شێخ ئیبراهیم بەرزنجی یاریدەدەری پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف: پێویستە دەستەی پاراستن و چاككردنەوەی ژینگە بكرێتەوە بە وەزارەتی ژینگە و وەزارەتێكی چالاك بێت
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، یاریدەدەری پشكێنەری گشتییە لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، نوێنەری وەزارەتی ئەوقافە لە ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان)، زۆر بابەتییانە لەسەر ئەم پرسە گرنگە هەڵوەستەی كرد و بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستەڕوو.
دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە و كۆكردنەوەی ئەم هەموو خۆشەویستانە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە ڕاشكاوانە گفتوگۆ بكەین.
من وەك نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانم، لە ماوەی كاركردنم لەگەڵ ئەم ئەنجومەنە و سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگە، مامۆستا عەبدولڕەحمان سەدیق، هەست بەوە دەكەیت كە ژینگەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە، ڕاستە لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ژینگەمان نییە، بەڵام ئەو كار و پڕۆژانەی دەستەی پاراستن و چاككردنەوەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داون، لەكاری وەزارەتێك گەورەترە و وەزارەتی ژینگەی حكومەتی عێراقی هێندەی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە كار و پڕۆژە ئەنجام بدات.
لە ماوەی كاركردنم لە ناو ئەنجومەنی باڵای ژینگە، بەشداریی دوو كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانم كردووە، كە یەكێكیان كۆپ 27 بوو لە وڵاتی میسر، ئەوی دیكەیان كۆپ 28 بوو لە وڵاتی ئیمارات، بەڵام بەشداریمان لە كۆپ 29 نەكرد، كە پار لە وڵاتی ئازەربایجان بەڕێوەچوو. بۆیە لەماوەی كاركردنم لەم بوارە بەردەوام هەوڵمان داوە ڕاستەوخۆ لەناو كار و پڕۆژەكانی ژینگە ئامادەییمان هەبێت.
سەبارەت بە ژینگەی كوردستان، ڕاشكاوانە دەمەوێت بڵێم، بارودۆخی ژینگەی كوردستان نە ئەوەندە خراپە كە جێگەی مەترسیی گەورە بێت، نە ئەوەندە باشیشە كە پشتی لێ بكەین و كاری بۆ نەكەین.
ئەوەی لە میانەی بەشداریكردنم لە كۆنگرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان «COP» هەستم پێكردووە و سەرنجی ڕاكێشاوم، ئەوەیە كە وڵاتان زۆر لە خەمی پاراستنی ژینگەی خۆیانن، هەر بۆ نموونە ئەو كلینكسەی بەكاری دەهێنن، یان ئەو پەرداخەی ئاوی پێ دەخۆنەوە، ئەو كیسانەی كە شتوومەكی تێ دەكەن، هەر هەموویان چارەسەریان بۆ دۆزیوەتەوە، لەسەر ئاستی زانكۆكانیان بایەخیان بە پاراستنی ژینگە داوە و چەندەها توێژینەوەیان ئامادە كردووە، پسپۆڕ و تایبەتمەندیان پەروەردە كردووە و بە دەیان ناوەند و دەستەیان بە ناوی ڕاوێژكاریی ژینگەیی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان دروست كردووە.
ئەو گرفت و كەموكووڕییانەی لەم گفتوگۆیە خرانە ڕوو، جێگەی خۆیەتی ئەوانەی لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران هاتوون و بەشدارن لەم گفتوگۆیە، تۆماری بكەن و بیگەیەننە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی وەك بەرچاوڕوونییەك لە داڕشتنی بەرنامەی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێیان بكرێتەوە و، هەڵسەنگاندنێك بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت، لە كابینەی نۆیەم و لە كاری خولی پێشووی پەرلەمان لە چەند بڕگەیەكدا هەڵوەستە لەسەر ژینگەی كوردستان كراوە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بزانرێت لە كابینەی دەیەم و خولی تازەی پەرلەمانی كوردستاندا چۆن زیاتر بایەخ بە پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەدرێت و چ بەرنامەیەكمان هەیە بۆ ژینگەی كوردستان و عێراق.
ئەم قسانە لەسەر پاشخانی ئەزموونی خۆم دەكەم، ڕاشكاوانە دەڵێم، من نوێنەری وەزارەتی ئەوقافم لە «لێژنەی باڵای هۆشیاریی ماددە هۆشبەكارەكان» كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، لەم پرۆسە گرنگەدا كە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانە، بێجگە لە سەرۆك بارزانی كە چەند جارێك لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن جەختی لەسەر كردەوە و سێ جاریش لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی كۆبووەوە و مەترسیی ماددەی هۆشبەری باس كرد و پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ قەڵاچۆكردنی ماددەی هۆشبەر، هیچ حزبێكی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا خۆی لەو بابەتە نەدا، یان خەمێكی لێ نەخوارد، وەك ئەوەی سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر كردەوە.
ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف، چەندین خولمان لەسەر گرنگیی پاراستنی ژینگە بۆ مامۆستایانی ئایینی كردووەتەوە و داوامان لێكردوون لە گوتاری هەینی باسی گرنگیی ژینگە بكەن، بەڵام كاتێك مامۆستایانی ئایینی لە گوتارەكانیان جەخت لەسەر بایەخدان بە ژینگە و پاراستنی ژینگە دەكەنەوە، سەرنجمان داوە بەشێك لە بەشداربووانی نوێژی هەینی حەزیان نەكردووە گوێی لێبگرن، یان بێزار بوون لەو باسە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پرسی پاراستنی ژینگە وەك پرسێك بە جددی وەرنەگیراوە، لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن بەوجۆرە بۆ خەڵكی باس نەكراوە، وەك ئەوەی ئێمە لەم گفتوگۆیە باسی گرنگی و مەترسییەكانی دەكەین.
لێرەدا ناخوازم بچمە ناو وردەكاریی ئەم پرسە گرنگە، لەبەر ئەوەی كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام چەند پێشنیارێك بۆ حكومەت و ئەو لایەن و ڕێكخراوانە دەخەمە ڕوو كە لە بواری پاراستنی ژینگە كاردەكەن:
1. زۆر پشتگیریی پێشنیاری هەر دوو بەڕێزان «عەبدولڕەحمان سدیق و حاكم سەمەد» دەكەم، كە پێشنیاریان كرد، دەستەی پاراستنی و ژینگە بكرێتەوە بە وەزارەتی ژینگە، لەمەش زیاتر پێویستە وەزارەتێكی چالاك بێت، دەستەیەك لەو وەزارەتە دابمەزرێت بە ناوی «دەستەی ڕاوێژكاری ژینگەیی» بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی ستراتیژیی ژینگەیی دابڕێژێت.
2. بۆ چارەسەركردنی گرفتی دابینكردنی بوودجە «تەمویل» بۆ پڕۆژەكانی ژینگە كە هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە زۆر لاوازە، ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف پڕۆژەیەكمان بە ناوی «پڕۆژەی سندوقی زەكات» ئامادە كردووە و پێشكەشی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانمان كردووە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان بە هۆی بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە كارەكانی وەستێنرا، بۆیە ئومێد دەخوازین ئەم خولەی پەرلەمان زوو دەست بەكار بێت، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بكات بە یاسا و «سندوقی زەكات» بێتە كایەوە. سەرنج بدەن تەنیا لە هەرێمی كوردستان ساڵانە 600-700 ملیۆن دۆلار زەكات كۆدەكرێتەوە، لەم سندوقی زەكاتە دەتوانرێت ساڵانە ڕێژەیەكی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگەی كوردستان تەرخان بكرێت، بۆ ئەم پرسەش دەتوانرێت فەتوای لێژنەی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستانیشی بۆ وەربگرین.
3. خاڵێكی زۆر گرنگ ئەوەیە كە ئێمە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان دادگای ژینگەییمان نییە. ئەو ڕۆژە هەر بە ڕێكەوت برادەرێكم بینی، گوتی: «من یەكێكم لەو كەسانەی كە وەك نوێنەری ژینگە لەگەڵ تیمەكانی پۆلیس دەچین بۆ ئەوەی پاڵاوگە نایاساییەكان دابخەین، بەڵام ئەوە بوو پۆلیسەكان منیان بۆ ماوەی شەو ڕۆژێك بەند كرد و پێیان گوتم: كێ تۆی ناردووە بۆ ئێرە؟ ئەمەش لەبەر ئەوە بوو ئەو پاڵاوگە نایاساییە هی بەرپرسێكی ئەم وڵاتە بوو، بەڵام دوای ئەوەی پرسەكە بڵاو بووەوە، ئەوانەی ئەو كارەیان دژی من كردبوو، سزا دران». پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دادگایەكی ژینگەییمان نەبێت، لە ئێستادا ئەوانەی سەرپێچی ژینگەیی دەكەن، دەنێرینە دادگا مەدەنییەكان، بەڵام كە ئەو دادگا ژینگەییەمان هەبوو، دەیاننێرێنە ئەو دادگایە و گرنگە ئەو دادگایە سزای پێویست بۆ ئەو كەسانە دابنێت كە سەرپێچیی ژینگەیی دەكەن، یان دار دەبڕنەوە.
4. گرنگە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایانە هەموار بكرێنەوە كە پەیوەندییان بە ژینگەوە هەیە، لێرەوە پێشنیار بۆ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمانی كوردستان، لەم خولەی پەرلەماندا كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان و پاراستنی ژینگە ئامادە بكات و هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لۆبی بكات و دەنگی پێویستی بۆ كۆبكاتەوە و یاساكان تێپەڕێنێت، كە پێشنیاریش بۆ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، لەبەر ئەوەیە كە فراكسیۆنێكی گەورەیە و ئەو توانایەی هەیە ببێتە سەرمەشقی بەرگریكردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستاندا.
5. گرنگە لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵانە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتیی گەورە لەسەر پرسی ژینگە ڕێك بخرێت، گەلێك جار لە زانكۆكان كۆنفڕانسی ژینگەیی ئەنجام دراون، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست هۆیەكانی ڕاگەیاندن بایەخیان پێ نەداوە، بۆیە دەكرێت لەم هۆڵەوە كە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و تیایدا گفتوگۆ لەسەر گرنگیی پاراستنی ژینگە دەكەین، هەنگاوی دیكەی بەدوادا بێت و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بایەخی زیاتر بە پاراستنی ژینگە بدەن و لێرەوە ئەو دەستپێشخەرییە دەستی پێبكرێت.
6. پێویستە ئامێری بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بۆ هەموو مزگەوتەكانی كوردستان، وەزارەتەكان، قوتابخانەكان و شوێنە گشتییەكان دابنێن، ئەمە وەك پڕۆژەیەك زۆر خزمەتی پاراستنی ژینگە دەكات.
ئێمە لە كوردستان شەش هەزار مزگەوتمان هەیە كە كارەبایەكی زۆر بەكار دەهێنن و پارەی كارەباكەش بە حكومەت نادەین، بۆیە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دەست پێبكەین، دەتوانین بە وزەی خۆر كارەبای مزگەوتەكان دابین بكەین، لە ئێستادا لە چەند مزگەوتی سلێمانی ئەو پڕۆژەیە دەستی پێكردووە، بۆ مزگەوتەكانی دیكەش ئەگەر كاری جددی لەسەر بكەین، من دڵنیام لەم وڵاتە خێرۆمەندی زۆرمان هەیە لەوانەیە یەكێك لەو خێرومەندانە بڵێت «من كارەبای 10 مزگەوتتان بۆ دەكەمە سۆلەر»، بۆیە دەكرێت كاری زۆر جددی لەسەر ئەم پڕۆژەیە بكرێت.
