دوایین ڕاپۆرتەکان لەسەر شەڕی غەززە

دوایین ڕاپۆرتەکان لەسەر شەڕی غەززە

 

لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 3ی ئایار، ٢٨ فەلەستینی کوژراون، هەروەها منداڵێکیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند: کە ١٩ فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵ و خێمەکانی پەنابەران لە خان یونس لە باشووری غەززە کوژراون کە ژمارەیەکیان منداڵ و کۆرپە بوون.

هەروەها دوو گەنجی فەلەستینی لە هێرشێكی فڕۆکەی بێ بێفڕۆکەوان بۆ سەر گەڕەکی ئەلدەرج لە شاری غەززە کوژران.

هەروەها فەلەستینییەک لە شەقامی ئەلمجەمع کوژرا و هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەشی بریندار بوون.

فەلەستینییەکی دیکەش لە ناوچەی ئەلمحەتە لە شاری خان یونس کوژرا و منداڵێکیش لە ناوچەی ئەسدا لە باکووری غەززە کوژرا.

بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ماڵێک لە خان یونس ژنێکی دووگیان گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

سەرەڕای ئەوەش، لەگەڵ بەردەوامبوونی قەدەغەکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، کچێکی بچووک بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستدا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top