بژوێن خالید مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لە زانكۆی سلێمانی: بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ژینگە پێویستە حكومەت سوود لە توێژینەوە زانستییەكانی ناو زانكۆكان وەربگرێت
هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە زۆرن، هۆكاری سرووشتییەكان و هۆكارە دەستكردەكان كە بە هۆی خراپ مامەڵەكردنی مرۆڤ لەگەڵ ژینگەدا دروست دەبێت. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو هۆكارانەیە كە بەدەستی مرۆڤ دروست دەبێت، لەمەش پیسبوونی ژینگە بە هۆی ماددە پترۆهایدیۆكاربۆنییەكانەوە، كە تەنیا ئەم پیسبوونی ژینگەییە لەو شوێنەدا نییە كە دەرهێنانی نەوتی تێدا دەكرێت، بەڵكو زنجیرەیەك لە پیسبوونە تاوەكو هۆكارە بچووكەكانی وەكو ڕۆنگۆڕەكان كە لە ناوچەی تانجەڕۆ و ناوچە پیشەسازییەكان كە بە ڕوونی دیارە، ڕاستە لایەنی پەیوەندیدار دەستێكی باڵایان هەیە لە كەمكردنەوەی ئەم پیسبوونانەی ژینگە بەڵام مەترسییەكانیش زۆرن، هەروەها پیسبوونی دیكەمان هەیە بە هۆی ماددە پلاستیكییەكان و پیسبوونی كەش و هەوامان هەیە بە هۆی دووكەڵی ئەو ئۆتۆمبێلە زۆرانەوە دروست دەبێت.
بە شێوەیەكی گشتی ئەو هۆكارانەی پیسبوونی ژینگە كە مرۆڤ دەستی تێدا هەیە، زۆر زیاترە لە هۆكارە سرووشتییەكان، بۆ كەمكردنەوەی ئەم هۆكارانەش پێویستە مرۆڤ مەرج و ڕێنماییەكانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە توندتر بكات و هەوڵی بەرزكردنەوی ڕێژەی سەوزایی بدرێت، كە لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیادكردن هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەرییەكانی ئەو گازە ژەهراوییانەی لە كەشوهەوا و سرووشتدا هەیە، كەم بكەینەوە. زۆر پێویستە كار بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی بكەین، بەتایبەتی ڕێژەی CO2 كە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت. بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی بە تاكە كەسی بێت، یا لە ڕێگەی حكومەتەوە بێت، بە هەردوو ڕێگاكە كاریگەریی خۆی هەیە و دەكرێت بە هاوكاریی یەكتر بێت. بەڵام بە بۆچوونی من چارەسەری پیسبوونی ژینگە دوو لایەنەیە و بە هاووڵاتی و حكومەت پێكەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە هەنگاوەكانی ئەم دواییەی كەمكردنەوەی ڕێژەی بەكارهێنانی پلاستیك و دووبارە ڕیسایكلینی و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئەم ماددەیە، یان دروستكردنی باخچە و مەزرەعە لەلایەن هاووڵاتیانەوە كە هاوكاریی حكومەتە بۆ چاندنی نەمام و بەخێوكردنی، هەرچەندە ئەم هەنگاوە پێویستی بە كاری زیاترە و لەمەشدا پێویستە سوودی زیاتر لە توێژینەوەكانی مامۆستایانی زانكۆ وەربگرین و ئەم توێژینەوە زانستییانە تەنیا لەسەر كاغەز نەمێنێتەوە و لەڕووی پراكتیكییەوە سوودی لێوەربگیرێت.
