نیشتمان بازنەی پێكەوەژیانی لەیەكچووەكان و پێكەوەهەڵكردنی جیاوازەكان

نیشتمان بازنەی پێكەوەژیانی لەیەكچووەكان و پێكەوەهەڵكردنی جیاوازەكان

 

كە نیشتمان ئەو كەشتییە بێت هەموومان واین بەسەرییەوە، ئیدی هیچ كەس و لایەن و كۆمەڵ و گرووپێك بۆی نییە كون لە جەستەی ئەو كەشتییەدا بكات.

نیشتمان شوێنی بەرجەستەكردنی گشت واتا و فیكر و بیروبۆچوونەكانە، چونكە لە هەر زەمانێكدا، گشت ئەو بۆچوونانەی بوونەتە قەناعەت بۆ هەر یەكێكمان و ڕۆژانەش دەیانڵێینەوە، پێویستییان بە زەمینەیەك هەیە كە تیایدا بەرجەستە بكرێن.

لێرەوە بیروبۆچوونەكانمان ئەو خەبەرانەن كە بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی و ناڕاستییان، تەنیا موختەبەری نیشتمان دەبێتە دادوەر و حەكەم و ئەنجامی ڕاست و دروستمان دەداتە دەست.

نیشتمان بە قەدەر ئەوەی زەمینەی پێكەوەژیان و كۆكردنەوەی بەها هاوبەشەكانە، بەو قەدەرە و زیاتریش شوێنی پێكەوەهەڵكردنی جیاوازییەكانیشە.

نیشتمان ئەو چوارچێوە هاوبەشەیە كە بەردەوام بەرژەوەندیی هاوبەشمان نیشان دەدات، وەك لە پێشبڕكێ سیاسییەكاندا حزب چوارچێوەی هاوبەشی كۆمەڵێكە، هەر بازنەی بەرژەوەندییەكانی ئەو كۆمەڵەش لەوێدایە، بۆیە كاتێك شارەكەت لە پێشبڕكێدایە لەگەڵ شارێكی دی، بازنەیەكی بەرژەوەندیی هاوبەش تۆ و هەموو دانیشتوانی شارەكەت كۆ دەكاتەوە، كاتێك نیشتمان چوارچێوەی هاوبەشی من و تۆ و ئەوانە، ئیدی هەموومان بەرژەوەندیی هاوبەشمان لەو نیشتمانەدایە.

هەر لێرەوەیە ئەگەر نیشتمان نەبوو، یان نیشتمان حزوورێكی بەردەوامی لە ژیانی تاك و كۆمەڵدا نەبوو، ئەوسا مرۆڤ وەك ئینتیما بەرەو بازنە بچووكەكان دەگەڕێتەوە، بۆیە كە نیشتمان دەبێت، تەواوی دڵە جیاوازەكان كۆ دەكاتەوە.

وەختێك نیشتمان بوون یان حزووری نابێت، هەر كەسەو نیشتمانێك لە دڵی خۆیدا دروست دەكات، ئەوساش بەقەدەر ژمارەی دڵەكان نیشتمان دێنە ئاراو، هەر بەو قەدەرەش بەرژەوەندیی بچوك دێنە بوون.

ئێمە زۆر باش بەیەك دەگەین، بەڵام زۆر كەم لەیەك دەگەین، بۆیە ئەمڕۆ پێناسەیەكی زۆر ساكاری ڕۆشنبیری هاتووەتە بوون، كە دەڵێت: «ڕۆشنبیری واتە بەیەكگەیشتن بۆ لەیەكگەیشتن».. چونكە (ئەوی دی) كە پێی دەگەیت، ڕاستە ئەو كەسێكە، بەڵام ئەو بریتییە لە كلتوورێك و فەرهەنگێك، كاتێكیش كە نەتەوێت پێی بگەیت، خۆت لەكلتوورێك و فەرهەنگێكدا بێبەش دەكەیت.

بۆیە ئەو كاتەی كە نیشتمان زەمینەی بەیەكگەیشتن دەبێت بۆ هاونیشتمانیان، ئەوسا هاونیشتمانیان بەقەدەر ژمارەی كلتوور و كەلەپووری نێو نیشتمان، زانیاری و ئاشنابوون بەیەك كۆ دەكەنەوە و، ئاسانترو زووتریش لە یەكدی دەگەن.

هەر ئەمەشە دەمانباتەوە لای ئەو دەستەواژەیەی كە دەڵێت: «جیهانییانە بیر بكەرەوە، بەڵام نیشتمانییانە ڕەفتار بكە، چونكە تەواوی ئەو ئیسڵاح و چاكسازییانەی كە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین، پێویستیان بە موساڵەحە و ئاشتەوایی هەیە، موساڵەحەیش دیارە لەپێناو مەسڵەحەت و بەرژەوەندییەكی نیشتمانیدایە.

نیشتمان زەمینەی پێكەوەژیانی بەها هاوبەشەكانە و، شوێنی پێكەوەهەڵكردنی جیاوازییەكانیشە، بەڵام ئایا لە چەمكی جیاوازی بەمانا ئیجابییەكەی گەیشتووین؟

بۆیە وا دەڵێم چونكە كەم نین ئەوانەی كە هێشتا وا دەزانن (جیاواز) واتە (دژ)، لە كاتێكدا مەرج نییە كە هەموو دوو (جیاواز)ێك (دژ) بن، هەرچەند لەوانەیە زۆربەی كات دوو (دژ) (جیاواز) بن.

چەمكی جیاوازی پێمان دەڵێت: (ئەوی دی) وەك جەستە لە تۆ ناچێت، لە مەعریفەشدا شتێكی جیاواز لەوەی لای تۆی لەلایە.

لێرەوەیە كە یاسا گەردوونییەكەش پێمان دەڵێت: «ئەوە گەردیلە بارگە جیاوازەكانن كە حەز بە بەیەكگەیشتن دەكەن و، بۆ لای یەكدی كێش دەكرێن».تۆ كاتێك پێویستیت بە منە كە من شتێكی جیاوازم پێبێت، ئەو كاتەش پێویستیت بە من نابێت، كە هەرچی لەلای من هەیە خۆت هەتبێت.

هەر لێرەوەیە پەیامی (لتعارفوا) پێمان دەڵێت: «كە ئێمە بۆ یەكدی ناسین دروست بووین، یەكدی ناسین لە ڕێگەی بەیەكگەیشتن بۆ لەیەكگەیشتن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین لەم بوارەدا كە (تعارف) بۆ تەنیا جارێك نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی ڕۆژانە و ساڵانەیە، چونكە گۆڕان لە بیروبۆچوون و سیاسەت و بوارەكانی دیكەدا بەردەوامە.

ئەو كەسەی ساڵێك لەمەوبەر ناسیوتە، لەوانەیە ئێستا وەك ئەوسا نەمابێت، بۆیە (لتعارفوا) پێمان دەڵێت: بەردەوام جیاوازبوون، بەردەوام بەیەكگەیشتن دەخوازێت، بۆ بەردەوام لەیەكگەیشتن.

لەوانەیە هەر لەبەر ئەمەش بێت زۆرێك لە ئەركە ئاینییەكان زۆرجار داوای بەیەكگەیشتنمان لێ دەكەن، چونكە دەشێت مرۆڤ دوای هەر ماوەیەك، مرۆڤێكی دیكە بێت و گۆڕان بەسەر گوفتار و ڕەفتاریدا هاتبێت.

ئایین داوامان لێ دەكات پاش بەیەكگەیشتن حیوار ئەنجام بدەین، چونكە حیوار ڕێگەیەكی بازنەیی بەیەكگەیشتنە، جیاوازە لە ڕێگەی ئاسۆیی ئاخاوتن كە قسە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دی دەكرێت، جیاوازیشە لە ڕێگەی ستوونی كە فەرمان لە سەرەوە بۆ یەكێك لە خوارەوە دەنێردرێت.

خوای گەورە حیواری وەك گفتوگۆی بازنەیی بۆ مرۆڤەكان بە پەسەند زانیوە، چونكە لە گفتوگۆی بازنەیی بەیەكگەیشتندا تۆ كاتێك قسە دەكەیت ئەو گوێ دەگرێت، كاتێك ئەو قسە دەكات تۆ گوێ دەگریت.

گفتوگۆی بازنەیی لەگەڵ كەسی جیاواز لە تۆ، بەمەبەستی زاڵبوونە بەسەر لێكدابڕاندا و، گفتوگۆی بازنەیی لەگەڵ كەسی هاوشێوەی تۆش، بەمەبەستی تێكشكاندنی بەستەڵەكی قەناعەتە بەسەرچووەكانە، گفتوگۆی بازنەیی لە نێوان كەسانێكدا ئەنجام دەدرێت كە لەیەك زەمەندا دەژین، هەر لێرەوەیە دواندنی مردووەكان سوودێكی نابێت، چونكە لە زەمەنی تۆدا نین.

 بۆیە كەسانێك كە لە ڕابوردوودا دەژین و دەچنەوە ڕابوردوو، نەك بێن و چاك و باشی ڕابوردوو بۆ ئێستا بێنن، كەسانێكیش كە زۆر ڕۆچوون بەرەو ئایندەیەك كە هێشتا نەهاتووە و، ئێستایان بەجێ هێشتووە، بۆیە لەگەڵ ئەم دوو جۆرە كەسانەدا ناتوانرێت گفتوگۆ ئەنجام بدرێت، چونكە هەرچەندە لەیەك شوێنیشدا لەگەڵتدا بن، بەڵام لە دوو زەمانی جیاوازدان، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەدا دەكرێت كە هاوزەمانی خۆتن، با لە شوێنی جیاوازیش بن.

ئەمڕۆ كە باس لە پێكەوەژیان دەكرێت، هەندێك لە خەڵك و ڕۆشنبیران یەكسەر داوای یەكبوون و چوونە نێو یەكدی دەكەن، بێئاگا لەوەی كە لە هەموو یەكبوونێكی گەورەدا مەرج نییە ئەو ئەنجامە بەدەستەوە بدات كە چاوەڕوانیی لێ دەكرێت.

مرۆڤ خاوەنی ناسنامە و كەسایەتیی تایبەت بەخۆیەتی، وەك خشتێكی ڕێك یان بلۆكێكی خاوەن درێژی و پانی و بەرزیی تایبەت بەخۆی، كە خۆی لە نێو دیوارێكدا دەبینێتەوە، بە تایبەتمەندیی خۆیەوە نەك وەك تۆپەڵە گەچ یان چیمەنتۆ شێوەی شێواوی بدرێتی، یان وەك ئەو قاڵبە سەهۆڵەی پاش ماوەیەكی كەم لە حەوزێكدا دەتوێتەوە.

سەعید نەورسی دەڵێت: بڕوانە ژمارەی (1) چۆن و لە كوێدا كەمترین بەهاو زۆرترین بەهای دەبێت؟

ئەگەر سێ (1) لە یەكتردا بتوێنەوە و بە لێكدان لە شێوەی (1×1×1) ئەوا ئەنجام دەكاتە (1).

ئەگەر سێ (1) كۆبكرێنەوە بە شێوەی (1+1+1) ئەوسا ئەنجام دەبێتە (3).

بەڵام ئەگەر سێ (1) بچنە پاڵ یەكدی و لە تەنیشت یەكدیدا بن، ئەوسا خۆیان ون ناكەن و ناتوێنەوە لە یەكدیدا، واتە دەبنە شێوەی (111) ئەوسا ئەنجام دەبێتە (111).

بۆیە دداننان بە بوونی یەكدی یەكبوونێك ناخوازێت كە هەموومان بتوێنێتەوە لەیەكدیدا و، یەكگرتنێكی ڕوكەشیش ناخوازێت كە بەرئەنجامێكی كەم و بچووكی هەبێت، بەڵكو چوونە تەنیشت یەكدیی دەوێت كە تیایدا هەموومان بە جیاوازییەكانمانەوە و بەیەك ئاراستەش جووڵە دەكەین، كە هەر ئەمەشیان پڕۆسەیەكی بەرهەمدارە، (پڕۆسە)یەكی درێژخایەن لە چوارچێوە و زەمینەیەكی هاوبەشدا كە نیشتمانە، (پڕۆژە)یەكی نیشتمانی بەرهەم دێنێت، بە مەرجێك بەردەوام ددان بە بوونی یەكدیدا بنێین و، لەسەر پێكەوەژیان بە جیاوازییەكانیشمانەوە، ڕۆژانە پڕۆڤە بكەین.

 

 

Top