وەسفی حاجی سلێمان مامۆستای كۆلێژی زانست زانكۆی زاخۆ: بۆ یەكەمین جار لە دووكەڵی ڕەشی پیسی موەلیدەكان بە هۆی پرۆژەی ڕووناكییەوە ڕزگارمان دەبێت
هەموو هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە گرێدراون بەیەكەوە، هەندێك هۆكار هەیە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی ئێمەیە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی دەكرێت لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆمان بێت، چارەسەری هەیە، لەوانە ناهوشیاریی خەڵكی لە پاراستنی ژینگە و نەڕواندنی نەمام و گرنگی نەدان بە درەخت و سەوزایی، یان پابەندنەبوونی خاوەن كارگە و پاڵاوتگەكانی نەوت بە مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، یان كوژانەوەی زەویی كشتوكاڵی و فراوانبوونی پانتایی شارەكان و نەبوونی بەرنامەیەكی ڕێكوپێك بۆ دروستكردنی باخچە و پاركی گەورە، یان لەبەر نەبوونی هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوە وەكو شەمەندەفەڕ و میترۆ كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان ئۆتۆمبێلی شەخسی خۆیان بەكار دەهێنن، یەكێك لەو هۆكارانەی كاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە هەبوو لە دوای ساڵی 1991 ـەوە بوونی ئەو هەزارەها موەلیدەیە بوو كە بە هۆی خراپی و كەمی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانییەوە لە هەموو گەڕەكێك دانراوە، ئەمە جگە لە ژمارەیەكی زۆری موەلیدەی كارەبای دامەزراوەكان و فەرمانگە و مۆڵ و هۆتێل و میوانخانەكان و تەنانەت نووسینگەكانیش، ئەم ژمارە زۆرەی موەلیدە هەوای كوردستانی بە تەواوەتی پیس كردووە، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە ئاوەڕۆكان چارەسەر بكات و زۆر لەم ئاوەڕۆیانە دەرژێنە ناو زێ و ڕووبارەكانەوە و سەرچاوەی ئاوەكەمانی بە تەواوەتی پیس كردووە، بەتایبەتی كە وێڕای پیسیی ئەم ئاوەڕۆیانە گەلێك سەرچاوەی پاشماوەی نەخۆشخانە و ڕۆنگۆڕ و كارگەكان و ماددەی ژەهراویی دیكەش دەڕژێنە ناو ئەم ئاوەڕۆیانەوە .
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی كە ڕێژەی ستانداردی جیهانی لەم ڕووەوە هەیە، جێگای داخە لە هەرێمی كوردستان ئەم ڕێژەیە كەمە و نەتوانراوە هەنگاوی پراكتیكی گەورەی بۆ بنرێت، لەبەر نەبوونی بوودجە و وشكەساڵی و كەمیی ئاو، بەڵام ئەم چارەسەرییانە زەحمەت نین و دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا كاری جددی بۆ بكرێت. بەشێوەیەكی گشتی كەمیی سەوزایی بۆ نەبوونی هوشیاریی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە كە لە ماڵ و سەر شۆستە و بەردەم دووكانەكانیان گرنگی بە ڕوواندنی نەمامێك نادەن، كە دواجار بۆ خێر و خۆشیی خۆی و خانەوادەكەی دەگەڕێتەوە و ئۆكسیجینێكی پاك لەبری گازێكی ژەهراوی زیانبەخش دەردات و هەواكەمان بۆ پاك دەكاتەوە. جێگای داخە لەگەڵ ئەوەی گرنگی بە ڕواندنی نەمام نادرێت، كەچی هەڵمەتێكی ناشیرین و نامرۆڤانەش لە بڕینەوەی درەختە بەتەمەنەكان لێرەو لەوێ ئەنجام دەدرێت.
ئەم هوشیارییەی ژینگە پارێزی لەناو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانیش هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، سەرەتا هەر لەناو خێزان تاوەكو باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانكۆ و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و چالاكان و چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگە مرۆڤەكانیان پەروەردە كردووە لەسەر ڕێزگرتن لە ژینگە و ڕێگە نەدان بە بڕینەوەی درەخت و نەمام و پیس نەكردنی ژینگەكەیان، بەپێچەوانەشەوە سەرپێچیكاران و كەسانێك ئامادە نەبن هیچ خۆشەویستی و ڕێزێكیان بۆ خاك و نیشتمان و ژینگە و تەندروستیی خۆشیان نەبێت، پێویستە بە یاسا لێپێچینەوە و سزادانی توند بەرانبەریان بگیرێتەبەر. ئەوەی لەم ماوەیەدا جێگای خۆشحاڵی هەمووان بوو، دەستپێكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری بوو بەمەش لە هۆكارێكی سەرەكی دووكەڵی موەلیدە و پیسبوونی ژینگەی نزیك بە ماڵ و خێزانەكانمان دەربازمان دەبێت، كە لەماوەی ئەم دوو ساڵەی داهاتوو پیسبوونی ژینگەكە چەندین پلە دێنێتە خوارەوە.
