شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ :   ململانێی نێوان دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەكان ڕێگرە لەوەی بڕیار و ڕاسپاردەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا جێبەجێ بكرێن

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ :     ململانێی نێوان دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەكان ڕێگرە لەوەی بڕیار و ڕاسپاردەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا جێبەجێ بكرێن

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستی ژینگە لە هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە بیروبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

یەكێك لەو گرفتە سەرەكییانەی ئەمڕۆ جیهان بە دەستیەوە دەناڵێنێت و تاڕاددەیەكی زۆریش دەستەوەتانە لە چارەسەركردنیدا، گرفتی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایە، كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی سرووشت كردووە و هەموو نەتەوە و دەوڵەتانی جیهانی بە ئاستی جیاواز گرتووەتەوە.

ئەم مەترسییە گەورەیە ماوەی 30 ساڵە نەتەوە یەكگرتووەكان هەستی پێ كردووە و ساڵانە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی بەسەر پەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ناونیشانی «كۆنفرانسی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە گۆڕینی كەشوهەوا «COP»ساز دەكات. دوایین كۆنفڕانسی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم پرسە « COP29» بوو، كە ساڵی پار لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە چوو، هەموو ساڵێكیش ئەم كۆنفڕانسەدا كۆمەڵێك بڕیار و ڕاسپاردە دەردەكات، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بكرێت، بەڵام ململانێی نێوان دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەكان ڕێگرە لەوەی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە جێبەجێ بكرێن.

كەواتە ئەوەی بووەتە هۆكار كە ناتوانرێت چارەسەرێك بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بدۆزرێتەوە، «نەبوونی لێكتێگەیشتن و هاریكاریی نێوان دەوڵەتانە»، ئەوجا ئەگەر ئەم بۆچوونە بگوازینەوە بۆ ناو ئەم گفتوگۆیە «گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان»، وەك بەڕێزانیش ئاماژەیان پێ كرد و هەڵوەستەی جددییان لەسەر كرد، ئەوا ئاستەنگی سەرەكیی لە بەردەم پرۆسەی پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستانیش دیسان نەبوونی «لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی و هاریكارییە» لە نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ژینگە و ڕێكخراوە ژینگەپارێزە ناحكوومییەكانە، هەر بۆیە چەند جارێك جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە:

1- پێویستە پێگەی ژینگە لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی دەستەوە جارێكی دیكە بەرز بكرێتەوە بۆ ئاستی وەزرات، بۆ ئەوەی وەزیری ژینگە هەفتانە لە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا ئامادەبوونی هەبێت و قسەی خۆی هەبێت.

2- دووبارە هەمواركردنەوەی یاسا ژینگەییەكان، توندتركردنی جێبەجێكردنی یاسا ژینگەییەكان و دامەزراندنی دادگایەكی ژینگەیی.

3- دامەزراندنی ئەنجومەنێكی باڵای ژینگە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكومەت، یان جێگرەكەی، كە تیایدا وەزارەتەكان بە پلەی ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی ئەندامیان لەو ئەنجومەنە هەبێت و مانگانە، یان دوومانگ جارێك لەسەر پرسە ژینگەییەكان كۆ ببنەوە.

خاڵێكی دیكە كە بووەتە گرفت بۆ ژینگەی كوردستان، نەبوونی لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك بەڕێز سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێ كرد، كە بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 داڕشتنی ستراتیژیەتی ژینگە دەبێت بە هاوبەشی بێت لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەك نوێنەری نووسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە جەختی لەسەر كردەوە، ئەم پرسی ژینگەیەش لەلایەن بەغداوە كراوەتە پرسێكی سیاسی و، ئەو بوودجەیانە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرن كە لەلایەن سندوقی ژینگەیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق دیاری دەكرێت، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت ئەو پڕۆژە ژینگەییانە جێبەجێ بكرێن كە پەیوەندیدارن بە ژینگەوە، وەك «ئاستی ستاندەری كاربۆن «carbon credit»، پیادەكردنی بەرهەمهێنانی وزەی پاك، دروستكردنی سەوزایی زیاتر و دارستانی گەورە و...هتد.

خاڵێكی دیكە كە وەك مەترسییەكی گەورە لەسەر كۆی لایەنەكانی ژینگە (هەوا، ئاو، خاك) هەڵوەستەی لەسەر كرا، بوونی ئەو پاڵاوتگە نایاساییانەن كە بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان هەن و لە هەولێر زیاترن، هەروەها كارگەیەكی ڕیسایكلین و پرۆسەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە هەولێر نییە.

ئەوجا وێڕای ئەم هەموو ئاستەنگ و گرفتانە بەڵام لە ماوەی 5-6 ساڵی ڕابردووی كابینەی نۆیەمدا و وەك لەو پڕۆژانەدا دەبینین كە جێبەجێ كراون و ئەوانەشی ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان، هەروەها لە ئامادەبوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسەكانی «COP» دەبینین، كە تا ڕاددەیەكی زۆر باش پرسی پاراستنی ژینگە و ڕێگرتن لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بووەتە ئەولەوییەتی بەرنامەی حكومەت و ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت، كە ئومێدی ئەوە دەخوازین لەم خولەی پەرلەماندا یاسا ژینگەییەكان هەموار بكرێنەوە و دادگایی ژینگەیی دابمەزرێت و، بەرنامەی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زیاتر بایەخ بە ژینگە و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بدات.

خاڵێكی دیكە كە دیسان نوێنەری نووسینگەی سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێ كرد، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بووەتە ئەندام لە یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت «IUCN»، هەروەها بووەتە ئەندام لە ڕێكخراوی پاراستنی چیاكان، بەتایبەتی ئێستا ئێمە لە كوردستان گەورەترین پاركی نیشتمانیمان هەیە «ناشناڵ پاركی هەڵگورد و سەكران» بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمار نەكراوە.

لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە هەتا ئێستاش ژینگەی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە بازنەی «ژینگە مەترسیدارەكان» پۆلێن بكرێت، وەك چەندین جاریش لەم گفتوگۆیە جەختی لەسەر كراوەیە «بەبێ هەماهەنگی و هاریكاری و تێگەیشتن لە ژینگە» لە نێوان حكومەت و كۆمەڵگەدا ناتوانرێت هەنگاوی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە هەڵبگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا ئەركەكانی حكومەت ئاشكران و لە چەندین بواردا وەك دروستكردنی «بەنداو، پۆند، پاركی گەورە، دروستكردنی دارستان و...» هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە، دەمێنێتەوە هەماهەنگی و هاریكاریی كۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە، كە ئەمەشیان بە پلەی یەكەم لە هەماهەنگی و هاریكاری و لێكتێگەیشتنی كۆی ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاوە سەرچاوە دەگرێت، كە لە ناویاندا یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان و كۆی زانایانی ئایینی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان پشكی شێریان بەردەكەوێت.

لەم گفتوگۆیە پێشنیاری ئەوە كرا، قەزای مێرگەسۆر بكرێتە «پایتەختی ژینگەپارێزی» ئەم ناوە لەگەڵ ئەوەی شایەنی دەڤەری بارزان و قەزای مێرگەسۆرە، بەڵام پێشنیاری من بۆ مێرگەسۆر ئەوەیە كۆلیژێك، یان پەیمانگایەكی تایبەت بە ژینگە لەوێ بكرێتەوە.

Top