڵگەى کوردستان، خوێندنەوەو سەرنجدان لەو رووداوە نەتەوەیى و نیشتمانییە گەلکردەیەى کوردستان، پێویستییەکى گرنگە، لێرەدا هەوڵمداوە چەند وردە سەرنجێک لەسەر راپەڕینى (٥ / ٣ / ١٩٩١)ى گەلى كوردستان و دەرفەتە لەدەستچووەکان و كێشە و گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەرییەکان و سیاسەتى دەسەڵاتدارانى عێراق لە دژى گەلى کوردستان بخەمەڕوو.). هەروەها مەخموورى وتى: (هەوڵمداوە لە روانگەیەکى کوردانە بۆ راپەڕین بڕوانم و، پەنجە بخەمە سەر برینەکان و دەرمانى تیمارى برینەکانیش بخەمەڕوو، بێگومان روانین بۆ کێشەکان بە چاوێکى رەخنەگرانە لە چارەسەرى نزیکمان دەکاتەوە، لەبەرئەوەى رەخنە میکانیزمى پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگە و دەزگا و دامەزراوەیەکە و، لە رێگەى رەخنەوە دەتوانین کێشەو گرفتەکان بدۆزینەوە، کە کێشەو گرفتەکانمان دۆزییەوە، بە دواى چارەسەردا دەگەڕێین، بەمەش دەتوانین کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکەین و کۆمەڵگەیەکى مۆدێرن و تەندروست بنیاتبنێین.).

  مەخموورى سەبارەت بە کتێبە نوێکانى ئەوەشى خستەڕوو کەوا کتێبێکى بریتییە لە بەڵگەنامەکانى شەشەم کۆنگرەى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK و، وتى: (ئەم کارەم وەک سەرەتایەکە بۆ پاراستن و بە ئەرشیفکردنى کارى حزبى لە کوردستان، ئەنجامداوە، لە بەشێکى ئەم كتێبانەدا پاشكۆیەكی وێنەیی هەن، هەوڵمانداوە لەجیاتی نووسین بە وێنە باس لە كار و چالاكی و دیدارە بابەتەکان بكەین، لە راستیدا زمانی وێنە هیچی لە زمانی نووسین كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، هیوادارم بەم كارانەم توانیبێتم خزمەتێكی بچوكی بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسى گەلی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم و، خوێنەری کورد و عەرەبیش زیاتر ئاشنای کلتورو پرسی گەلى كوردستان بكەم.).

 بەشێک لە کتێبەکانى مەخموورى تایبەتن بە بوارى فۆلکلۆر، لەم بارەیەوە مەخموورى وتى: (نەتەوەى کورد وەک هەر نەتەوەیەکى دیکەى سەر رووى زەوى خاوەن فۆڵکلۆرى زیندوو و رەسەنى خۆیەتى و، یەکێکە لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانى جیهان لە فۆڵکلۆردا، بەهۆى ئەو فۆڵکلۆرە رەسەنە شارستانێتى و داب و نەریت و مێژوو و کلتورى خۆى پاراستووە، لەسەر هەموو لایەکمانە کەوا پارێزگارى لە فۆڵکلۆرى کوردى بکەین و لە فەوتان بیپارێزین.).

 مەخموورى باسى لە گرنگى خوێندنەوەو خۆرۆشنبیرکردن کرد و، وتى : (خوێندنەوەى سەرچاوەى بەسوود و جۆراوجۆر هۆکارە بۆ زیاتر دەوڵەمەندبوونى خوێنەر بە زانست و زانیارى نوێ لە بوارە جیاجیاکانى ژیان، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئەوەى پارەى هەیە کتێب ناکڕێ و ناخوێنێتەوە، زۆربەى ئەوانەى کە خوێنەرن و دەخوێننەوە لە رەوشێکى ئابوورى وەکو ئەمڕۆدا ؛ وەکو پێویست پارەى کڕینى کتێب و سەرچاوەیان نییە، بۆیە پێویستە نووسەران هەوڵبدەن کەوا بەشێک لە کتێبەکانیان بە دیارى ببەخشنە خوێنەران.).

 دوای ئەوەی مەخمووری سەبارەت بە ناوەڕۆکى کتێبەکانى دواو کتێبەکانى ناساند، پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە کتێبەکان و رۆڵى غەفوور مەخموورى لە بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسیى کوردستان كرد و بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

 شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبەکانى غەفوور مەخمووری سازكرا, مەخمووری كتێبەكانی بە دیارى پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.

  ئەمەش ناوى ئەو ٩ کتێبەن کە غەفوور مەخموورى بە دیارى پێشەکەشى ئامادەبووانى کرد:  

1-   یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK (بەڵگەنامەکانى کۆنگرەى شەشەم)

2-   الإتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني YNDK (وثائق المؤتمر السادس)

3-   راپەڕینى ١٩٩١ (چیمان کرد چى بکەین)

4-   انتفاضة 1991 (ماذا فعلنا ... ماذا سنفعل)

5-   الحيران (مفهوماً ومضموناً وظهوراً)

6-   حەیران (چەمک – ناوەڕۆک – سەرهەڵدان)

7-   سێ تیشک لە پەنجەرەى شیعرەوە

8-   عومەر خامۆش (کۆ شیعر)

9-   بنارى قەرەچووغ

 غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات
 غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات
 غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات
Top